Draw Media

دوای هەشت ساڵ یەكەم پەیامی ئۆجەلان بڵاوكرایەوە 

دوای هەشت ساڵ یەكەم پەیامی ئۆجەلان بڵاوكرایەوە 

2019-05-06 13:24:06


درەو میدیا: 
عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە رێگەی پارێزەرەكانیەوە  بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە و دەڵێت، " ئێمە بڕوامان وایە كە دەبێت هێزەكانی سوریای دیموكرات لە چوارچێوەی خاك و دەستوری سوریادا هەوڵبدەن لە روانگەیەكی دیموكراتیەوە بگەن بە ئامانجەكانیان و خۆیان لە شەڕ و پێكدادان بەدور بگرن، هەر لەو چوارچێوەیەدا بە هەستیاریەوە لەگەڵ توركیا مامەڵە بكەن".
لە پەیامەكەی ئۆجەلاندا هاتووە، "سوپاس و پێزانین و رێز بۆ هەموو ئەو هەڤاڵانە دەنێرم كە لە زیندانەكاندا هاوخەمیان كردوە، داواكارم هیچ هەنگاوێك نەنێن كە مەترسی بێت بۆ سەر تەندروستی و ژیانیان، چونكە بۆ ئێمە تەندروست بونی بیر و هۆش و رۆحیان لەسەروی هەمو شتێكەوەیە".

دەقی پەیامەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان:

سەرەتا پێویستە بزاندرێت كە ئەم دەقە نە دەقێكی دانوستاندنە و نە دەقێكی سازانە. بە رایگشتی رادەگەیێنم كە ئەم دۆخەی ئێستا پێیدا تێپەڕدەبین پێویستی بە سازانە. بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە جەخت لەسەركردنەوە دەبێ دووربین لە هەر جۆرە جەمسەرگیرییەك و پێویستمان بە دانوستاندنێكی دیموكراسیانەیە. 

دەتوانین كێشەكانی توركیا و ناوچەكە بە ئارامی چارەسەر بكەین، واتا بە عەقڵ و سیاسەت و هێزی كولتووری نەوەك بە شەڕ و بەكارهێنانی تووندووتیژیی فیزیكی. لەو باوەڕەداین لە چوارچێوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات كێشەكانی سووریا بە شێوەیەك كە دووربێت لە فەرهەنگی پێكدادان، هەروەها لە چوارچێوەی یەكێتیی سووریا و بە گرێنتیكرانی دەستووری سووریا، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخ و پێگەی هەنووكەیی و بە شێوەیەكی دیموكراسی گەیشتن بە چارەسەر بكرێتە ئامانج. لەم نێوەندەدا پێویستە هەستیاریی توركیا لەبەرچاو بگیردرێت. 

لەگەڵ رێزگرتن لە خەباتی هەڤاڵان لە گرتووخانەكاندا، دەمانەوێ بە گرنگییەوە جەخت لەسەر ئەوە بكەینەوە كە نابێت زیان بە تەندروستییان بگەیەنن و خۆیان بگەیەننە خاڵێكی مەترسیداری وەها، كۆتاییەكەی مەرگ بێت. بۆ ئێمە سەلامەتیی هزری و جەستەیی و رۆحیی ئەوان لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە. هەروەها لەو باوەڕەداین كە واتادارترین هەڵوێست پەیوەندیدارە بە پێشكەوتنی هزری و رۆحی. 

هەڵوێستی ئیمراڵیی ئێمە پێداگریكردن و بەردەوامبوونە لەسەر ئەو شێوازە دەربڕینەی لە راگەیێندراوی نەورۆزی 2013دا هەیە و بگرە بە شێوەیەكی فراوانتریش لەوە. بۆ ئێمە ئاشتییەكی شەرەفمەندانە و چارەسەری دیموكراسیانەی سیاسی بنەمان. رێز و سوپاسێكی زۆر بە قەرز دەزانین بۆ ئەوانەی بە تەنگ هەڵوێستی ئیمراڵییەوەن و هەڵسوێستیان هەیە.

عەبدوڵا ئەجەلان
هامیلی یڵدرم
عومەر هایریكۆنار
وەیسی ئاكتاش
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand