Draw Media

لەیادی 121 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردیدا 

لەیادی 121 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردیدا 

2019-04-22 09:41:27


درەو میدیا: 
ئەمڕۆ 22ی نیسان 121 ساڵ تێپەردەبێت بەسەر دەرچوونی یەكەم رۆژنامەی كوردی ( رۆژنامەی كوردستان) رەوشی رۆژنامەوانی لە هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی باشدا نیە، بەپێی نەخشەو پلەبەندی ئازادی رۆژنامەوانی لە جیهاندا عێراق لە ناو نەخشەی سوردایەو لە پلەی 160 مینی ئازادی رۆژنامەوانیدایە لەنێو وڵاتانی جیهاندا .
دیارە هەرێمی كوردستانیش لەگەڵ عێراق لەناو نەخشەی رەشی جیهاندایە بۆ ئازادی رۆژنامەگەری، بەپێی ئامارو داتاكان لە هەرێمی كوردستان  پێشێلكاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان بەردەوام روو لە زیاد بوونە، بەپێی راپۆرتی سەنتەری میترۆ لە ساڵاَی 2018 دا ( 349) پێشێلكاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە، بەڵام پێش پێنج ساڵ و لە ساڵی 2013 لە راپۆرتی سەنتەری میترۆدا ( 193 ) پێشێلكاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسانكراوە، بە بەراوردی ئەو دوو ئامارە زیادبوونی پێشێلكارییەكان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان دەردەكەوێت.
 هاوكات بەپێی ئامارەكانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لەماوەی 10 ساڵدا (2008 – 2018) لە هەرێمی كوردستان (5) ڕۆژنامەنووس تیرۆركراوە( عەبدولستار تایەر شەریف، سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، وەدات حسێن) هەروەها لە ماوەی ئەو دە ساڵەدا (898) حاڵەتی پێشێلكاری لە گرتن و لێدان و ڕێگری بەرامبەر (1440) ڕۆژنامەنووس كە (1328) ڕۆژنامەنووسی نێر و (64) ڕۆژنامەنووسی مێینە ئەنجامدراوە، كە (347) حاڵەت لە هەولێر و (285) حاڵەت لە سلێمانی و (107) لە دهۆك بووە. 
ئەم ئامارانە لە كاتێكدایە كە ژمارەیەكی زۆری میدیاو دەزگای راگەیاندن لە هەرێمی كوردستان هەیە، بەپێی ئەو ئامارانەی لای وەزارەتی ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانە ژمارەی ئەو دەزگایانەی كە تاوەكو ئێستا مۆڵەتیان وەرگرتووە بریتین لە:
-     هەزار و 329 دەزگای راگەیاندن كە 
-    40 كەناڵی ئاسمانی 
-     122 كەناڵی لۆكاڵی
-     180 رادیۆ ، 987 گۆڤار و رۆژنامە.
-     30 نوسینگەی كەناڵی بیانی لە هەرێمی كوردستان هەیە 
-     تاوەكو ئێستاش تەنها 3 ماڵپەر مۆڵەتیان لە سەندیكای رۆژنامەنووسان وەرگرتووە
-     لە ساڵی 2018دا زیاتر لە 5 كەناڵی تەلەڤزیۆنی داخراون
-     ئەمساڵیش 35 كەناڵی لۆكاڵی ئاگاداركراونەتەوە گەر مۆڵەت تازە نەكەنەوە دادەخرێن.
-     لە كۆی زیاتر لە 987 رۆژنامە و گۆڤار لە هەرێمی كوردستان كە مۆڵەتیان هەیە لە سەندیكا، تەنها 30 بۆ 40 رۆژنامە و گۆڤار بەردەوامن  لە دەرچوون 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand