"پارێزگاری كەركوك لەگەڵ كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم هەڵنابژێردرێت"
2019-05-07 19:14:16
درەو میدیا:
كەمال كەركوكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت كە " پارێزگاری كەركوك یەكێتی نابێت و پارتیش نابێت، رەتیشی دەكاتەوە حیزبەكەی لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا رێككەوتنی هەبێت لەسەر هەوڵدان بۆ دانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك هاوكات لەگەڵ راسپاردنی مەسرور بارزانیدا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم"
كەمال كەركوكی بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە"دەبێت كەسایەتیەكی نیشتیمان پەروەری كوردی كەركوك بكرێتە پارێزگار، نە یەكێتی بێت و نە پارتیش بێت، تا كار بۆ هەموو كەركوكیەكان بكات نەك لایەنێكی سیاسی دیاریكراو."
جەختیش دەكاتەوە " ئەوەندەی من بزانم پارێزگاری داهاتوو كەسێكی نیشتیمان پەروەر دەبێت، بەڵام هێشتا كەسیش دیاری نەكراوە و زووە بۆ یەكلایی كردنەوەی ئەو بابەتە."
سەبارەت بەو كاتەی كە بەلای پارتی یەوە گونجاوە بۆ هەوڵدان بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك، كەمال كەركوكی دەڵێت"دەبێت كەركوك ئاسایی بكرێتەوە، پێشمەرگە و سوپا لەدەرەوەی شار جێگیربن و ژورێكی هەماهەنگیان هەبێت، كەركوك رادەستی پۆلیسی ناوخۆیی بكرێت، بارەگاكانی پارتی دیموكرات و پارتی گەلی توركمان رادەست بكرێنەوە، پاشان ئەنجومەن دەست بەكارببێتەوە."
جەختكردنەوەی بەرپرسەكەی پارتی لەسەر دانانی پارێزگارێكی بێ لایەن بۆ كەركوك و رەتكردنەوەی بەستنەوەی مەسەلەی پارێزگار بە دەست بەكاربوونی مەسرور بارزانیەوە، لەكاتێكدایە پێشتر رزگار عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندبوو"بەپێی رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی، لەگەڵ راسپاردنی مەسرور بارزانی دا، هەوڵی وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار دەدرێت و پۆستەكە بۆ یەكێتی دەبێت."
پێشتر یەكێتی پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی بەستبوەوە بە چارەسەری كێشەی پارێزگاری كەركوك و وەزیرەكەیان لەبەغداد، بەڵام دواتر مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسوڵً رێككەوتن كە خۆیان پێكەوە مەسەلەی پارێزگاری كەركوك یەكلا بكەنەوە .