Draw Media

ناكۆكییەكان كۆتاییان نەهاتووە

ناكۆكییەكان كۆتاییان نەهاتووە

2019-05-06 14:41:38


راپۆرت: محەمەد رەئوف– نامیق رەسوڵ 
هێشتا ناكۆكییەكان لەسەر پرسی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆتاییان نەهاتووە، پارتی گۆڕان و یەكێتی كردووە بە ( كوڕی سێو لە باخەڵ) بەڵێنی جێگرە سەربازییەكەی بە هەردووكیان داوە، گۆڕان دەڵێت پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی بۆ ئێمەیەو یەكێتیش دەڵێت بەپێی رێككەوتنیان لەگەڵ پارتی, پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی بۆ یەكێتی دەبێت.

چارەسەر لای نێچیرڤان بارزانیە
رۆژی یەكشەممە وەفدی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، دوای ناكۆكییەكی زۆر وەفدی پارتی بە گیرفانی پڕەوە گەڕایەوەو یەكێتی و گۆڕانیشی رازی كرد، هەردوولایان دەڵێن نێچیرڤان بارزانی بەڵێنی جێگرە سەربازیەكەی سەرۆكی هەرێمی پێداون، بەو پێیەش ئەو پۆستە تا ئێستا بە ناڕونی ماوەتەوە‌و نازانرێت بەر یەكێتی دەكەوێت یان گۆڕان؟.
چارەسەری ئەو ناكۆكییە دواجار دەچێتەوە بەردەستی نێچیرڤان بارزانی، بەو پێیەی بڕیارە رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوەو دەنگ لەسەر یاسای هەمواری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بدات‌و ئەو بڕگەیەشی تایبەتە بە جێگری سەرۆكی هەرێم، لە خوێندنەوەی دووەمی هەموارەكەدا یەك پێشنیاز هەبووە،  ئەویش پێشنیازەكەی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی بووە كە داوادەكات:" سەرۆكی هەرێم دوو جێگری هەبێت‌و ناونیشان‌و دەسەڵاتیان لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بە پەیڕەوێك كە لە ماوەی 15ی رۆژ لە بەرواری سوێندخواردنی دەردەچێت، دیاریبكرێت".
هەر ئەم پێشنیازە هەیەو دەخرێتە دەنگدانەوە لە كۆبونەوەی رۆژی چوارشەممەدا كە وەك لە دەقەكەیدا هاتووە ناونیشان و دەسەڵاتیان لای سەرۆكی هەرێم ( نێچیرڤان بارزانی) دەبێت.
هەموو ئەگەرەكان بەو ئاراستەیەن كە نێچیرڤان بارزانی ئەو ناونیشانە یەكلاناكاتەوە، بەڵام لەرووی پراكتیكیەوە جێگرەكەی یەكێتی ناونیشانی جێگری سەرۆكی هەرێمی دەبێت بۆ كاروباری سەربازی بەو پێیەی یەكێتی خاوەنی هێزی چەكدار‌و یەكەی 70 ی هێزی پێشمەرگەیە.
رەنگە بەشێك لە ململانێكان لەسەر پۆستی جێگرە سەربازییەكەی سەرۆكی هەرێم پەیوەندی بەو بڕە پارەیەشەوە هەبێت كە مانگانە جێگری سەرۆكی هەرێم وەریدەگرێت.
 فەرماندەیەكی باڵای یەكێتی بە ( درەو میدیا) ی راگەیاند:" جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی سەرەڕای موچەكەی، مانگانە 412 ملیۆن دینار وەردەگرێت بۆ خەرجی و لە دەرەوەی چاودێری دارایی دەبێت، ئەو بڕە پارەیە بۆ جێگری سەرۆكی هەرێمە بۆ كاروباری سەربازی، چونكە ئەو جێگرە فەوجێكی سەربازیشی دەبێت، بەڵام نازانرێت جێگرەكەی دیكەشی ئەو بڕە پارەیەی دەبێت یاخود نا؟".
سەرەرای ئەوەی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی، دەبێتە " جێگری فەرماندەیی گشتی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان" كە رەنگە جێگرەكەی دیكەی ئەو ناونیشانەی لە بوارەكەی خۆیدا نەبێت.

لەبارەی پۆستی جێگری سەرۆكەوە
پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری سەربازی، لە سەرەتای دانانی یاسای سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە, ساڵی 2005دا جێگیركراوە، لەماوەی 14 ساڵی رابردوودا، ئەم پۆستە لای یەكێتی بووەو (كۆسرەت رەسوڵ عەلی) لەو پۆستەدا بووە.
بەپێی یاسای ژمارە (1) ساڵی 2005ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی هەرێم جێگرێكی دەبێت بۆ كاروباری هێزی پێشمەگە، لە بڕگەی دووەمی مادەی 13ی یاساكەدا هاتووە" سەرۆكی هەرێم جێگرێك بۆ فەرمانداری گشتی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان- عێراق دادەمەزرێنێ، تا لە ئەرك‌و فەرمانەكانیدا لەمڕوەوە یاریدەی بداو لە دیارنەبوونیدا جێگای بگرێتەوە". 
ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بەپێی رێككەوتنێك دەستبەرداری ئەو پۆستە ببێت، ئەم مادەیەی یاساكە وەك خۆی دەمێنێتەوەو سەرۆكی هەرێم یەك جێگری دەبێت، بەڵام ئەگەر قایل بێت بەوەی جێگرێكی تر بۆ سەرۆكی هەرێم زیادبكرێت، دەبێت گۆڕانكاری لە بڕگە یاساییەكەدا بكرێت، هاوشێوەی ئەو دەقە پێشنیازكراوەی كە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمان پێشكەشیكردووە‌و دەڵێ:" سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت، كە ناونیشان‌و دەسەڵاتیان لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بە پەیڕەوێك كە لەماوەی 15ی رۆژ لەبەرواری سوێندخواردنی دەردەچێت، دیاری دەكرێت".

ئیمتیازەكانی جێگری سەرۆك
ئەو پۆستەی كە ئێستا پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی ئیفلیجكردووە، لەڕووی داراییەوە هەندێك ئیمتیازی هەیە.
یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2010ی پەرلەمانی كوردستان موچە‌و دەرماڵەی سەرۆكی هەرێم‌و جێگرەكەی‌‌و بڕی موچەی خانەنشینی بەمشێوەیە دیاریكردووە:
•    موچەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم (13 ملیۆن) دینارە.
•    دەرماڵەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم بەڕێژەی 50%ی موچەی مانگانەكەیەتی، كە دەكاتە (6 ملیۆن و 500 هەزار) دینار.
•    كۆی موچە‌و دەرماڵەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم (19 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینارە.
•    جێگری سەرۆكی هەرێم بەرێژەی 80%ی كۆی موچە‌و دەرماڵەكەی خانەنشین دەبێت، كە دەكاتە (15 ملیۆن‌و 600 هەزار) دینار.
بە گوێرەی هەمان یاسا، پاش تەواوبوونی ئەركی سەرۆك، یان جێگرەكەی، حكومەت هەموو پێداویستییەكانی (نیشتەجێبوون، پارێزگاریكردن، گواستنەوەی گونجاو، ئیمتیازاتی تر)یان بۆ دابیندەكات.
بۆ یەكەمجار ساڵی 2005 سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرا، لەو كاتەوە تائێستا تەنها مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بووە‌و كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری بووە، ئێستا‌و دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە، مەسعود بارزانی بە (18 ملیۆن دینار)ی مانگانە خانەنشین دەبێت، كۆسرەت رەسوڵ عەلیش بە (15 ملیۆن‌و 600 دینار) خانەنشین دەبێت، هەرچەندە كۆسرەت رەسوڵ پێشتر ماوەیەك سەرۆكی حكومەتیش بووە.

جێگر لە پرۆژە یاساكاندا 
پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لە پرۆژە یاساكانی 2015 و 2019ی لایەنە سیاسییەكاندا بەدیاریكراویش بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی، بە بەراورد بە پرۆژەی ئێستا هەردوو لایەنەكە زۆر جیاوازو ناكۆكە. 
لە ساڵی 2015دا، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی كۆتایی تەمەنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعود بارزانی)، زۆربەی لایەنەكان پرۆژە یاسایان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشكرد (ئەو پرۆژە یاسایانە هێشتا لە سایتی فەرمی پەرلەماندا ماون).
ئەوكات بزوتنەوەی گۆڕان، یەكێتی نیشتمانی، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، ژمارەیەك پەرلەمانتار، پرۆژەی تایبەتی خۆیان هەبوو، پرۆژەی یەكێتی‌و گۆڕان لەبارەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی بەدیاریكراویش لەسەر پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كە ئێستا كێشەی دروستكردووە، زۆر جیاوازە لەگەڵ پرۆژەی ئێستای ئەو دوو لایەنە، لەوانە:
• لە پرۆژە یاساكەی فراكسیۆنی گۆڕاندا لە 2015، داواكراوە سەرۆكی هەرێم دوو جێگری هەبێت، لە مادەی دووەمی بڕگەی دووەمی پرۆژەكەی گۆڕاندا هاتووە" سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت، كە هاوكاریی دەكەن لە راپەڕاندنی ئەركەكانیداو لەكاتی ئامادەنەبوونیدا جێگەی دەگرنەوە، بەپێی ریزبەندییان. بەڵام لە پرۆژە یاساكەی فراكسیۆنی (یەكێتی‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتووو ژمارەیەك پەرلەمانتار)دا، داواكراوە سەرۆكی هەرێم تەنها جێگرێكی هەبێت، ئێستا ئەمە بەتەواوەتی پێچەوانە بووەتەوە، گۆڕان داوا دەكات سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەبێت‌و یەكێتی داوا دەكات دوو جێگری هەبێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand