Draw Media

مه‌ترسی ساخته‌كاری له‌ 134 هه‌زار كارتی ده‌نگدان له‌ كه‌ركوك هه‌یه‌‌

مه‌ترسی ساخته‌كاری له‌ 134 هه‌زار كارتی ده‌نگدان له‌ كه‌ركوك هه‌یه‌‌

2018-04-15 21:06:29


 ئامادەكردنی/ نیاز عەبدوڵا
حیزبه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كانی كه‌ركوك ترسیان هه‌یه‌ 134 هه‌زار كارتی ده‌نگدانی كاتی كه‌ بۆ ئاواره‌كانی حه‌ویجه‌ و ده‌وروبه‌ری له‌ لقی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان دروست كراوه‌، بۆ مه‌به‌ستی ده‌نگدانی ساخته‌ له‌ هه‌ڵبژرادنه‌كانی 12ی ئایاری 2018ی عێراق له‌و پارێزگایه‌ به‌كاربهێندرێت.
ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ له‌ شاری كه‌ركوك جگه‌ له‌ حیزبی پارتی دیموكرات و حیزبی نه‌وه‌ی نوێ كه‌ ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ نه‌بوون كۆی هێزه‌ سیاسییه‌كان ئاماده‌ی بوون، تا به‌یه‌كه‌وه‌ باس له‌ چۆنییه‌تی هاوكاریكردن و هاندانی به‌شداری هاووڵاتیان و رێگریكردن له‌ ساخته‌كاری بكه‌ن. له‌و باره‌یه‌وه‌ مامۆستا سه‌ڵاح ساڵه‌یی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی حیزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان له‌ كه‌ركوك كه‌ ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بوو، به‌ دره‌و میدیای وت "‌50%ی كه‌ركوكییه‌كان تا ئێستا كارتی بایۆمه‌تری هه‌ڵبژاردنیان نه‌كردووه‌، لقی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژرادنه‌كانی عێراق-یش 134 هه‌زار كارتی ده‌نگدانی كاتی بۆ ئاواره‌كانی حه‌ویجه‌ و ده‌روبه‌ری كردووه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س ئه‌و كارتانه‌ی وه‌رگرتبێته‌وه‌ و دابه‌شكرابێت‌، بۆیه‌ ئێمه‌ مه‌ترسیمان هه‌یه‌ ئه‌م كارتانه‌ له‌ پارێزگای كه‌ركوك له‌ناو شاری كه‌ركوك و حه‌ویجه‌ بۆ مه‌به‌ستی ساخته‌كاری له‌ لایه‌ن هێزه‌ سیاسییه‌ عه‌ره‌بییه‌كان به‌كاربهێندرێن".
سه‌ڵاح ساڵه‌یی ئه‌وه‌ی خسته‌ روو ئه‌و ژماره‌ كارته‌ ده‌توانێت سه‌نگ و قه‌باره‌ی ململانێكه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هێزه‌ سیاسییه‌ عه‌ره‌بییه‌كان له‌ كه‌ركوك یه‌كلا بكاته‌ و وتی " ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌ره‌ڕای هه‌وڵدان بۆ هاندان و به‌شداریكردنی زیاتری هاووڵاتیانی كه‌ركوك له‌ هه‌ڵبژاردن، مه‌به‌ستمان بوو لیژنه‌یه‌ك له‌ حیزبه‌كان پێكبهێنین تا له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژرادن له‌ كه‌ركوك كۆببێته‌وه‌ و به‌دواداچوون بۆ ئه‌و ژماره‌ كارته‌ كاتییه‌ی ده‌نگدان بكات بۆیه‌ ئه‌وه‌مان كرد و لیژنه‌كه‌مان پێكهێنا".
به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی حیزبی زه‌حمه‌تكێشان له‌ كه‌ركوك جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستی وه‌لانانی كێشه‌ ناوخۆییه‌كان له‌ نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان كرده‌وه‌ و ئاماده‌نه‌بوونی حیزبه‌كانی پارتی دیموكرات و نه‌وه‌ی نوێی به‌ بۆشایی لێكدایه‌وه له‌ دۆخی ئێستای سیاسی كه‌ركوك‌.

جگه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ بریاری به‌شداری نه‌كردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی له‌ پارێزگای كه‌ركوك داوه‌، ئه‌مڕۆ15ی نیسان حیزبه‌ كوردییه‌كانی كه‌ركوك بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنیان له‌و شاره‌ ده‌ستپێكرد.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand