كاردانەوەكانی هێرشەكەی ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا بۆسەر سوریا
2018-04-14 11:55:58
ئامادەكردنی : نامیق رەسوڵ
شەوی رابردوو لە تۆڵەی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە شاری دوما لەلایەن حكومەتی سوریاوە ، ئەمریكا و فەرەنسا و بەریتانیا بە موشەك و فڕۆكەی جەنگی هێرشیان كردە سەر چەند بنكەو ئامانجێكی سەربازی سوریا.
هێرشە سێ قۆڵییەكە لە جیهاندا كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە، نەتەوە یەكگرتووەكان داوادەكات دۆخەكە ئاڵۆزتر نەكرێت، ناتۆ پشتیوانی لێكرد و ئێران و روسیاش ئیدانەیان كرد.
نەتەوە یەكگرتووەكان داوای دان بەخۆداگرتن دەكات
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لە هەموو وڵاتانی ئەندامی رێكخراوەكە كرد دان بەخۆیاندا بگرن و لە هەموو كردەوەیەك دووربكەونەوە كە دەبێتە هۆی زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخی سوریا.
گۆتێرێس لە بەیاننامەیەكدا وتی" داوا لە هەموو وڵاتانی ئەندام دەكەم دان بەخۆیاندا بگرن لەم دۆخە مەترسیدارەدا، لە هەموو كارێك دووربكەنەوەكە كە دەبێتە هۆی زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخەكە و نەهامەتی گەلی سوریا زیاتردەكات".
گۆتێرێس بەهۆی ئەو هێرشەوە سەردانێكی خۆی بۆ سعودیە دواخست.
ناتۆ پشتگیری دەكات
پەیمانی باكوری ئەتڵەسی " ناتۆ" لە بەیاننامەیەكدا كە بەیانی ئەمڕۆ شەممە لە برۆكسل بڵاویكردەوە، پشتگیری خۆی بۆ هێرشەكەی ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا راگەیاند.
یەنس ستۆڵتنبێرگ ئەمینداری ناتۆ لە بەیاننامەكدا وتی " پشتگیری لە هەموو ئەو جموجوڵانە دەكەین كە ویلایەتە یەكگرتووەكان و بەریتانیا و فەرەنسا لەدژی دامەزراوە و توانا سەربازیی و كیمیاییەكانی رژێمی سوریا كردویانە".
ستۆڵتنبێرگ رایگەیاند، ئەو گورزە سەربازییانە تواناكانی رژێمی سوریا بۆ ئەنجامدانی هێرشی چەكی كیمیایی لەدژی گەلی سوریا كەمدەكاتەوە و ناتۆ بەردەوام پەنابردنی سوریا بۆ بەكارهێنانی چەكی كیمیایی ئیدانەدەكات و ئەو هەنگاوە پێشێلكردنی پێوەر و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكانە و پێویستە ئەنجامدەرانی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.
یەكێتی ئەوروپا داواكاری لە روسیا و ئێران هەیە
یەكێتی ئەوروپاش ئەمڕۆ شەممە داوای لە روسیا و ئێران كرد كاربكەن بۆئەوەی هاوكاری سوریا بكەن و رێگە لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی بگرن.
یەكێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەكدا دەڵێ" داوا لە هەموو وڵاتان و روسیا و ئێران دەكەین هەژموونی خۆیان بەكاربهێنن بۆئەوەی جارێكی تر رێگە بگرن لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن سوریاوە".
یەكێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوەكردووە، لە تەموزی 2017 و ئازاری ئەمساڵدا سزایان بەسەر سوریادا سەپاندووە و هەمیشە ئامادەن بۆئەوەی رێوشوێنی تر لەدژی بگرنەبەر ئەگەر پێویست بكات.
ئیسرائیل: ئاماژەیەكە گرنگە بۆ ئێران و سوریا و حزبوڵا
لای خۆشیەوە ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەكەی سەر سوریا پاساوی خۆی هەیە و رژێمی سوریا بەردەوامە لە كارە تاوانكارییەكانی ، وەزیرێكی حكومەتی ئیسرائیلیش راگەیاند گورزە سەربازییەكانی سەر سوریا " ئاماژەیەكی گرنگە" بۆ ئێران و سوریا و حزبوڵا.
روسیا: پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە
لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند سوریا كە بۆ چەند ساڵێكە رووبەڕووی دوژمنكارییەكی تیرۆریستی دەبێتەوە ، بە كردەوەیەكی سەربازی خۆرئاوا بە ئامانج گیرا لە كاتێكدا هەلێك هەبوو بۆ داهاتوویەكی ئاشتیانە.
ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیوێتی " گورزێكی سەربازی ئاڕاستەی پایتەختی دەوڵەتێك كراوە كە چەند ساڵێكە بەڕووی دوژمنكاریی تیرۆر وەستاوەتەوە".
هاوكات بەرپرسیێكی باڵای پەرلەمانی روسیا لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئینتەرفاكسی روسی رایگەیاند، هێرشەكەی ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا بۆسەر سوریا پێشێلكردنی یاسای نێودەڵەتییە بە ئامانجی ئەوەی رێگە لەكاری پشكنەرانی رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی بگرن.
كۆستەنتین كۆساچیێڤ سەرۆكی لیژنەی كاروباری نێودەوڵەتی پەرلەمانی روسیا دەڵێ: هێرشەكە كراوەتە سەر دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری و هیچ بنەمایەكی نییە.
تاران ئیدانەی دەكات و هۆشداری دەدات
كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش كە هاوپەیمانێكی سەرەكی حكومەتی سوریایە هۆشداریدا لە لێكەوتەكانی هێرشەكەی سەر سوریا و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند " گومانی تێدا نییە كە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی ئەو هێرشە سەربازییەیان لەدژی سوریا ئەنجامدا بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەك.. بەرپرسیارێتی ئەو سیاسەتە سەركێشیانەیە لەسەر ئاستی ناوچەكە لە ئەستۆدەگرن".
هاوكات حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران وتی: هێرشەكەی سەر سوریا جگە لە وێرانكاری زیاتر لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هیچتی تری لێ ناكەوێتەوە و ئەمریكییەكان دەیانەوێت بەو جۆرە هێرشانە پاساو بۆ بوونیان لە ناوچەكە بهێننەوە.
هێرشەكان چەند ئامانجێكی تایبەت بە چەكی كیمیاییان كردە ئامانج
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، فەرمانیداوە بە وەشاندنی چەند گورزێكی سەربازی ورد و دیاریكراو لە سوریا كە پەیوەستن بە بەرنامەی چەكی كیمیاییەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەریتانیا و فەرەنسا.
ترەمپ وتی: هۆكاری هێرشەكە ئەوەیە كە روسیا نەیتوانی دیكتاتۆری سوریا كۆنترۆڵبكات.
هاوكات تێریزا مەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا باسیلەوەكرد" هیچ رێگایەك نییە ببێتە جێگرەوەی بەكارهێنانی هێزی سەربازی لە سوریا بۆئەوەی رێگەنەدرێت رژێمی سوریا چەكی كیمیایی بەكاربهێنێت".
مەی بەرپرسیارێتی هێرشە كیمیاییەكەی دومای خستە ئەستۆی دیمەشق و رایگەیاند، هێرشە سێ قۆڵییەكە سنوداربووە و چەند ئامانجێكی دیاریكراوی پێكاوە و نابێتە هۆی ئاڵۆزبووونی دۆخی ناوچەكە.
ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنساش رایگەیاند، بەشداری وڵاتەكەی خۆی لە هێرشكردنە سەر تواناكانی رژێمی سوریا لە بواری بەرهەمهێنان و بەكارهێنانی چەكی كیمیاییدا دەبینێتەوە.
ئەڵمانیا داوای زیندووكردنەوەی دانوستانەكانی جنێڤ دەكات
ئۆرسولا ڤۆندەر لەین وەزیری بەرگری ئەڵمانیاش ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند پشتگیری لە هێرشەكەی ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا دەكات و داوای كرد دانوستانەكانی جنێڤی تایبەت بە چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی سوریا دەستپێبكەنەوە.
وتی: پێویستە هەموو كارێك بكرێت بۆئەوەی پرۆسەی سیاسی دانوستانەكانی جنێڤ دەستپێبكاتەوە و كۆتایی بە نەهامەتییەكانی گەلی سوریا بهێنرێت.
سەرچاوە: ئاژانسەکان