عێراق بەبەهای 14 ملیار دۆلار گرێبەست لەگەڵ سیمەنز ئیمزادەكات
2019-04-30 12:24:15
( درەو میدیا):
عادل عەبدلولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق گەشتێكی بۆ ئەوروپا دەستپێكردو لە یەكەم وێستگەیدا گەیشتە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیاو لەگەڵ ئەنگێلا مێركڵ راوێژكاری ئەو وڵاتە كۆبوەوە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ مێركڵ، سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیكردەوە كە بۆ ئیمزاكردنی چەند رێككەوتنێكی گرنگ لە چەند بوارێكدا لە نێویشیاندا وزە سەردانی ئەڵمانیای كردووە.
عەبدولمەهدی وتی:" یەكێك لەو رێككەوتنامەی كە ئیمزامان كردووە لەگەڵ كۆمپانیای سیمەنز بەبەهای 14 ملیار دۆلار بۆ جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی گەورە لە بواری كارەبادا".
سەرۆك وەزیرانی عێراق راشیگەیاند لەگەڵ راوێژكاری ئەڵمانیا دۆخی ناوچەكەو ئاڵۆزییەكان و رۆڵی گرنگی عێراقیان تاوتوێكردووەو عێراق پەرلەمانی 6 وڵاتی دراوسێی كۆكردەوە ئەوەش بەڵگەیە لەسەر سەنگی عێراق كە دەیەوێت كاریگەرە نەرێنییەكان نەهێڵێتو ئاشتی بەرقەراربكات".
سەرۆك وەزیرانی عێراق دوای ئەڵمانیا لە وێستگەی دووەمی گەشتەكەیدا سەردانی فەرەنساش دەكاتو وەزیرانی دەرەوە، بازرگانی كارەبا، ئاوەدانكرانەوە نیشتەجێكردن و شارەوانی ئەمینداری بەغدا، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیو چەند بەرپرسو راوێژكارێك یاوەری دەكەن.