" داوا لە هیچ كەس و دامەزراوەیەكی گۆڕان ناكەم لەسەر من بێنە دەنگ"
2019-05-07 06:50:02
درەو میدیا:
دەرباز محەمەد وەزیری پێشوی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایدەگەیەنێت كە" ئەوكات و ئێستاش داوا لە هیچ كەس و دامەزراوەیەكی گۆڕان ناكەم لەسەر من بێنە دەنگ و فەرموون بڕۆن یەك دێڕ لەسەر خراپیی ئەدای من بدۆزنەوە"
لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ رووداو لەبارەی نوسینێكی عەبدولرەزاق شەریف كە وتبووی گۆڕان چاوپۆشی لێكردووە كاتێك تۆمەتبار كراوە بە خراپ بەڕێوەبردنی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران؟ دەربازی محەمەد دەڵێت" ئەوە بابەتێكی سیاسی و هەم كەسییە و بابەتەكە پەیوەندی بەڕاست و هەڵە و دادپەروەریەوە نییە. هەركەس لەو برادەرانەی لەناو جڤاتن یان لە دەرەوەی جڤاتن، ئەگەر مەلەفێكیان لەبەردەستە، ئەوە ژووری یاسایی گۆڕانمان هەیە و سكاڵا وەردەگرێ، بۆ نەچوون سكاڵا بكەن. ئینجا لە ماوەی ئەو دوو ساڵە بۆ بێدەنگ بووە و ئێستا قسە دەكات؟ دیسان كام بەڵگەیەی هەیە؟
وەزیری پێشووی كۆچ و كۆچبەران لەپشكی گۆڕان ئەوەش دەخاتەرووكە" هەموو رۆژێك دەڕۆیشتم. لە عێراق سێ دەزگای چاودێری هەیە و هەرسێ لەوانە برای باوكم نین، بۆچی هیچكام لەو دەزگایانە شتێكیان نەگوت؟ فەرموون بڕۆن یەك دێڕ لەسەر خراپیی ئەدای من بدۆزنەوە. ئینجا هەتاوەكو من نەبوومە ئەندامی لێژنەی دیاریكردنی بەربژێرەكانی گۆڕان كەس باسی ئەمەی نەكرد. من وەزیر بووم و رەنگە باشتر بزانم كێ بۆ ئەوە دەشێ بكرێتە وەزیر و توانای باشتری هەیە. ئەوەش لەبەر خاتری خزمەتكردنی گۆڕان دەكەم"
سەبارەت بەو داوایانەی عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری عێراق داوای كردبوو وەزیری كۆچ بانگهێشت بكرێ بۆ پەرلەمان؟ دەرباز محەممەد دەڵێت" بەڵێ. ئەوكات و ئێستاش، داوا لە هیچ كەس و دامەزراوەیەكی گۆڕان ناكەم لەسەر من بێنە دەنگ. من بۆ خۆم لە 16ی شوباتی 2016 كە ئەو گفتوگۆیە هەبوو، ئەو فایلەم كۆپی كردووە و داومەتە ژووری حكومەت و پەرلەمانی گۆڕان و گوتوومە كاكە رەنگە ئێوە دەستتان پێی نەگات، ئەوە فایلی منە و لێكۆڵینەوەی تێدا بكەن"
سەبارەت بەوەی كە عەبدولڕەزاق شەریف دەڵێ ئارام محەممەد، جێگری پێشووی سەرۆكی پەرلەمان بە رێكخەری گشتی گوتووە حاڵەتێكی وا هەیە و با مشووری بخۆین؟
وەزیری پێشووی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دەڵێت" كاك ئارام خوێندنەوەی خۆی بووە بۆ دۆخەكە. تێگەیشتنی من نەبووە و داوای ئەوەم نەكردووە و پێمنەگوتوون وەرن چارەیەكی بكەن. دواتر گۆڕان وەڵامی دامەوە كە ئەو فایلانە شایانی ئەوە نین لەوە زۆرتر خۆمانی پێوە سەرقاڵ بكەین"