Draw Media

گەڕێكی نوێی جیابونەوە‌و ئینشیقاق

گەڕێكی نوێی جیابونەوە‌و ئینشیقاق

2019-04-20 15:37:29


راپۆرت: فازل حەمەرەفعەت 
ئەم رۆژانە هەرێمی كوردستان جموجوڵێكی نوێی جیابونەوە‌و "ئینشیقاق" لەناو حزبە سیاسییەكان بەخۆوە دەبینێت.
جموجوڵەكانی ئەمدواییەی ناو حزبە سیاسییەكان هاوكاتە لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم‌و یەكلابونەوەی ئەو لایەنانەی بەشداری تێدا دەكەن لەگەڵ پشكەكانیان.
ناڕەزایەتی ناوخۆیی ئەمجارە دوو هێزی سیاسی گرتوەتەوە كە یەكێكیان هێزێكی نوێیە لە گۆڕەپانی سیاسیدا‌و بۆ چوار ساڵی ئایندە خۆی بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆن یەكلاكردوەتەوە، ئەوی تریشیان هێزێكی ئیسلامییە كە هێشتا لەنێوان دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆندا خۆی یەكلانەكردوەتەوە.

كۆمەڵی ئیسلامی
دوێنێ سێ ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی دەستلەكاركێشانەوەیان لە حزبەكەیان راگەیاند.
ئەوانەی دەستیانلەكاركێشایەوە بریتی بوون لە هەریەكە لە (سەلیم كۆیی- سەعید هەركی- ئیسماعیل رەسوڵ)، ئەمانە لە بەرپرسە دیارەكانی كۆمەڵن لە زۆنی زەرد.
ئەو سێ سەركردایەتییەكەی كۆمەڵ لە راگەیەندراوێكدا هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان بۆ چەند خاڵێك گەڕاندەوە، لەوانە:
•    نەبوونی پرۆژەیەكی سیاسی گشتگیر.
•    جێبەجێنەكردنی بنەما پیرۆزەكانی ئیسلام لەوانە (دادگەریی، یەكسانی، شورا، راوێژ).
•    قۆرخكردنی دەسەڵات لەلایەن گروپ‌و باڵێكی ناو حزبەوە.
•    دەركردنی بڕیاری نادادپەروەرانە بەسەر كادیرو ئەندامانی حزبدا.
•    پشتگوێخستنی پێگەی سیاسی‌و ئابوری‌و دیپلۆماسی‌و جەماوەریی شاری هەولێر لەلایەن باڵی دەستڕۆیشتووی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن‌و بانگەوازەوە.
•    دروستكردنی كێشە بۆ مەڵبەند‌و ئەنجومەنەكانی حزب لە سنوری هەولێر لەلایەن باڵی دەستڕۆیشتووەوە.
•    ناڕوونی لە سیاسەتی حزبدا (تائێستا خەڵك بەرچاوی رۆشن نییە ئایا كۆمەڵ حیزبێكی ئۆپۆزسیۆنە یان بەشدارە لە حكومەت).
سەرچاوەیەكی باڵا لە كۆمەڵی ئیسلامی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" كۆمەڵ بە هیچ جۆرێك دەستلەكاركێشانەوەی ئەو سێ ئەندامەی سەركردایەتی پەسەند ناكات‌و ئێستا هەوڵ هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان".
لەبارەی كرۆكی كێشەی ئەو كەسانەی كە دەستیانلەكاركێشاوەتەوە، سەرچاوەكە وتی:" ئەو سێ ئەندامەی سەركردایەتی كێشەی كارگێڕی‌و بەڕێوەبردنیان هەیە، نەك كێشەی فیكری‌و ماددی".

 

نەوەی نوێ
چەند هەفتەیەكە لەناو جوڵانەوەی نەوەی نوێ، جوڵانەوەیەكی ناڕەزایەتی سەریهەڵداوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، چەند كەسێك لەناو ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و فراكسیۆنی جوڵانەوەكە لە پەرلەمانی عێراق‌و كوردستان نیگەرانن لە سیاسەتەكانی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەكە‌و هەندێكیان بەتەواوەتی پەیوەندییان لەگەڵ سەرۆكی جوڵانەوەكە دابڕیوە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، سەرچاوەی نیگەرانییەكانی ئەمدواییەی ناو جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە چەند خاڵێكەوە   سەرچاوەی گرتووە، لەوانە:
•    تاكڕەوی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بڕیارە سیاسی‌و ئابورییەكانی جوڵانەوەكەدا.
•    كۆنترۆڵكردنی میدیای جوڵانەوەكە لەلایەن سەرۆكی جوڵانەوەكەوە.
•    هاتنی سروە عەبدولواحید خوشكی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەكە بۆناو حزبەكە‌و دانانی لە دەستەی سەرۆكایەتی هاوپەیمانی چاكسازی‌و بونیادنان وەكو نوێنەری جوڵانەوەی نەوەی نوێ، كە زۆرینەی سەركردە دیارەكانی عێراق لەناو ئەو هاوپەیمانێتییەدان، ئەمە یەكێكە لەو هۆكارانەی كە نیگەرانی بەرپرسانی جوڵانەوەكەی لێكەوتوەتەوە.
دانانی سروە عەبدولواحید لەو پۆستەدا، زیاتر ئەندامانی فراكسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق نیگەران كردووە، كە ژمارەیان (4) كەسە، چونكە هەندێك لەوانە دەڵێن دەبوو سەرۆكی فراكسیۆنی بەغداد (رابون مەعروف) نوێنەرایەتی جوڵانەوەكەی بكردایە لەناو هاوپەیمانێتییە عێراقییەكەدا، نەك سروە عەبدولواحید، هاوكات پێیانوایە شاسوار عەبدولواحید بە هێنانی سروەی خوشكی‌و پێدانی ئەو پۆستە لە بەغداد، جوڵانەوەكە بەرەو بنەماڵەیبوون دەبات.
لەبەرامبەردا بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، شاسوار عەبدولواحید‌و كەسە نزیكەكانی دەڵێن، پۆستی نوێنەری جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەناو هاوپەیمانی چاكسازی‌و بونیادنان پۆستێكە كە نوێنەرایەتی حزبەكان دەكات، نەك نوێنەرایەتی فراكسیۆنەكان، بۆیە ناكرێت سەرۆكی فراكسیۆن لەو پۆستەدا دابنرێت. 
لەبارەی دانانی سروە عەبدولواحیدیشەوە لەو پۆستە، بەهانە بەوە دەهێنرێتەوە، سروە بەرلەوەی ببێت بە ئەندامی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، خۆی كەسایەتییەكی سیاسی كاریگەر بووە لە شەقامی عێراقیدا‌و پێشتر سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان بووە لە پەرلەمانی عێراق.
رابون مەعروف سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ شەوی پێنج شەممە لە چاوپێكەوتنێكدا لە كەناڵی (پەیام)ی سەربە كۆمەڵی ئیسلامی بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ‌و بەبێ ناوهێنان هێرشی توندی كردەسەر شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆكی جوڵانەوەكەی. رابون مەعروف وتی:" جارانی حزبەكان بازرگانیان دەكرد‌و كۆمپانیایان دادەمەزراند، ئێستا پێچەوانە بووەتەوە، بازرگان‌و خاوەن كۆمپانیا حزب دادەمەزرێنن‌و لەڕێگەیەوە پەرە بە بزنسەكەیان دەدەن".
دوای ئەوەی مشتومڕ لەسەر ئەم قسانە دروستبوو، رابون مەعروف وتارێكی لە پەیجەكەی خۆیەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك  لەژێر ناوی "نا بۆ حیزب‌و حوكمڕانی بنەماڵە" بڵاوكردەوە، لە وتارەكەدا هیچ بەهانەیەكی بۆ قسەكانی لە تەلەفزیۆنی پەیام نەهێناوەتەوە‌و جەخت لەسەر ئەوەدەكات " خۆی‌و هاوڕێكانی بڕیاریانداوە لەگەڵ خەڵكدا راستگۆ بن، ئەوان وەكو جوت حیزبی حوكمڕان‌و حیزبە تەقلیدییەكان‌و باندە سیاسییە تازەكان، تۆڕی فراوانی میدیاییان نییە، بەڵام بە گرنگی دەزانن خەڵك لە دید‌و بۆچونی ئەوان ئاگاداربن".
بەرپرسێكی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەبارەی نیگەرانییەكانی رابون مەعروفەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" بەشێك لە نیگەرانییەكانی رابون مەعروف پەیوەندی بەوەوە هەیە، ئەو نایەوێت بەشێك لە موچەكەی لە پەرلەمانی عێراق بە جوڵانەوەكە بدات، كە بەر لە كاندیدكردنیان بەڵێنیان داوە".

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand