Draw Media

بۆچی پێكهێنانی حكومەت دواكەوت؟

بۆچی پێكهێنانی حكومەت دواكەوت؟

2019-05-01 10:06:23


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
ناكۆكی نێوان مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی لەسەر دۆسیەكانی (پاكتاوكردنی حساباتی كابینەكانی پێشوو، ئیدارەدانی دۆسیەی نەوت، دۆسیەی ئەمنی) پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەتی هەرێمی ئیفلیج كردووە.
پارتی هەموو گرێكوێرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی لەبەردەم پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت كردەوە، بەڵام گرێكوێرەكانی خۆی ئێستا پرۆسەكەی ئیفلیج كردووە.
بڕیاربوو ئەمڕۆ وەفدی پارتی سەردانی سلێمانی بكات بۆ رێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سەردانەكە بۆ سەرەتای هەفتەی داهاتوو دواخراوە.

سستبوونی پارتی بۆچی ؟
پارتی وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن لەسەرەتاوە بە گەرموگوڕی دەستی بە دانوستان كرد‌و دەیویست لە كورتترین ماوەدا كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنێت، كابینەیەك كە مەسرور بارزانی كوڕە گەورەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی سەرۆكایەتی دەكات‌و پارتییەكان دەبێت هەموو هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ سەرخستنی.
پارتی كە پێشتر یەكێتی تۆمەتبار دەكرد بە هەوڵدان بۆ دواخستنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، ئێستا خۆی روبەڕووی هەمان تۆمەت‌و گومان دەبێتەوە.
هۆكاری سیستبوونی  هەوڵەكانی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەتی نوێ بۆچی دەگەڕێتەوە ؟ ئەمە پرسیاری سەرەكی ئەم رۆژانەی زۆربەی ئەوانەیە كە چاودێری دۆخی سیاسی هەرێم دەكەن.

دۆسیەی نەوت
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پارتی‌و یەكێتی دەستیكەوتووە، ئەم رۆژانە ناكۆكییەكانی نێوان نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بازانی لەسەر پرسی چۆنیەتی ئیدارەدانی دۆسیەی نەوت، پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێوە.
نێچیرڤان بارزانی كە دەبێتە سەرۆكی داهاتووی هەرێم كوردستان، دەیەوێت جڵەوی دۆسیەی نەوتی هەرێم لای خۆی بمێنێتەوە.
لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا، بڕیاری كۆتایی لە دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستاندا لای نێچیرڤان بارزانی بووە، پێناچێت دوای جێهێشتنی سەرۆكایەتی حكومەت بیەوێت بە ئاسانی ئەو دۆسیەیە بەتەواوەتی رادەستی مەسرور بارزانی ئامۆزای بكات كە كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكومەتی داهاتوو.
كەسە نزیكەكان لە نێچیرڤان بارزانی دەڵێن، بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، چارەسەركردنی كێشەی نەوت لە نێوان هەرێم‌و بەغدا، یەكێك لە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم.
رەنگە نێچیرڤان بارزانی بیەوێت لەم رێگەیەوە جڵەوی دۆسیەی نەوت لەدەستی خۆیدا بهێڵێتەوە، ئەگەر ناكۆكییە ناوخۆییەكانی پارتی لەسەر دۆسیەی نەوت بەمشێوەیە بەردەوام بێت، دور نییە لە داهاتوودا كاریگەری نەرێنی لەسەر پرسی چارەسەری دۆسیەی نەوت لەنێوان هەرێم‌و بەغداد دابنێت. 
هێشتنەوەی ئاشتی هەورامی وەكو وەزیری سامانە سروشییەكان لە كابینەی نوێی حكومەتدا، بەواتای مانەوەی دەستی نێچیرڤان بارزانییە لە دۆسیەی نەوتدا لەناو كابینەكەی مەسرور بارزانیدا.
لەبەرامبەر هەموو هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانیدا، مەسرور بارزانی قایلە بە دانانەوەی ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان، بەڵام دەیەوێت جڵەوی دۆسیەی نەوت بەتەواوەتی لەدەستی خۆیدا بێت. 
هەر لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە، زانیاری هەن، توركیا بە فەرمی پارتی ئاگاداركردوەتەوە لەوەی ئەوان لە دۆسیەی نەوتدا تەنیا مامەڵە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا دەكەن نەك كەسی تر.
ساڵی 2010 بۆ 2012 كە بەرهەم ساڵح سەرۆكی حكومەتی هەرێم بوو، ئەوكاتیش هەر نێچیرڤان بارزانی مامەڵەی نەوتی لەگەڵ توركیادا دەكرد.

دۆسیەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغداد
رۆژی 28ی مانگی رابردوو وەفدێكی حكومەتی عێراقی كە ژمارەیەك وەزیری لەخۆگرتبوو، سەردانی هەولێری كرد، نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی پێكەوە لەگەڵ وەفدەكە دانیشتن، كۆبونەوەكە تایبەت بوو بە پرسی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێرو بەغداد.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دۆسیەی ئیدارەكانی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغداد، یەكێكە لە دۆسیە كێشە لەسەرەكان لەنێوان نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانیدا.
بەگوێرەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی هەرێم دۆسیەی هەماهەنگی نێوان هەرێم‌و بەغداد بەڕێوەدەبات، بەڵام مەسرور بارزانی دەیەوێت ئەو دۆسیەیە لە دەستی حكومەتدا بێت كە خۆی سەرۆكایەتی دەكات.

ئەنجومەنی ئاسایش
كشانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم، هێندەی بایەخی بۆ راگرتنی پارسەنگی دەسەڵات هەبوو لەناو بنەماڵەی بارزانی، هێندەش هاوكێشە چەقبوستوەكانی دەسەڵاتی لەناو ئەو بنەماڵەیە خستوەتە مەترسییەوە.
بە كشانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم، جموجوڵی دەسەڵات لەناو بنەماڵە دەستیپێكرد، مەسرور بارزانی كە دەبێتە سەرۆكی كابینەی نوێی حكومەت، شوێنەكەی خۆی وەكو (راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان) چۆڵ دەكات، پڕكردنەوەی ئەم پۆستەش سەرئێشەیەكی تر بۆ پارتی دروستدەكات.
بەپێی زانیارییەكان بڕیارە (وەیسی مەسعود بارزانی) بكرێت بە راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، بەپێی یاسا، ئەم پۆستە پلەكەی وەزیرە‌و سەربە سەرۆكایەتی هەرێمە، مەسرور بارزانی كە خۆی كەسایەتی ئەمنیی ژمارەیەكی پارتی بووە، نایەوێت لەداهاتوودا جڵەوی ئەو دۆسیەیە لەرێگەی یاساوە بكەوێتە دەستی نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆكایەتی هەرێم.

تەسفیە حساباتی دوو ئامۆزاكە
یەكێك لەو دۆسیەیانەی تر كە ئێستا بووەتە بەربەست لەبەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، دۆسیەی دانانی وەزیرەكان‌و پاكتاوكردنی حساباتی دارایی كابینەكانی پێشووی حكومەتە كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی كردوون.
مەسرور بارزانی دەیەوێت حكومەتێكی خاوێن وەرگرێت كە لەداهاتوودا بە هیچ دەزویەك بە نێچیرڤان بارزانی ئامۆزایەوە نەبەسترابێتەوە.

شەڕی كوڕەكان
هاوكات لەگەڵ ئیفلیجبوونی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ یەكەمینجار (ئارین مەسرور بارزانی) بەشێوەیەكی فەرمی دەركەوت‌و لە بۆنەیەكی وەرزشیدا لە هەولێر خەڵاتی دابەشكرد.
پێشتر خەڵكی هەرێمی كوردستان زیاتر ئاشنیابوون بە (ئیدریس نێچیرڤان بارزانی) كە رێكخراوێكی هەیە بەناوی "روانگە"‌و زۆر لە میدیاكانی پارتییەوە دەردەكەوێت.
دەركەوتنی ئەم چەند رۆژەی رابردووی كوڕەكەی مەسرور بارزانی، رەنگە ئەلقەیەكی نوێی ئەو ناكۆكییانە بێت كە لەسەر پرسی چۆنیەتی دەسەڵات لەنێوان دوو ئامۆزاكەدا دروستبووە. 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand