Draw Media

"ده‌ستگیركراوەكە چەند ئامێرێکی کۆمپیوتەر و پەیوەندیکردنی پێوەگیراوە"

"ده‌ستگیركراوەكە چەند ئامێرێکی کۆمپیوتەر و پەیوەندیکردنی پێوەگیراوە"

2019-04-26 07:01:50



درەو میدیا:
 " هەریەكە لە داواكاری گشتی سلێمانی و پەرلەمانتارەكەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سكاڵایان تۆماركردووە لەسەر خاوەنی ئەو ژمارەیەی هەڕەشەی لە پەرلەمانتارەكە كردووەو دەستگیركراوە، هەروەها دەستگیراوە بەسەر كەلوپەلی ئۆفیسەكەی بە مەبەستی پشكنین بەفەرمانی دادگا ئەو فەرمانەش بەشێوازێكی یاسایی جێ بەجێ كراوە بۆ ڕێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی كێشە و ناخۆشی لە سلێمانی،هەروەها فەرمانی دەستگیركردنیش بۆ كەسێكی تر دەرچووە تا ئێستا دەستگیرنەكراوە، جگە لەوە هیچ كەسی تر دەستگیرنەكراوە، كەسیش بێ فەرمانی دادوەر دەستگیرنەكراوە." ئەمە وتەی دادوەر عومەر ئەحمەد وتەبێژی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانییە كە بۆ دەنگی ئەمریكا قسەیکردووە.

دوای ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە شادی نەوزاد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە بەردەم دەزگاكانی ڕاگەیاندنی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی وتی" لەلایەن "باندێكەوە" لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و سەرۆكی جوڵانەوەكە"شاسوار عەبدولواحید" هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی مۆنتاژكراو، بەمەبەستی ئابڕوبردنی لێكراوەو لە زوترین كاتدا سكاڵا لەسەر سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تۆماردەكات."
دادوەر عومەر رایگەیاندووە " دۆسیەیەك هەیە لەلای دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی، دۆسیەكەش لەلایەن سكاڵای ئەندامێكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و وە دۆسیەیەكیش لەلایەن داواكاری گشتی سلێمانیەوەیە لەسەر ئەو ژمارە تەلەفۆنانەی كە بەشێوازێك لە شێوازەكان هەڕەشەی ئابڕوبردنیان لەو پەرلەمانتارە كردووە لە دادگا جوڵێنراوە، وەكو وەڵامدانەوەیەكی دادگا بۆ ئەو سكاڵایە دادگا هەستا بەدەركردنی فەرمانی دەستگیركردنی خاوەنی ئەو هێڵە، هەروەها فەرمانی پشكنین بۆ شوێنی كاركردنی خاوەنی ئەو هێڵە ئەوەبوو هەر دوێنێ پێنج شەممە فەرمانی دەستگیركردنەكە جێ بەجێ كراوە."

سەبارەت بەدەستبەسەرداگرتنی كۆمپیوتەر و ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، وتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی وتی" ئەوكەسەی دەستگیركرا بەفەرمانی دادوەر چەند ئامێرێكی كۆمپیوتەر و پەیوەندی كردنی پێوەگیراوە وە ئامێرەكان لەقۆناغی پشكنیندان و دەستیان بەسەرداگیراوە بۆ دەسكەوتنی بەڵگەكان، هەروەها ئەو فەرمانەش بەشێوازێكی یاسایی جێ بەجێ كراوە بۆ ڕێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی كێشەو ناخۆشی لە سلێمانی ."

دەربارەی دەنگۆی دەستگیركردنی " خۆبەخشانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ" بێ فەرمانی دادوەر وەك ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ لە بەیاننامەكە باسیان كرد، دادوەر عومەر ئەحمەد ڕەتی كردەوە و وتی" ئێمە وەك سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی بەدواداچونمان كردووە هیچ شتێكی لەو بابەتەمان بەدی نەكردووە و نیە وە هیچ كەسێكیش بەبێ فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە نابێت دەستگیربكرێت وە وەكو زانراوە لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك بەڕیوەبەرایەتیەكمان هەیە كە بەڕێوەبەرایەتی گرتن و گواستنەوەیە لەوێش ئەندامێكی داواكاری گشتی چاودێرە بەسەر ئەو شوێنانەدا وە هیچ كەسێك نابرێتە ئەو شوێنە و ڕاناگیرێت ئەگەر یاداشتی دەستگیركردنی دادوەری بەڕێزی لێكۆڵینەوەی پێ نەبێت."

دەربارەی ئەو كەسەی دەستگیركراوە حاكم عومەر ئاماژەی بەوەكرد" بەپێی ماددەی (2)ی ژمارە 6ی ساڵی 2008 یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی مۆبایل-ە وە بەفەرمانی دادوەر دەستگیركراوە و ڕاگیراوە."

ڕونیشیكردەوە" تا ئێستا یەك كەس دەستگیركراوە، وە فەرمانی دەستگیركردنیش بۆ یەك كەسی تر دەرچووە بەپێی هەمان ماددەی یاسایی، بەڵام ئەو كەسە تا ئێستا دەستگیرنەكراوە ."

دەربارەی ئەوەی دەوترێت ئەندامان و خەڵكی نەوەی نوێ بێ سەروشوێن و ڕفێنراون، وتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی وتی " لەگەڵ بڵاوبونەوەی ئەو دەنگۆیە لە سۆشیاڵ میدیا و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن، پەیوەندیمان بە دادوەری ئاسایش كرد، بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش-یش بەدواداچونی كرد ، دەركەوت هیچ كەسێك بێ فەرمانی دادوەر دەستگیرنەكراوەو دڵنیایی كردینەوە كە هیچ شتێكی لەو جۆرە نیە."
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand