" پارتی لە بەغدا بایەخ بە بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان نادات"
2019-05-05 15:21:01
( درەو میدیا):
پێنج فراكسیۆنی كوردستانی لە بەغدا پارتی دیموكراتی كوردستان تۆمەتباردەكەن بە كاركردن بۆ بەرژەوەندییە حزبییەكانو پشتگوێخستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان.
ئەو پێنج فراكسیۆنە كە بریتین لە فراكسیۆنەكانی ( گۆڕان، نەوەی نوێ، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، سەربەخۆ) لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا دەڵێن:" دەمانەوێت بە راشكاوی رایگشتی ئاگادار بكەینەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان، لە بەغداد ھیچ بایەخێك بۆ پاراستن و تەئمینكردنی بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستان دانانێت و لە بری ئەوە ھەموو ھێزی خۆی بۆ دابینكردنی بەرژەوەندی تەسكی حیزبی تەرخانكردوە ئەگەر بە نرخی پەرتكردن و دروستكردنی ناكۆكیش بێت لە نێوان فراكسیۆنە كوردستانیەكان".
ئەو پێنج فراكسیۆنە لە كۆتایی راگەیەندراوەكەیاندا هۆشداری دەدەن و دەڵێن:" دەمانەوێت بە راشكاوی ھەموان لەو سیاسەتەی پارتی دیموكرات ئاگادار بكەینەوە و ئەنجامە خراپەكانی پارتی لێی بەرپرسیارە".
ناڕەزایەتی ئەو پێنج فراكسیۆنە دوای ئەوە دێت كە پۆستی سەرۆكو جێگرو بڕیاردەری لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمانی عێراق یەكلاكرایەوەو زۆرینەی ئەو پۆستانەی بەر كورد دەكەوێت دراون بە پارتی دیموكراتی كوردستان، لەوانە، سەرۆكی لیژنەی یاسایی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری.