سەركردەكانی كۆمەڵ: پێگەی جەماوەری شاری هەولێر پشتگوێخراوە
2019-04-19 15:09:36
(درەو میدیا):
سێ ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان دەستلەكاركێشانەوەیان ڕاگەیاند، ئەو سێ كەسەی كە دەستیانلەكاركێشاوەتەوە بریتین لە:
• (سەلیم كۆیی) ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵو لێپرسراوی ناوەندی پەیوەندییەكانی كۆمەڵ
• (سەعید هەركی) ئەندامی سەركردایەتیو لێپرسراوی مەڵبەندی 11ی دەوروبەری هەولێر
• (ئیسماعیل ڕەسوڵ) لێپرسراوی مەڵبەندی 3ی هەولێر
ئەو سێ سەركردەیەی كۆمەڵ لەنامەیەكدا هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان لە كۆمەڵی ئیسلامی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە. وەكو خۆیان دەڵێن: هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەیان دەگەڕێتەوە بۆ " پشتگوێخستنی پێگەی سیاسیو ئابووریو دیپلۆماسیو جەماوەریی شاری هەولێری پایتەخت لەلایەن باڵی دەستڕۆیشتوانی ئەنجومەنی بانگەوازو بەڕێوەبردنی كۆمەڵو .. قۆرغكاری دەسەڵات لەناو گروپو باڵێكی ناو كۆمەڵی ئیسلامیو دەركردنی چەندین بڕیاری نادادوەرانە بەسەر كادیرو ئەندامانی ناو حزب".
دەقی پەیامی دەستلەكاركێشانەوەی سەركردەكانی كۆمەڵ:
بەناوی خوای گەورەی میهرەبان
بۆ/ خەڵكی هەرێمی كوردستان/ ئیسلام دۆستانی دڵسۆز/ رای گشتی/ كەناڵەكانی راگەیاندن
بابەت/ دەست لەكاركێشانەوە
لەسۆنگەی بڕوابوونمان بەوەی حیزب دەبێ ئامرازێك بێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجگەلێك كە لەسایەیدا دادپەروەریو ئارامیو خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك دەستەبەربكاتو هەلی یەكسان بڕەخسێنێ بۆ دەرخستنی تواناو كارامەییو لێهاتوویەكانی كادیرانو ئەندامەكانی لەپێناو خزمەتكردنی باشترو هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی گەورەتر بۆ گەلو وڵاتەكەی، بەڵام ئەوكاتەی حیزب خۆی ببێت بەئامانجو سەرچاوەی بژێوی بۆ كەسانێكی دیاری كراو و نەتوانێت لەخودی خۆیدا دادپەروەری بەرقەرار بكات پێویستە سەركردایەتیو كادیرانو ئەندامەكانی هەموو هەوڵو تەقەلاكانیان بخەنەگەڕ بۆ چاكسازیو ڕاستەڕێ كردنی، ئەگەرنا لانی كەم هەڵوێست وەربگرن.
بەڕێزان...
دوای ئەوەی بەشێكی زۆری تەمەنمان بەدڵسۆزانەو لێنەبڕاوانە لە رابوونی ئیسلامی بەسەربردوەو لەخزمەتی بانگەوازی ئیسلامی بووینە لە ریزەكانی كۆمەڵی ئیسلامیو پێشتریش لە چوارچێوەی بزوتنەوەی ئیسلامی، ئێمەی ئەندامانی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كە ناو و پۆستو واژۆمان لەخوارەوە هاتووە، ئەمڕۆ رۆژی هەینی 19/4/2019 رایدەگەیەنین كە واز لە گشت پۆستەكانمان دەهێنینو دەست لەكاردەكێشینەوە لە ئەندامێتی ئەو حزبە. ئەم بڕیارەشەمان بە كورتی دەگەڕێنینەوە بۆ ئەو هۆكارانەوەی خوارەوە:
یەكەم: نەبوونی پرۆژەیەكی سیاسی گشتگیر بەجۆرێك خزمەتی گشت چین وتوێژەكانی كۆمەڵگەی كوردی بكات بێ جیاكاری لە نێوان تاكەكانی.
دووەم: جێبەجێنەكردنی ئەو بنەما پیرۆزانەی ئیسلام كە بانگەشەی بۆ دەكرێت لەناو حیزب. بنەماكانی دادگەری، و یەكسانیو شوراو راوێژ تەنها بونەتە دروشمو لە هەڵسوكەوتی ناو حزب بەدیناكرێنو پێچەوانەكەشی جێبەجێ دەكرێن لە قۆرغكاری دەسەڵات لەناو گروپو باڵێكی ناو كۆمەڵی ئیسلامیو دەركردنی چەندین بڕیاری نادادوەرانە بەسەر كادیرو ئەندامانی ناو حزب.
سێیەم: پشتگوێخستنی پێگەی سیاسیو ئابوریو دیپلۆماسی و جەماوەریی شاری هەولێری پایتەخت لەلایەن باڵی دەسترۆیشتوانی ئەنجومەنی بانگەوازو بەڕێوەبردن. تەنانەت زۆرجار كێشەو گرفتی گەورە دروستكراوە بۆ مەڵبەندو ئەنجومەنەكانی سنوری پارێزگای هەولێر لەلایەن ئەو گروپە.
چوارەم: نەبوونی ستراتیژو پلانی سیاسی تۆكمە لەلایەن حزبەوە. ئەم نەبونی پلانەش بۆتە هۆكاری ناڕونی لە سیاسەتی حزبدا؛ هەر بۆیە تائێستاش خەڵكی كوردستان بەرچاوی رۆشن نیە ئایا كۆمەڵ حزبێكی ئۆپۆزسیۆنە یاخود بەشدارە لە حكومەت؟!
ئێمە لەگەڵ ئەوەی دووپاتی دەكەینەوە كە لەم بەروارەی سەرەوە هیچ پەیوەندیەكمان نەماوە بە كۆمەڵی ئیسلامی، داوا لە بەڕێز ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی دەكەین هەوڵی راستەقینە بدات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناو حزبەكەیو ئێمەش بەڵێن دەدەین لەدەرەوەی ئەو حزبە هاوكاری دڵسۆزیان بین بۆ پرۆسەی چاكسازی ریشەیی لە كۆمەڵی ئیسلامیو هەر پڕۆژەیەكی ئیسلامی تر.
لە كۆتاییدا دەست لەكاركێشانەوەمان لەو حزبە مانای دەستبەرداربونمان ناگەیەنێ لە پرۆژە ئیسلامیو چاكسازیەكان، بەڵكو دەبێتە سەرەتای دەستپێكی قۆناغێكی نوێی بانگەوازی ئیسلامیو پرۆسەی چاكسازی سیاسی ریشەیی لە هەرێمی كوردستان. خوای گەورە پشتوپەنامان بێت بۆ دینو ژینی هەمووان.
سەلیم كۆیی/ ئەندامی سەركردایەتیو لێپرسراوی ناوەندی پەیوەندیەكانی كۆمەڵی ئیسلامی
سەعید هەركی/ ئەندامی سەركردایەتیو لێپرسراوی مەڵبەندی (11)ی دەوروبەری هەولێر
ئیسماعیل رەسول/ ئەندامی سەركردایەتیو لێپرسراوی مەڵبەندی (3)ی هەولێر