عەرباوی بۆ زێباری: نەوتەكە رادەست بكەن
2019-04-18 12:41:18
(درەو میدیا):
قسەیەكی هۆشیاری زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، كاردانەوەی رەوتی حیكمەو حزبی دەعوەی عێراقی بەدوای خۆیدا هێنا.
هۆشیار زێباری حزبی دەعوەو رەوتی حیكمە بە هەوڵدان بۆ شكستپێهێنانو دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق تۆمەتباركرد.
زێباری لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی:" حزبی دەعوەی ئیسلامی لەگەڵ حەكیم پلاندادەڕێژن بۆ دوورخستنەوە عادل عەبدولمەهدی، دوای ئەوەی دەنگدەرانی عێراق لە هەڵبژاردنی 2018 سزایاندان بەهۆی شكستەكانیان لە ساڵی 2014دا، پێویستە بوەستێنرێن، چونكە شتێكی تازەیان پێی نییە پێشكەشی بكەن".
لە كاردانەوەی ئەم هەڵوێستەی زێباریدا، سەلاح عەرباوی بەڕێوەبەری نوسینگەی عەممار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە هێرشی توندی كردە سەر هۆشیار زێباری.
عەرباوی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی: بۆ وەزیری لەكارلابراوی پێشوو هۆشیار زێباری، پێش ئەوەی ببیت بە پارێزەری حكومەتی عەبدولمەهدی، رێككەوتنەكەتان لەگەڵیدا جێبەجێبكەن بۆئەوەی 250 هەزار بەرمیل نەوت بچێتە گەنجینەی دەوڵەتەوە، نەك بۆ گیرفانی حزبەكان".
هاوكات عەلی عەلاق، سەركردە لە حزبی دەعوە لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بە وتەكانی زێباری رایگەیاند، تۆمەتباركردنیان بە هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی عەبدولمەهدی بێ بنمایەو پشتی بە هیچ بەڵگەیەكی روونو ئاشكرا نەبەستووەو لە پشت ئەو تۆمەتانەوە ئامانجو مەبەستی سیاسی هەن.