"جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ خێزان و بزنس تێكەڵكراوە"
2019-04-21 21:21:55
درەو میدیا:
دواجار نیگەرانی و ناكۆكیەكانی ناوخۆیی جوڵانەوەی نەوەی نوێ گەیشتنە تەقینەوەو لەیەكەم هەنگاویشدا ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێكدا نیگەرانی خۆیان لە خراپی بارودۆخی ناوحۆی جوڵانەوەكەیان راگەیاندووە.
بەپێی زانیارییەكانی درەو میدیا، لە كۆی 12 ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ كە بەرزترین دەسەڵاتی سیاسی نەوەی نوێیە 8 ئەندامیان واژوویان كردووە بۆ ئەو راگەیەنراوە كە بەشێكیان پێشتر دەستیانلەكار كێشاوەتەوە، لەگەڵ هەر چوار ئەندامەكەی پەرلەمانی عێراقی نەوەی نوێ، نیگەرانن لە بەلارێدا بردنی نەوەی نوێ و قۆرخكردنی تەواوی كایەكانی جوڵانەوەكە لە ( دارایی و سیاسی و میدیای)ی .
بەپێی خوێندنەوەی راگەیەنراوەكە هەڵوێستەكەیان ئینشیقاق و وازهێنانی كۆتایی نیە، بەڵكو هۆشداریدان و ئاگاداركردنەوەیە، بەتایبەت بۆ خودی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جولانەوەكە، كە لە ئێستا لەدەرەوەی وڵاتە.
لە راگەیەنراوەكەدا ئەنجومەنی باڵاو فراكسیۆنی نەوەی نوێ نیگەرانن و دەڵێن" ئێمە نیگەرانین، كە نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەكی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێكی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە، كە ھەمو دەزگا و ئۆرگانە گرنگەكانی بڕیاردان تێیدا پەراوێز خراوە و بڕیاری دەستە جەمعی تێدا نەماوە. جوڵانەوەكە بەجۆرێك لەگەڵ خێزان و بزنس تێكەڵ كراوە، ئیتر جیاكردنەوەیان سەخت بێت"
راگەیاندنێك بۆ رایگشتی
زیاتر لە ساڵ و نیوێك پێش ئێستا، لە ناو دڵی شكستی سەرتاپاگیریی ھەمو پرۆسەی سیاسیی كوردستانی عێراق بە ھەمو حزب و بزوتنەوە سیاسیە تەقلیدیەكانیەوە، ئێمە كۆمەڵێك كەسایەتی و گەنج، بە ئومێدی سەرھەڵدانی مۆدێل و ئەزمونێكی نوێی سیاسیی سەرتاپا جیاواز، پێكەوە جوڵانەوە و ئاراستەیەكی سیاسیی تازە و دواتر (نەوەی نوێ) مان دامەزراند.
لە دیدی ئێمەوە، سێ ھۆكار، بنەما و پایە سەرەكیەكانی ھەمو شكستی پرۆسەی سیاسی و ئەزمونی حزبە تەقلیدیەكانن: نەبونی ئازادی و دیموكراسی لە ژیانی حزبی و رێكخراوەییدا: كردنی حزبەكان لە ئامراز و ئۆرگانی گشتی و ھاوبەشەوە، بۆ موڵكی بنەماڵە و خێزانەكان: تێكەڵكردنی حزب و بزنس، بە جۆرێك حیزبەكان وەك لقێكی كۆمپانیا گەورەكان بەڕێوەدەبرێن. ئەو سێ فاكتەرە، بۆ دەیان ساڵ، گەلی ئێمەیان لە شكست و كارەساتێكەوە گواستوەتەوە بۆ شكست و كارەساتێكیتر، تا لە ئێستادا، سیاسەت و ھەستی بەرپرسیارێتی و ئامانجی ھاوبەش لە وڵاتی ئێمە پایەماڵ كراوە و سیاسەت، لەبری بوار و ئامرازێك بۆ باشترین بەڕێوەبردن و باشتركردنی ژیان و گوزەرانی مادی و مەعنەویی ھاوڵاتیان و پاراستن و جێخستنی بنەماكانی دادپەروەریی، كراوەتە بوارێك بۆ بزنس و دابینكردنی بەرژەوەندیی تایبەتی و خێزانی.
ئێمە بە ئامانجی تێپەڕاندنی ھەمو مۆدێل و ئەزمونی سیاسی تەقلیدی و زاڵ و باو دەستمان برد بۆ دامەزراندنی نەوەی نوێ. بەو ئومێدەوە ھاتین، كە نەوەی نوێ بكەین بە ئامرازی ھەستانەوەی گەلەكەمان لە شكست: كە ئەزمونێكی سیاسی جیاوازی ئەوتۆ پێشكەشی گەلەكەمان بكەین، ببێتە جێگەی شانازیی و نمونەی چاولێكردن. بەڵام، ئێمە نیگەرانین، كە نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەكی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێكی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە، كە ھەمو دەزگا و ئۆرگانە گرنگەكانی بڕیاردان تێیدا پەراوێز خراوە و بڕیاری دەستە جەمعی تێدا نەماوە. جوڵانەوەكە بەجۆرێك لەگەڵ خێزان و بزنس تێكەڵ كراوە، ئیتر جیاكردنەوەیان سەخت بێت.
بۆیە، لێرەوە ئێمە ئۆرگانە سەرەكیە ھەڵبژێردراوەكانی نەوەی نوێ، لەبەردەم رایگشتی و گەلەكەمان رایدەگەیەنین كە دیدەگای ئێمە جیاوازە و سورین لەسەر بەردەوامی لەسەر ئەو بنەمایانەی بانگەشەمان بۆ كردن و نەوەی نوێمان لەسەر دامەزراند. ئیتر رێگە نادەین نەوەی نوێ لە بێدەنگیدا بكرێتە بازنەیەكیتری شكستی سیاسەت و ئامرازی خولیا و بەرژەوەندی تایبەتی. بۆ راستكردنەوەی سیاسەت لە زۆنگاوی ئێستا و میللەتەكەمان لە شكست، بۆ كۆتایی ھێنان بە دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی و حوكمی بنەماڵە كە لە ٢٨ ساڵی رابردودا بونەتە مایەی شكست و كارەسات بۆ گەلەكەمان، وەك ھەمیشە بێسڵەمینەوە و شێلگیرانە، بەردەوام دەبین.
ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ
فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢١ ی نیسانی ٢٠١٩