Draw Media

داود ئۆغڵو هێرشی بۆسەر ئەردۆغان‌و ئاكەپە دەستپێكرد

داود ئۆغڵو هێرشی بۆسەر ئەردۆغان‌و ئاكەپە دەستپێكرد

2019-04-22 17:14:25


 ( درەو میدیا):
ئەحمەد داود ئۆغڵو، سەرۆك وەزیرانی پێشووەی توركیا رەخنەی توندی ئاراستەی رەجەب تەیب ئەردۆغان‌و پارتی داد‌و گەشەپێدان" ئاكەپە گرت، ئەوەش لە كاتێكدایە كە میدیاكانی ناوخۆی توركیا باس لەوەدەكەن كە داود ئۆغڵو لە داهاتوویەكی نزیكدا حزبێكی نوێ دادەمەزرێنێت.
داود ئۆغڵو لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دەڵێت:"ناكرێت حزبەكەمان لەژێر دەستی ژمارەیەكی كەمدابێت كە بەدوای بەرژەوەندیی خۆیاندا دەگەڕێن و سەرۆكایەتی كۆماریش لە دۆخێكدایە كە لە رووی دەرونییەوە لە نیوەی كۆمەڵگە دابڕاوە".
داود ئۆغڵو لە بەشێكی تری نوسینەكەیدا دەڵێت:" لایەنگیری سەرۆك كۆمار بۆ لایەنێك لە هەڵبژاردنەكان‌و بەشداریكردنی لە مشتومڕی توند لە پێناوی لایەنێكی دیاریكراودا وایكرد دامەزراوەی سەرۆكایەتی كۆمار كە دەبێت بێ‌ لایەن بێت‌و بە یەك ئاست لە هەموو لایەنەكانەوە دووربێت، وایكرد لانی كەم لە نیوەی كۆمەڵگە داببڕێت".
داود ئۆغڵو رونیشیكردەوەتەوە كە لە رابردوودا  راستەوخۆ هەڵسەنگاندن‌و مەترسییەكانی خۆی دەرباری دۆخی وڵات لەم سێ‌ ساڵەی دواییدا بە ئەردۆغان راگەیاندووەو ئاماژەیبەوەشداوە كە هاوپەیمانیكردن لەگەڵ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا " مەهەپە" زیانی بە ئاكەپە گەیاندووە لە هەڵبژاردنەكانی ئەمدواییەدا.
هەروەها سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا  سیاسەت ئابورییەكان‌و ئەو كۆتو بەندانەشی ئیدانەكردووە كە بەسەر میدیاكاندا سەپێندراون‌و ئاماژەیبەوەشداوە كە  كۆنترۆڵكردنی دەسەڵاتی دادوەریی لەلایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە گەورەترین تاوانە.
لە كۆتایی نوسینەكەیدا ئەحمەد داود ئۆغڵو ئاماژە بە بڵاوبوونەوەی مەحسوبیەت دەدات لە هەموو ئاستەكان لە سەرجەم دامەزارەوە فەرمییەكانی توركیادا.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand