هۆشیار زێباری: یەكێتی كێشەی ناوخۆیی و باڵباڵێنی هەیە
2019-05-30 08:05:14
درەو میدیا:
هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت" كێشەی یەكێتی كەركوك نیە بەڵكو كێشەی باڵە ناوخۆییەكانی یەكێتیە"
زێباری لە لێدوانێكدا بۆ دەنگی ئەمریكا باس لەوە دەكات"زۆر ئاراممان گرت، بەڵام ئەگەر یەكێتی هەر سوربوو لەسەر بەشداری نەكردن ئەوا پڕۆسەكە ڕاناوەستێت و بەردەوام دەبێت با ئەو لایەنانەی ئامادەن بەشداری لەحكومەتدا بكەن، دانراوە تا پێش كۆتایی مانگی شەش حكومەت پێكبهێنرێت "
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی باس لە رێككەوتنی نێوانیان دەكات كە " بەپێی ئەو ڕێككەوتنانەی لەنێوان ئێمە لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان هەمانبوو دەبوو هەموو لایەك ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان بن و دەنگ بدەن بەڵام جێگای سەرسوڕمان بوو وە سەرمان سوڕما بەڕاستی كە لە كۆتا ساتدا بڕیارێكی سیاسی هەبوو لەناو باڵەكانی یەكێتی كەبەشداری نەكەن، ئەمە ئاماژەیەكی باش نەبوو بەڕاستی خەڵكی كوردستان دوای ئەو چاوەڕوانیەی پێكهێنانی حكومەت وە لەمانگی یانزەوە وەك پارتی دانوستانمان كرد لەگەڵ لایەنەكان ڕێككەوتنی سیاسی-مان كرد ڕێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتمان كرد."
هۆشیار زێباری ئەوەشی وت" ئەم هەڵوێستەی یەكێتی كێشەی باڵەكانی ناو یەكێتیە كە ڕەنگە هەموو یەكێتیەكان نەبێت بەڵام هەریەك لەو باڵانە دەیانەوێت بەشی خۆی زیاتر بپچڕێت، ئەگەرنا كێشەی كەركوك نیە چونكە كەركوك بەتەنها ئێمە و یەكێتی ناتوانین چارەسەری بكەین بەڵكو لەكەركوك عەرەب و توركمان هەیە جگە لەوەی پەیوەندی بەحكومەتی عیراقیشەوە هەیە."