ئارام سەعید دەستی لە ئەندامێتی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ كێشایەوە
2019-05-02 18:59:54
(درەو میدیا):
ئارام سەعید، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی دەستلەركێشانەوەی خۆی لەو حزبە راگەیاند.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ لە رونكردنەوەیەكدا لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دەستلەكاركێشانەوەی لە ئەنجومەنی باڵاو جوڵانەوەی نەوەی نوێ راگەیاندووەو دەڵێت:" هەر لە سەرەتاوە بەشداری هەموو جومگەو كارەكانی نەوەی نوێ بوم، لە پێناسە و ستراتیژ و كاركردنی سیاسی و مەیدانیی بەشداربووم حەزدەكەم پێتان بڵێم بەهۆی سەرنجەكانم لەسەر ئەو ئاراستەیەی ئێستا نەوەی نوێ گرتوێتیە بەر ناتوانم بەشێك بم لەو جوڵانەوەیە ،بۆیە بەم نامەی ماڵئاواییە وەك هاوڕێیەكی خۆتان".
ئارام سەعید جەختیشدەكاتەوە وازهێنانی ئەو لەلایەك نیە دژی ئەوەی تر و وەك هاوڕێی هەموان دەمێنێتەوە.
دەقی رونكردنەوەكەی ئارام سەعید:
هاوڕێیانم لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ
هاوڕێیانم لە ئەنجومەنی باڵاو فراكسیۆنەكانی نەوەی نوێ لە پارلەمانی عێراق و كوردستان
من وەك یەكێك لە دامەزرێنەرانی نەوەی نوێ
هەر لە سەرەتاوە بەشداری هەموو جومگەو كارەكانی نەوەی نوێ بوم، لە پێناسە و ستراتیژ و كاركردنی سیاسی و مەیدانیی بەشداربووم حەزدەكەم پێتان بڵێم بەهۆی سەرنجەكانم لەسەر ئەو ئاراستەیەی ئێستا نەوەی نوێ گرتوێتیە بەر ناتوانم بەشێك بم لەو جوڵانەوەیە ،بۆیە بەم نامەی ماڵئاواییە وەك هاوڕێیەكی خۆتان، سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ ئەرك و ماندوبوون و شێلگیریتان لە پێشخستنی نەوەی نوێدا دەرببڕم .
سوپاس و ڕێزم بۆ هەموو لایەك و داواكارم لەمەودوا بۆكاری نەوەی نوێ پەیوەندی بەو ئازیزانەی ترەوە بكەن كە بەردەوامن.
گەر جاروبار و لە بۆنەی جیاوازیشدا بەد لێكحاڵیبوون و جۆرێك لە بارگرژیی دروست بووبێت، ئەوا دڵنیاتان دەكەم كە بەشێكی زۆری لەپێناو پێشخستن و ڕێكوپێكتركردنی كارەكاندا بووە، بەڵام لەهەمانكاتیشدا وەك هاوكارێكی خۆتان بە هەمان هەستی دڵسۆزییەوە داوای لێبوردن لە هەریەكێكتان دەكەم كە بە جۆرێك لە جۆرەكان لە كاتی كاركردندا لێم دڵگران بوبێت و هاوكاتیش ئەو رۆژانەی پێكەوە كارمان كردوە بەرز و پڕبەها دەنرخێنم. بە دڵنیاییەوە گەر ئەو گیانی كاركردن و هاریكارییەی ئێوە نەبوایه و بەو گیانی خۆبەخشیی و خۆنەویستییەوە كارتان نەكردایە، ئەوا بێگومان جولانەوەكە ئەم قۆناغە سەختانەی تێنەئەپەڕاند. .
من هاوڕێتان بوم و وەك هاوڕێشتان دەمێنمەوە
تێبینی:
١. وازهێنانی من لەلایەك نیە دژی ئەوی تر وەك هاوڕێی هەموان دەمێنمەوە
٢. بۆهاوڕێیانم لە میدیا ،جگە لەوەی بڵاومكردۆتەوە هیچ وردەكاریەكی ترم لە ئێستادا نیە لەسەر دەست لەكاركێشانەوەم. .
هاوڕێتان،
ئارام سەعید
٢/٥/٢٠١٩