Draw Media

عەبدولفەتاح سیسی دەتوانێت تا 2030 سەرۆك كۆمار بێت

عەبدولفەتاح سیسی دەتوانێت تا 2030 سەرۆك كۆمار بێت

2019-04-20 13:09:08


(درەو میدیا):
ئەمڕۆ هاوڵاتیانی میسر بۆ پەسەندكردن یان رەتكردنەوەی هەمواری دەستوری وڵاتەكەیان چوونە بەردەم سندوقەكانی دەنگدان‌و پرۆسەكە سێ‌ رۆژ بەردەوام دەبێت.
هەمواری دەستوری میسر دەسەڵات‌و پێگەی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆك كۆمار زیاتردەكات‌و ماوەی سەرۆكایەتی ئێستای كە چوار ساڵە دەكاتە شەش ساڵ و رێگەشی پێدەدرێت بۆ خولێكی تری شەش ساڵی خۆی كاندیدبكاتەوە بەوەش سیسی دەتوانێت تا ساڵی 2030 لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە. 
عەبدولفەتاح سیسی ساڵی 2014 بۆ یەكەمجار دوای دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی وەزارەتی بەرگری‌و لادانی محەمەد مورسی سەرۆكی پێشوو بۆ یەكەمجار بە سەرۆكی میسر هەڵبژێردرا‌و ساڵی رابردووش سیسی بۆ خولێكی تری چوار ساڵی هەڵبژێدرایەوە‌و بە گوێرەی دەستوری ئێستا ساڵی 2022 ماوەی دووەمی سەرۆكایەتی كۆتایی پێدەهات‌و مافی ئەوەشی نەبوو جارێكی تر خۆی كاندیدبكاتەوە.


هەمواری دەستور
سەرەتای شوباتی رابردوو 155 پەرلەمانتاری میسر كە زۆرینەیان سەر بە هاوپەیمانی " پشتیوانی میسر" بوون و پشتیوانی سیسی بوون، چەند پێشنیارێكیان بۆ هەمواركردنەوەی دەستور خستەڕووو دوای گفتوگۆ لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە پەسەندكران‌و ئەمڕۆش خرایە راپرسییەوە بۆ پەسەندكردنی.


سیسی‌و مافەكانی مرۆڤ
عەبدولفەتاح سیسی لەو كاتەوەی دەسەڵاتی گرتوەتە دەست رووبەڕووی رەخنەی زۆری رێكخراوەكانی بواری مافەكانی مرۆڤ بوەتەوە، بەهۆی ئەو هەڵمەتەی لەدژی ئۆپۆزسیۆن دەستیپێكردووە‌و دەیان هەزار كەسی دەستگیركردووە.
كۆمپانیای " نێت بلۆكس"ی تایبەتمەند لە بواری چاودێریكردنی چالاكییەكانی تۆڕی ئینتەرنێت دەڵێت دەسەڵاتدارانی میسر 34 هەزار ماڵپەڕۆ پێگەی ئەلیكترۆنییان بلۆك كردووە، بۆئەوەی كەس دەستی نەگات بە هەڵمەتی دژ بە هەمواری دەستور‌و راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانیش ئاماژەبەوەدەدەن كە هەڵمەتەكە 250 هەزار ئیمزای لەدژی ئەو هەموارە كۆكردوەتەوە.
لە بەرامبەردا مەحمود ئەبوحامد پەرلەمانتاری میسر لە لێدوانێكیدا بۆ فرانس پرێس دەڵێت:" سیسی رێوشوێنی سیاسی‌و ئابوری‌و ئەمنی گرنگی گرتوەتەبەر، بەوەش پێویستە رێگەی پێبدرێت بەردەوام بێت لە چاكسازییەكانی.


چۆن سیسی تا 2030 دەمێنێتەوە؟
مادەی 140ی دەستوری ئێستا میسر كە ساڵی 2014 لە راپرسییەكدا پەسەندكراوە، دەڵێت خولی سەرۆكایەتی 4 ساڵە‌و تەنها یەكجار نوێدەكرێتەوە، بەڵام بە گوێرەی هەموارە نوێیەكە خولی سەرۆكایەتی بۆ شەش ساڵ درێژدەكرێتەوە.
بە گوێرەی مادەی 241ی دەستورە نوێكە ماوەی سەرۆكایەتی ئێستا سیسی دوو ساڵی تری دەخرێتەسەر‌و ساڵی 2024یش رێگەی پێدەدرێت بۆ خولێكی تری شەش ساڵی سەرۆكایەتی خۆی كاندید بكاتەوە.
هەروەها رێگە بە سەرۆك كۆمار دەدرێت جێگرێك یان زیاتر بۆخۆی دابنێت، كە ئەو پۆستە لە دەستوری پێشوودا لابرابوو.


سوپا رۆڵی چییە؟
چالاكییە ئابوری‌و مەدەنییەكانی سوپای میسر لەدوای هاتنە سەر دەسەڵاتی سیسییەوە لە میسردا زۆر فراوان بووە، سوپا ئێستا چەندین پرۆژەی زەبەلاحی ئابوری لە ئەستۆدایە، هەروەها چەندین بەرپرسی سەربازی پێشوو، پۆستی باڵایان لە حكومەتدا هەیە.
لە هەمواری نوێی دەستوردا مادەی 200ی دەستورەكە بە جۆرێك هەمواركراوەتەوە كە جگە لە پاراستی وڵات‌و ئاسایشەكەی، سوپا ئەركی پاراستی دەستور‌و دیموكراتیەت و پاراستنی پایە بنچینەییەكانی دەوڵەت‌و مەدەنی بوونی‌و دەستكەوتەكانی گەل‌و ئازادییەكان‌و مافی تاكەكانی پێ سپێردراوە.
هەروەها مادەی 234ی دەستو كە رۆڵی ئەنجومەنی باڵای هێزە چەكدارەكانی دیاریكردووە بە دامەزراندنی وەزارەتی بەرگری، هەرچەندە بڕیاربوو ئەم مادەیە  بە كۆتاییهاتنی خولی دووەمی سەرۆكایەتی سیسی لاببرێت.


هەموارەكە‌و كاریگەری بۆسەر دەسەڵاتی دادوەری
بە گوێرەی هەمواری تایبەت بە مادەكانی 185، 189‌و 193 رێگەدەدرێت بە دامەزراندنی ئەنجومەنێكی باڵا بۆ لایەن‌و دەستە دادوەرییەكان كە سەرۆكی دەوڵەت سەرۆكایەتییان دەكات‌و سەرۆكیان بۆ دیاریدەكات، لەوانەش دادگای تێهەڵچوونەوە‌و دادگای باڵای دەستوری و داواكاری گشتی.
هەروەها هەمواری مادەی 190 تارادەیەكی زۆر دەسەڵاتی دادوەرانی ئەنجومەنی دەوڵەت لە پێداچوونەوە بە پرۆژە یاساكاندا پێش پەسەندكردنیان كەمدەكاتەوە.
مادەی 204ی دەستوریش گۆڕانكاری تێدادەكرێت‌و دەسەڵاتی زیاتر بە دادگا سەربازییەكان دەدات‌و رێگەیان پێدەدرێت كەسانی مەدەنی دادگایی بكەن‌و لە ساڵی 2011ەوە هەزاران كەسی مەدەنی براونەتە بەردەم دادگا سەربازییەكان.
كاریگەری بۆسەر پەرلەمان
مادە نوێكانی دەستوری میسر رێگەدەدات بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی ئەنجومەنی شورا، كە ساڵی 2014 هەڵوەشێندرایەوە، هەروەها سەرۆكی دەوڵەت یە لەسەر سێی ئەندامەكانی ئەنجومەنەكە كە 180 ئەندامە دیاریدەكات‌و ئەوانی تریش لە رێگەی هەڵبژاردنی راستەوخۆوە هەڵدەبژێدرێن.
ئەنجومەنی نوێنەرانیش ژمارەی كورسییەكانی لە 596 كورسییەوە بۆ 450 كەمدەكرێتەوە‌و رێژەی 25%ی كورسییەكانیش بۆ ژنان تەرخاندەكرێت.


بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand