یەكێتی: پارتی پابەند نییە بە رێكکەوتنەكانەوە
2019-05-28 08:54:29
درەو میدیا:
" هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبێ دەنگی فراكسیۆنی یەكێتی، پرسی بڕیاردان وشەرعییەت لە هەرێمی كوردستاندا دەخاتە بەردەم بارودۆخێكی نوێوە، هەروەك پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەخاتە بەردەم ئەگەرو پێشهاتی تازە، دەرنجام و لێكەوتەكانی ئەو سیاسەتە ناواقعییانە هەرچییەك بێت لە ئەستۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا نییە و ئۆباڵەكەی دەكەوێتە ئەستۆی لایەنی بەرامبەر"
ئەمە بەشێكە لە بەیاننامەی وتەبێژی رەسمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لە دوای كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی خوێندیەوە، لە ساتی خوێندنەوەی ئەو بەیاننامەیەدا لە پەرلەمانی كوردستان دەنگدان بۆ كاندیدەكانی سەرۆكی هەرێم كراو نێچیرڤان بارزانی بەدەنگی 68 پەرلەمانتاری ( پارتی، گۆڕان، پێكهاتەكان) بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرا.
بەیاننامەكەی یەكێتی روو لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات و هۆشداری دەدات " ئەو سیاسەتی پشتگوێ خستن و تاكڕەوییە ئاكامەكانی باش نابن " .
هەروەها بەیاننامەكەی یەكێتی ئۆباڵی جێبەجێنەكردنی رێکكەوتنەكان دەخاتە ئەستۆی پارتیو دەڵێت:" پارتی دیموكراتی كوردستان گرێ و گرفتی جددی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكانی لەگەڵ یەكێتیدا دروستكردووەو پابەند نییە پێیانەوە، بۆیە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بەشداری كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان ناكات"
دەقی بەیاننامەكەی وتەبێژی یەكێتی
وەك دەزانن لەماوەی رابوردودا دوای گفتوگۆیەكی درێژو چروپڕو چاوەڕوانییەكی زۆری خەڵك و گرتنەبەری هەموو رێگەیەك لەپێناو گەیشتنە رێككەوتنێكی گشتگیر بۆ چۆنییەتی كاركردن و داڕشتنی دیدگای هاوبەش لەبارەی پرسەكانی ناوخۆو عیراق و دەوروبەر، دوو رێككەوتنمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئیمزاكرد.
رێككەوتنێكیان بۆ چەسپاندنی پرەنسیپەكانی بەیەكەوە كاركردن و چارەسەركردنی گرفتە كەڵەكەبووەكانی ناوخۆو ئەوانەی پەیوەندی بەعیراق و پەیوەندییەكانی هەرێمەوە هەیە. رێككەوتنی دووەم لەبارەی چۆنییەتی دابەشكردنی جومگەكانی حكومڕانیی و فەراهەمكردنی جۆرێك لەهاوسەنگیی لەدەسەڵاتە جیاوازەكان. هەموو ئەمانە لەپێناو بەشداری راستەقینەی یەكێتی نیشتیمانی كورستان و لایەنە سیاسییەكانی حوكمڕانی و بڕیاردان بوون.
لەو رێككەوتنانەدا لەگەڵ پارتیدا مەبەستمان بوو هەماهەنگ بین و بەیەكەوە كاربكەین لەكوردستان بۆ پیكهینانی كابینەیەكی نوێی حكومەتی هەرێمی بەهێزو خاوەن بەرنامەی چاكسازیی و سەقامگیر. بیروباوەری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و ئیستحقاقی گەلەكەشمان وایدەخواست كە بەیەكەوە كاربكەین لەبەغدا و بەرنامەیەكی هاوبەشمان هەبێت بۆ چارەسەركردنی گرفتە چارەسەرنەكراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا. هەر لەو رێككەوتنەدا كەركوكمان كردە سەنتەر بۆ چارەسەركردنی بەشێك لەكێشەو گرفتەكانی ناوچە دابڕاوەكان، مەبەستمان بوو پارێزگارێكی كورد لەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لەئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێرین و لانیكەم رێگەبگرین لە هەوڵی پەلاماردان و تەعریبكردنی ناوچە دابڕێنراوەكان و رێگربین لەهەوڵی جیبەجێكردنی سیاسەتی شۆڤێنیانەی هەندێك لایەنی عیراقیی.
بە بروای ئێمە حكومەت تەنها پێكهێنانی كابینە نییە، بەڵكو دەسەڵاتێكی دوانەیە ئەویش سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە. بڕیارە ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام دوای ئەو هەموو دواكەوتنەو پشودریژییەی خەلك و یەكیتی نیشتیمانی كوردستان و دوو رێككەوتنی یەك لەدوای یەك، هەتا ئیستاهیچ هەنگاوێك بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان لەلایەنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نەك نابیرێن، بەڵكو هەرجارەی گرفتیك بۆ پرسی دانانی پاریزگاری كەركوك لە پشكی یەكیتی،(وەك رێككەوتبوین لەسەری)،دروست دەكەن،
لەم سۆنگەیەوە بەرای گشتی كوردستان رادەگەیەنین،كە ئەو سیاسەتی پشتگوێ خستن و تاكرەوییە ئاكامەكانی باش نابن و ئێمە وەك یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەهەموو ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ پارتی كردمان، گرفتمان دابەشكردنی پۆست و بەركەوتەی هەڵبژاردن نەبوو، بەڵكو پرسی بەیەكەوە كاركردن و شەراكەتی راستەقینەو خزمەتكردنی هاوڵاتیان و پرسی دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك بۆخزمەتی خەلكی ستەمدیدەو بەشەرەفی ئەو پاریزگایە لەئەولەویەتی ئەجێندای گفتوگۆی ئێمەدا بوو، دەمانویست یەیەك تیم لەحكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا بەیەكەوە كاربكەین، بەڵام مەخابن ئەمڕۆ بەئێوەی رادەگەینین كە پارتی دیموكراتی كوردستان گرێ و گرفتی جددی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكانی لەگەڵ یەكێتیدا دروستكردووەو پابەند نییە پێیانەوە، بۆیە فراكسێۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان بەشداری كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان ناكا.
هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمیش بەبێ دەنگی فراكسێۆنی یەكێتی، پرسی بڕیاردان وشەرعییەت لەهەرێمی كوردستان دا دەخاتە بەردەم بارودۆخێكی نوێوە، هەروەك پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەخاتە بەردەم ئەگەروپیشهاتی تازە، دەرنجام و لێكەوتەكانی ئەو سیاسەتە ناواقعییانە هەرچییەك بێت لەئەستۆی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دا نییە وئۆباڵەكەی دەكەوێتە ئەستۆی لایەنی بەرامبەر.
وتەبیژی یەكیتی نیشتیمانی كوردستان