Draw Media

عەبدولڕەزاق شەریف: لە ناو گۆڕاندا برەو بە گەندەڵی مالی و ئەخلاقی دراوە

عەبدولڕەزاق شەریف: لە ناو گۆڕاندا برەو بە گەندەڵی مالی و ئەخلاقی دراوە

2019-04-29 14:48:47


درەو میدیا: 
عەبدولڕەزاق شەریف رایدەگەیەنێت" بەلاڕێدابردنی بزوتنەوەی گۆڕان‌و دوركەوتنەوەی لە گشت پرەنسیپەكانی نەوشیروان مستەفا‌و دژایەتیكردنی كەسایەتی‌و ژیان‌و تێكۆشان‌و بیرو روانینە سیاسییەكانی ئەو زاتە" 
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە ئەمرۆ لەلایەن خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە لە ریزەكانی ئەو بزوتنەوەیە دورخرایەوە دەڵێت" لەناو بزوتنەوەی گۆڕان برەودراوە بە گەندەڵی مالی‌و ئیداری‌و ئەخلاقی‌و گلان لە سەفەقاتی بازرگانی بەدگومان‌و ناڕون".

ئەمەش دەقی روونکردنەوەکەیە:

رونكردنەوەیەك لە (عەبدولڕەزاق شەریف)ەوە
بێ رەچاوكردنی گشت پرەنسیپە دەستوری‌و یاساییەكان، گشت عورفە سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و ئەخلاقییەكان، دوای كۆتایی كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی لە ئێوارەی 28/4 دا، بەیانی رۆژی دواتر وەكو هەر هاوڵاتییەك هەواڵی دورخستنەوەم لە بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیاندنەكانەوە بیست.
ئەوەی لەمڕۆدا پێویستی وتن بێت، تەنیا ئەم خاڵانەیە‌و لە ئایندەیەكی نزیكدا، بۆ هەریەكە لەوانە بەبەڵگەوە درێژەو وردەكاری دەخەمەڕو.
یەكەم: بەلاڕێدابردنی بزوتنەوەی گۆڕان‌و دوركەوتنەوەی لە گشت پرەنسیپەكانی نەوشیروان مستەفا‌و دژایەتیكردنی كەسایەتی‌و ژیان‌و تێكۆشان‌و بیرو روانینە سیاسییەكانی ئەو زاتە.
دووەم: برەوپێدانی گەندەڵی مالی‌و ئیداری‌و ئەخلاقی‌و گلان لە سەفەقاتی بازرگانی بەدگومان‌و ناڕون.
سێیەم: نەمانی سادەترین پابەندبون بە كاری دەستوری‌و رێكخراوەیی‌و عورف‌و ئەخلاقی سیاسی‌و هاوڕێیەتی، لەبری كاركردن بە گیانی كۆنەقین‌و پاراستنی بەرژەوەندی تاك‌و گروپی جیاجیا.
بەندە لە تەمەنی كاری سیاسی خۆمدا، لەچوارچێوەی پەیڕەو و دەستوری رێكخراوەیدا، هەمیشە بە ئەركی خۆمەوە پابەندبوم‌و لە هەر ئۆرگانێكدا كارم كردبێت، بەگژ دیاردە دزێو‌و ناشیرینەكاندا چومەتەوە‌و باجەكەشیم داوە، ئەو بڕیارەی گروپێكی خانەی راپەڕاندنیش كاردانەوەی هەڵوێستەكانم بوە‌و شانازی پێوە دەكەم، چونكە دوای مردنی نەوشیروان مستەفا، ئەو ئەركەی سەرشانی خۆم‌و هاوڕێكانم قورستر بوە، نە یەكەم كەس‌و نە دوا كەس دەبم لەو بەگژاچونەوە‌و تەسفیەكردنە.

پرۆفایل:

عەبدولڕەزاق شەریف لە دایکبووی شاری سلێمانییەو پێشمەرگەی دێرینەو پێش پەیوەندیکردنی بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە بەرپرسی راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بووەو  ساڵی 2015 بە بڕیاری نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان وەك بەرپرسی دەزگاكانی راگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دانرا:

 


بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand