كورد لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ناكۆكە
2018-04-14 12:15:25
ئامادەكردنی: فازل حەمەڕەفعەت
رۆژنامەیەكی قەتەری باس لە بوونی ململانێیەكی توند دەكات لەنێوان لایەنە كوردییەكاندا لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق، كە بەپێی ئەو دابەشكارییە تائیفییەی كە لە عێراقی دوای سەددامدا هەیە، ئەو پۆستە بووە بە پشكی كورد.
رۆژنامەی (عەرەبی جەدید) لە زاری سەرچاوەیەكی سیاسییەوە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان نوسیویەتی" حزبەكانی هەرێمی كوردستان بڕیاریانداوە بەشێوەی سەربەخۆ بچنە ناو هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقەوە، هەر حزبێك ئەو پۆستە بەدەستدەهێنێت كە لەگەڵ قەبارەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی عێراقدا دەگونجێت.
سەرچاوەكەی بزوتنەوەی گۆڕان كە ناوی خۆی ئاشكرانەكردووە بە رۆژنامە قەتەرییەكەی وتووە: هەندێك حزبی كوردی وەكو بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ باوەڕیان بەو دابەشكارییەی پۆستەكان نییە كە پێشتر لەنێوان حزبە كوردییەكاندا هەبووە.. زۆرینەی لایەنە كوردییەكان تائێستا رێكنەكەوتون لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بێت وەكو ئەوەی ساڵانی پێشوو هەبووە، زۆرێك لە پۆستەكانی تر كە لە بەغداد بۆ كورد دانراون تائێستا لەناو ماڵی كورددا رێككەوتنیان لەسەر نەكراوە.
هەمان سەرچاوە ئاماژەیبەوەكردووە، ساڵی 2014 كورد بە یەك هاوپەیمانێتی چوەتە بەغداد، ئەمە وایكردووە دابەشكردنی پۆستەكان ئاسان بێت، بەڵام ئەمڕۆ حزبە كوردییەكان بەشێوەی سەربەخۆ چونەتە هەڵبژاردنەوە، بۆیە ململانێیەكی گەورە لەوبارەیەوە لەنێوانیادا هەیە.
سەعدی ئەحمەد پیرە : قسەكردن لەبارەی پێدانی پۆستی سەرۆك كۆمار و پارێزگاری كەركوك بە كەسانێك لە دەرەوەی یەكێتی تەنیا خەونێكە كە بەدی نایەت، ئەو دوو پۆستە پشكی یەكێتین
لەبەرامبەردا رۆژنامەكە قسەیەكی سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی گواستوەتەوە كە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دەڵێ: قسەكردن لەبارەی پێدانی پۆستی سەرۆك كۆمار و پارێزگاری كەركوك بە كەسانێك لە دەرەوەی یەكێتی تەنیا خەونێكە كە بەدی نایەت، ئەو دوو پۆستە پشكی یەكێتین.
لەدوای روخانی رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی 2003، بەپێی تەواقوقێكی سیاسی پۆستە باڵاكانی عێراق بەمشێوەیە بەسەر پێكهاتەكاندا دابەشكران و لەوكاتەوە تائێستا كار بەو تەوافوقە نەنوسراوە دەكرێت:
• پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق/ كورد
• پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق/ شیعە
• پۆستی سەرۆكی پەرلەمان/ سوننە
جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكەمین كورد بوو كە بەپێی رێككەوتنێكی ناوخۆیی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماوەی دوو خول وەكو یەكەمین كورد لە عێراق پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی وەرگرت، خولی سێیەمی سەرۆكایەتی كۆماریش دوای روخانی سەددام درا بە فوئاد مەعسوم كە بەهەمان شێوە سەربە یەكێتی نیشتمانییە.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەپێی رێككەوتنێك لەگەڵ پارتی، لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی وەرگرت، ئێستا مەسعود بارزانی هەمان وادەی سەرۆكایەتییەكەی تەواوبووە و لە پۆستەكەیدا نەماوە.
ململانێی لایەنە كوردییەكان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق لە كاتێكدایە لە ناوەندی سیاسی عێراقدا باس لە ئاڵوگۆڕكردنی پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار و سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكرێت لەنێوان كورد و سوننەدا.
هەندێك لە سەركردە سیاسییەكانی پێكهاتەی سوننە داوای پۆستی سەرۆك كۆمار دەكەن و خوازیارن ئەو پۆستە بۆ عەرەبێكی سوننە بێت بەوپێیەی ئەو پۆستە گوزارشت لە رەهەندە عەرەبییەكەی عێراق دەكات، لە ناوەندی سیاسی كوردستانیشدا هەندێك كەس باس لەوە دەكەن پۆستی سەرۆك كۆمار بەوپێیەی پۆستێكی تەشریفاتییە هیچ سودێكی بۆ كورد نەبووە و كورد لە بری ئەوە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت باشترە.
بەڵام مەرج نییە هەموو سوننەكان بەوە قایل بن دەستی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان هەڵگرن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئوسامە نوجێفی سەرۆكی هاوپەیمانی (بڕیار- القرار) كە یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی سوننە لە عێراق و ئێستا جێگری سەرۆك كۆمارە لە چەند رۆژی رابردوودا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت وتی: سوننە پۆستی سەرۆك كۆماری ناوێت ئەگەر هەیبەتێك بەو پۆستە نەدرێت و دەسەڵاتی نەبێت.
یەكێك لەو خاڵانەی كە نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان لەكاتی جیابونەوەی لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەردەوام جەختی لەسەر دەكرد، رێككەوتنی نێوان یەكێتی نیشتمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بوون لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی هەرێمی كوردستان و بەغداد.
نەوشیروان مستەفا دەیوت، مام جەلال بەو رێككەوتنەی كە لەگەڵ پارتی كردووەیەتی، لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، پۆستی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و ژمارەیەكی تری لە پۆستە گرنگەكانی هەرێم بەخشیوە بە پارتی، بەبۆچونی ئەو ئەوە رێككەوتنێكی لاسەنگ بووە كە لەنێوان یەكێتی و پارتیدا كراوە.
لەبەرامبەردا جەلال تاڵەبانی و سەركردەكانی یەكێتی بەرگرییان لە "رێككەوتنی ستراتیژی" و رێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكان دەكرد و وەك زامنی پاراستنی یەكڕیزی كورد و كۆتاییهێنان بە دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ ناویان دەهێنا.
لەدوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی و كۆتاییهاتنی خولی دووەمی سەرۆكایەتییەكەی لە بەغداد و دابەزینی یەكێتی نیشتمانی بە یەك لیست لە هەڵبژاردنەكان، قسەوباس لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی ستراتیژی هاتەئاراوە، ئێستا زۆرێك لە سەركردەكانی هەردوو حزب باوەڕی تەواویان بەوە هێناوە "رێككەوتنی ستراتیژی" تەواوبووە، تەنانەت بەمدواییانەش هەندێك لە سەركردەكانی هەردوولا باسیان لە نوسینەوەی رێككەوتنێكی نوێ یاخود هەمواركردنی رێككەوتنە كۆنەكە دەكرد، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێك لەو بوارەدا نەنراوە و هەموو پرسەكان بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.