پارەی موچەخۆران دەدرێتەوە بە قەرزی كۆمپانیاكان
2019-04-18 08:50:41
راپۆرتی: محەمەد رەئوف
بەپێی بەدواداچونێكی ( درەو میدیا) حكومەتی هەرێمی كوردستان پارەی موچەی موچەخۆرانی داوە بە قەرزی كۆمپانیا بیانیەكان، تەنها داهاتی هەرێمی كوردستان بەبێ بەغداد بەشی موچەی تەواوی موچەرانی هەرێمە.
دواكەوتنی موچە
ئەگەرچی وەزیری درایی حكومەتی هەرێم چەند جارێك رایگەیاند كە هەموو 30 رۆژ جارێك موچە دەدرێت بە موچەخۆران، بەڵام ئەم مانگە موچەی موچەخۆران دواكەوت ، هۆكاری دواكەوتنی موچە ناردنی پارەبوو لە بەغداوە ئەگەرچی بەغداد مانگانە لە 15 بۆ 17 ی هەموو مانگێك پارە دەنێرێت، لە كاتێكدا بەوتەی وەزیری دارایی عێراق بەغداد پارەی مانگەكانی ( 1 ، 2 ، 3 )ی موچەخۆرانی هەرێمی رەوانەكردووە كە مانگانە ( 522 ملیار ) دینارە، لە ئێستاشدا حكومەتی هەرێم موچەی مانگی یەكی موچەخۆران دابەدەكات، بەپێی زانیاریەكانی ( درەو میدیا) حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو پارەیەی لە بەغداوە دێتە هەرێم و بۆ موچەی موچەخۆرانە دەداتەوە بە قەرزی كۆمپانیا بیانیەكان، هەروەك د. رێبوار كەریم ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە " حكومەتی هەرێم موچەی فەرمانبەران بۆ پینەكردنی گەندەڵییەكانی خۆی بەكاردەهێنێت" بەو پێیەی هەرێمی كوردستان بە بە داهاتی ناوخۆ و نەوت و ئەو پارەیەی كە لەبەغداوە دێت بە ئاسانی دەتوانێت موچەی موچەخۆرانیش بدات و قەرزی كۆمپانیاكانیش بداتەوە.
داهاتەكانی هەرێم
بەپێی بەدواداچوونێكی ( درەو میدیا) حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاسانی دەتوانێت موچەی موچەخۆرانی هەرێم دابین بكات بەبێ ئەو پارەیەش كە لەبەغداوە دێت، بەو پێیەی".
• داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم لە ئێستادا زیاتر لە ( 700 ملیار ) دینارە
• كۆی داهاتی ناوخۆی هەرێم نزیكەی ( 150 ملیار ) دینارە
• پارەی ئەمریكیەكان ( 30 ملیار ) دینارە
• كۆی گشتی ئەو داهاتانە دەكاتە ( 880 ملیار) دینار
• كۆی پارەی موچەخۆرانی هەرێم پێویستی بە ( 881 ملیار) دینار هەیە
واتا واتا حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاسانی دەتوانێت بەبێ پارەی بەغداد موچەی تەواوەتی موچەخۆرانی هەرێم بدات.
لە كاتێكدا كۆی داهاتی هەرێم ( داهاتی نەوت ، ناوخۆ ، پارەی ئەمریكا، پارەی بەغداد ) دەكاتە :.
• پارەی بەغداد مانگانە ( 522 ملیار) دینار
• داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم لە ئێستادا زیاتر لە ( 700 ملیار ) دینارە
• كۆی داهاتی ناوخۆی هەرێم نزیكەی ( 150 ملیار ) دینارە
• پارەی ئەمریكیەكان ( 30 ملیار ) دینارە
• كۆی گشتی داهاتی هەرێم دەكاتە ( یەك ترلیۆن و 402 ملیار) دینار
پارەی هەرێم چی لێدێت
لە كاتێكدا د. فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندووە كە پارەی تەواوی مانگەكانی ( 1 ، 2 ، 3 ) ی موچەخۆرانی هەرێمی رەوانەكردووەو چوارشەمەش موچەی مانگی ( 4 ) ی رەوانەكردووە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر چاوی لە پارەكەی بەغدایە، عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت" مانگی پێشوو ٧٢٤ ملیار دینار لە بەغداوە هاتووە" بەو پێیەش بەبێ پارەی نەوت هەرێم توانیویەتی لەگەڵ پارەی داهاتی ناوخۆ موچەی موچەخۆران بدات، پرسیارەكە ئەوەیە ئەی پارەی نەوت چی لێدێت؟
عەلی حەمە ساڵح لە نوسێنێكدا لە پەیجی فەرمی خۆی دەڵێت" بڕێكی زۆری پارەی نەوتی هەرێمی كوردستان نادیارە، ئێستا هەرێمی كوردستان ڕۆژانە ٤٢٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، كۆی داهاتی مانگانەی نەوت كە دەدرێتە موچە ٣٥٠ ملیار دینارەو بەمەش لە هەر بەرمیلێك هەرێم تەنیا ٢٣ دۆلاری دەمێنێتەوە لە كاتێكدا نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت ٧٠ دۆلارە"
واتا ئەوەی نادیارو ناشەفافە پارەی نەوتی هەرێمە، چی لێدێت و بۆكوێ دەچێت؟