بەشێك لە دەستگیركراوانی نەوەی نوێ ئازادكران
2019-05-28 20:06:12
درەو میدیا:
پاش نیوەڕۆی ئەمرۆ سێ لە دەستگیركراوانی نەوەی نوێ بەناوەكانی ( گمۆ محەمەد، میركۆ كەمال، زمناكۆ ئاكۆ) كە لەلایەن ئاساییشی سلێمانیەوە دەستگیركرابون ئازادكران و لە دوو رۆژی رابردوشدا (بنار حسێن ) برای شۆخانی هاوسەری شاسوار عەبدولواحید ئازاكراوە.
بەو پێیەش لە ئێستا (6) دەستگیركراوی دیكەی نەوەی نوێ لەگەڵ خودی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئازادنەكراون و چاوەڕەوان دەكرێت پێش جەژنی رەمەزان ئەوانی دیكەش بە كەفالەت ئازادبكرێن، بەپێی ئەو مادەیەی كە پێی دەستگیركراون.
رۆژی 26/5/2019 لە دادگای سلێمانی دانیشتێنكی دادگاییكردنی شاسوار عەبدولواحید و ئەندامە دەستگیركراوەكانی نەوەی نوێ و رۆژنامەنوسە سكاڵاكارەكان بەڕێوەچوو.
تا ئێستا ئەو كەیسەی كە شاسوار عەبدولواحید و ئەندامەكانی نەوەی نوێی لەسەر دەستگیركراوە، مادەی ( 2 )ە لە یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، بەپێی ئەو مادەیە ئەگەر تۆمەتەكەیان بەسەردا ساغبێتەوە، ئەوا بەیەكێك لەم شێوازانە سزادەدرێن:
- بۆ ماوەیەك بەند دەكرێن ( حبس ) كە لە ( 6 ) مانگ كەمتر نەبێت و لە ( 5 ) ساڵیش زیاتر نەبێت
- بە غەرامەیەك سزا دەدرێن كە لە (1000000) یەك ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە (5000000) پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت