Draw Media

پۆستێكی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا مشتومڕی لێدەكەوێتەوە

پۆستێكی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا مشتومڕی لێدەكەوێتەوە

2019-04-27 14:02:24


راپۆرت: نامیق رەسوڵ
پۆستێكی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دەرباری ئێران كاردانەوەی لایەنە سیاسییەكانی عێراقی لێدەكەوێتەوە‌و زیاتر لە 60 پەرلەمانتار داوادەكەن بۆ تاوتوێكردنی دەستوەردانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە كاروباری ناوخۆی عێراق پەرلەمان میوانداری عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیران بكرێت.
پۆستەكەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا
رۆژی 25ی ئەم مانگە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لە پۆستێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بە هەردوو زمانی عەرەبی‌و ئینگلیزی نوسیویەتی:" گەندەڵی هەموو جومگەكانی رژێمی ئێرانی تەنیوەتەوە‌و لە لوتكەوە دەستیپێكردووە، موڵك‌و دارایی رابەری رژێمەكە عەلی خامنەیی بە تەنها بە 200 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، لە كاتێكدا رۆڵەكانی گەلی ئێران بەهۆی خراپی دۆخی ئابورییەوە لە ژێر هەژاریدا دەناڵێنن".
فەتح داوای سڕینەوەی دەكات
یەكەمین كاردانەوە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی باڵیۆزخانەی ئێران، هاوپەیمانی فەتح دەربڕی، ئەو هاوپەیمانێتییەی كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات‌و نوێنەرایەتی گروپەكانی حەشدی شەعبی دەكات‌و لە ئێرانەوە زۆر نزیكن.
هاوپەیمانی فەتح لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند نابێت تیمە دیپلۆماتییەكان لە عێراق سوكایەتی بەرامبەر بە هیچ دەوڵەتێك بكەن‌و گەلی عێراق رێگە نادات كاری نەشیاو لەرامبەر بە مەرجەعیەتە ئاینییەكان بكرێت ئەو كارەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا دەستدرێژییەكی قبوڵنەكراوە‌و داوادەكەین ئەو پۆستە لاببرێت‌و داواش لە وەزارەتی دەرەوە دەكەین هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا بانگهێشت بكرێت‌و یاداشتێكی ناڕەزایەتی رادەستبكرێت.
پەرلەمان میواندارێتی عەبدولمەهدی دەكات
هەروەها لە پەرلەمانی عێراقیش كاردانەوە بەرامبەر بەو هەڵوێستەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا دەستیپێكردو زیاتر لە 60 ئیمزا كۆكراوەتەوە بۆئەوەی بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە میوانداری سەرۆك وەزیران بكرێت.
نەعیم عەبودی، پەرلەمانتاری كوتلەی سادقونی سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" داواكارییەكمان بە ئیمزای زیاتر لە 65 پەرلەمانتار پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە بۆ ئەوەی پرسی دەستوەردانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە كاروباری ناوخۆی عێراق بخرێتە بەرنامەی كارەوە".
عەبودی ئاماژیبەوەشدا رێككەوتن كراوە كە ئەو پرسە تاوتوێ بكرێت‌و میواندارێتی سەرۆك وەزیران بكرێت، ئەوەش لەسەر بەڵێنی بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان.
ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق
فالح خەزعەلی ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند پرسیارێكەی پەرلەمانی دەربارەی ژمارەی سەربازەكانی ئەمریكا لە عێراف ئاراستەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران كردووەو لە وەڵامدا عەبدولمەهدی ئاشكرایكردووە كە 10 هەزار سەرباز‌و راوێژكاری ئەمریكی لە عێراقدان.
خەزعەلی بێ‌ متمانەیی خۆشی دەربارەی ئەو ژمارەیە دەربڕی‌و رایگەیاند لە راستیدا ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق زۆر لەوە زیاترە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand