Draw Media

لیستە كوردییەكان لە كوێ‌ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنیان دەستپێكرد؟

لیستە كوردییەكان لە كوێ‌ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنیان دەستپێكرد؟

2018-04-15 14:40:34


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ – فازل حەمەڕەفعەت
رۆژێك دوای لیست و لایەنە عێراقییەكان، ئەمڕۆ لیستە كوردییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆیان دەستپێكرد.
هەر لیستێك بەپێی بۆچون و بەرژەوەندی هەڵبژاردنی خۆی لە شار و ناوچەیەكەوە هەڵمەتەكەی دەستپێكرد.
بزوتنەوەی گۆڕان 
بزوتنەوەی گۆڕان كە لە هەڵبژاردنی پێشوودا (9) كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێنا، هەڵمەتی بانگەشەی ئەمجارەی خۆی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دەستپێكرد.
دیاریكردنی هەولێر بۆ دەستپێكردنی بانگەشە لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە بێ ئامانج و مەغزا نەبوو، گۆڕان كە لەدوای رێگریكردن لە سەرۆكی پەرلەمان و دەركردنی وەزیرەكانی، ئامادەگییەكی لاوازی لە هەولێر هەبوو، بە راگەیاندنی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە هەولێر و سەردانی سەركردەكانی بزوتنەوەكە بۆ ئەو شارە، جارێكی تر گەڕایەوە پایتەخت.
قادری حاجی عەلی سەرپەرشتیاری هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە وتاری دەستپێكی كردنەوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا وتی: " هەولێر تەنیا هی حزب یان بنەماڵەیەك نییە، بۆیە ئێمە لێرەوە دەستمانپێكرد".
یەكێك لەو كەسانەی كە بەشداری مەراسیمی كردنەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان بوو لە هەولێر، یوسف محەمەد سادق سەرۆكی لیستی گۆڕان بوو لە سلێمانی، یوسف محەمەد كە  سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانە، لەدوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستانەوە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە رێگری لێكرا بچێتەوە بۆ هەولێر، ئەمە یەكەمجار بوو سەردانی هەولێر بكات، بەڵام ئەمجارەیان وەكو سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان نا، بەڵكو وەكو كاندیدێك بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی كرد.
هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری
هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات، ئەمڕۆ بەهەمان شێوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەولێرو لە هۆڵی (بابیلۆن) هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێكرد، بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە بەشداری مەراسیمەكەی كرد.
بڕیارە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری رۆژی چوار شەممە لە هۆڵی (تەلاری هونەر) لە سلێمانی مەراسیمێكی تری بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوەببات.
هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردن دەكات.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە لەم هەڵبژاردنەدا لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامیدا بە یەك لیست بەشداری دەكەن، بە ئامادەبوونی ئەمینداری گشتی ئێستای حزبەكە و ئەمینداری پێشوو هەروەها رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی لە هەولێر دەستپێكرد.
لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا یەكگرتووی ئیسلامی (4) كورسی بردەوە، بەڵام بزوتنەوەی ئیسلامی هیچ كورسییەكی بەدەستنەهێنا.
بەر لە دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، لەناو لایەنە ئیسلامییەكاندا هەوڵێك خرایەگەڕ بۆ دروستكردنی لیستێكی ئیسلامی، بەڵام هەوڵەكە شكستیهێنا.
سەرەڕای ئەوەی بزوتنەوەی ئیسلامی بە یەك لیست لەگەڵ یەكگرتوو دەچێتە هەڵبژاردنەوە، بەڵام لیستەكە هەر بە ناوی یەكگرتووی ئیسلامییەوەیە و كاندیدی بزوتنەوەی ئیسلامی لەناو لیستەكەدا هەیە. 
كۆمەڵی ئیسلامی
كۆمەڵی ئیسلامی بەر لە هەموو لیست و حزبە كوردییەكان لە كەركوك هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێكرد و عەلی باپیر ئەمیری حزبەكە بەشداری مەراسیمەكەی كرد.
كۆمەڵ لە كەركوك لیستی جیاوازی نییە و بە لیستێكی هاوبەش بەناوی " نیشتمان" لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بەشداری دەكات.
نەوی نوێ
لیستی نەوەی نوێ كە یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردن دەكات، ئاهەنگی دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی بردە دەڤەری راپەڕین و لە گوندی (قوڕەگۆ)ی نزیك لۆفەكانی گڵەزەردی نزیك رانیە.
سەرۆكی حزبەكە لە وتاری دەستپێكی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا رایگەیاند، بەمەبەست دەڤەری راپەڕینیان كردوەتە شوێنی دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشە، چونكە ئەم ناوچەیە سیمبوڵی راپەڕینە.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان
یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەراندا (21) كورسی بردەوە، تائێستا مەراسیمی گەورەی دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی نەكردووە، بەڵكو تەنیا پەیامێكی بڵاوكردوەتەوە و كاندیدەكانیشی دەستیان بە بانگەشە كردووە.
پارتی دیموكراتی كوردستان
پارتی دیموكراتی كوردستان كە مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات و لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەراندا (28) كورسی بەدەستهێنا، بەهەمان شێوەی یەكێتی نیشتیمانی تائێستا مەراسیمی گەورەی دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی نەكردووە، بەڵام بڕیارە رۆژی دوو شەممە بانگەشە دەستپێبكات.
هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 12ی ئایار بەڕێوەدەچێت، رۆژی 14ی مانگ لە عێراق و رۆژی 15ی مانگ لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد، بەپێی رێوشوێنەكانی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق 24 كاتژمێر بەر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان، هەڵمەتی بانگەشە رادەگیرێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand