Draw Media

فوئاد حسێن لەناو فڕۆكەدا عەبدولمەهدی ئاگاداركردووە

فوئاد حسێن لەناو فڕۆكەدا عەبدولمەهدی ئاگاداركردووە

2019-05-26 15:06:52


 (درەو میدیا):
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رەتیدەكاتەوە لەسەر داوای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستوەردانی كردبێت بۆ ئازادكردنی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك لە لوبنان.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، سەرەتا فوئاد حسێن وەزیری دارایی لەناو فڕۆكەدا عادل عەدبولمەهدی ئاگاداركردووە لە هەواڵی دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم لە بەیروت.
دەقی بەیاننامەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق:
سەرۆك وەزیران بەهیچ شێوەیەك دەستوەردانی لە بابەتی ئازادكردنی پارێزگاری پێشووی كەركوكدا نەكردووە
هەندێك لە دەزگاكانی راگەیاندن‌و كەناڵی ئاسمانیی ناسراو و سیاسەتمەداران بانگەشەی ئەوە دەكەن گوایە بەڕێز سەرۆك وەزیران دەستوەردانی كردووە بۆ ئازادكردنی بەڕێز نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك كە لە بەیروت لەلایەن ئینتەرپول دەستگیركراوە. دەستوەردانەكەی بەڕێز سەرۆك وەزیران وەكو وەڵامدانەوە بووە بۆ داواكاری بەڕێز مەسعود بارزانی، دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەنێوانیان، ئەمە وەكو ئەوەی بڵاودەكرێتەوە.
ئێمە بەتەواوەتی رەتیدەكەینەوە هیچ جۆرە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەنێوان بەڕێز سەرۆك وەزیران‌و بەڕێز مەسعود بارزانی رویدابێت لەبارەی ئەو بابەتەوە، چ بەشێوەی راستەوخۆ، چ بەشێوەی نێوەندگیری. جەخت دەكەینەوە كە بەڕێز سەرۆك وەزیران ئاگادارنەكراوە لە دەستگیركردنی پارێزگاری پێشووی كەركوك تاوەكو ئازادكردنی لە رۆژی دواتردا. وە هەرگیز دەستوەردانی لە بابەتەكەدا نەكردووە. بەڕێز فوئاد حسێن وەزیری دارایی ئاگاداری كردووە لەناو فڕۆكەدا لەكاتی گەشتەكەیان لەچوارچێوەی وەفدێكی فەرمیدا بۆ كوەیت لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 22ی مانگی ئایاری ئێستا، لەروداوەكە ئاگاداری كردووە.
لەوكاتەدا بەڕێز سەرۆك وەزیران فەرمانیداوە بە كردنەوەی دۆسیەی لێكۆڵینەوەی فەرمی لەبارەی ئەوەی رودەدات بەمەستی وەرگرتنی هەڵوێستی بەرپرسانەی گونجاو.
ئەركی سیاسەتمەدار هەروەكو ئەركی راگەیاندنكار، وردبینیكردنە لە واقیع‌و راستییەكان بەر لە لێدوان‌و قسەی نابەرپرسانە یاخود خستنەڕووی زانیاری چەواشەكارانە بۆ شێواندنی راستییەكان‌و دەستدرێژیكردن بۆسەر دامەزراوەكانی دەوڵەت‌و كەسایەتییەكانی‌و هاوڵاتیان. 
پێویستە لەسەر سیاسەتمەداران‌و راگەیاندنكاران بەدوای راستییەكاندا بچن‌و وردبینی بكەن بەرلەوەی حوكم بدەن، لەو زانیارییانە وردببنەوە كە پێیان دەگات، گۆڕەپانەكە پڕبووە لە دزەكردنی زانیار‌و چەواشەكاری كە تەنیا ئامانج لێیان دروستكردنی فیتنەیە نەك شتی تر، لەلای خوداش "فیتنە قورسترە لە كوشتن""فیتنە گەورەترە لە كوشتن".
داوا لە سیاسەتمەدار‌و راگەیاندنكارانە دەكەین كە ئەم قسەوباسە ناڕاستەیان بڵاوكردوەتەوە، رەتی بكەنەوە‌و راستییەكە وەكو ئەوەی كە هەیە بۆ رایگشتی بڵاوبكەنەوە.
سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران پارێزگاری لە مافی خۆی دەكات بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی‌و دادوەری، ئەگەر ئەو بانگەشە درۆینانە رەتنەكرێنەوە‌و راستییەكان بۆ رایگشتی بەشێوەیەكی گونجاو رون نەكرێنەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران
26-ئایار-2019

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand