كاندیدێك بەر لە دەستپێكردنی بانگەشە كۆچی دواییكرد
2018-04-14 12:18:54
كاندیدێكی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەر لەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستپێبكات، بە روداوی هاتوچۆ كۆچی دواییكرد.
محەمەد جەمیل مەیاحی وتەبێژی لیستی رەوتی حیكمە كە عەممار حەكیم سەرۆكاتی دەكات لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، هادی عەقابی كاندیدی رەوتەكەیان لە واست، بەهۆی روداوێكی هاتوچۆوە لەكاتی رۆیشتنی بۆ بەغداد بەمەبەستی بەشداریكردن لە راگەیاندنی كەمپەینی هەڵبژاردنی لیستەكە، كۆچی دواییكردووە.
ئەمڕۆ بەشێوەیەكی فەرمی رەوتی حیكمە هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆی دەستپێكرد، لیستی حیكمە لە (16) پارێزگای عێراق كاندیدی هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، لە شاری سلێمانی لیستەكەی حەكیم (16) كاندیدی هەیە.
رەوتی حیكمە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەی بە ناونیشانی "شەپۆلی شین" بەڕێوەدەبات و وەكو خۆی دەڵێ شارەكان لە شێواندنی و دانانی هەڕەمەكی پۆستەرەكانی هەڵبژاردن دەپارێزێت.
رەوتی حیكمە كە دوای جیابونەوەی لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردن دەكات، بڕیاریداوە هیچ پۆستەرێك لەسەر دیوارەكان هەڵنەواسێت، ئەمەش بەڕای هەندێك لە چاودێران سەرچڵییەكی هەڵبژاردنە كە رەنگە بە زیان بۆ لیستەكە كۆتایی بێت.