ئەمریكا سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە
2019-04-08 15:30:45
درەو میدیا:
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی خستە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە، ئەوەی یەكەمینجارە كە واشنتۆن هێزێكی سەربازی رەسمی وڵاتێكی تر بخاتە ریزی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە.
ترەمپ دوای بڕیارەكەی جەختیشیكردەوە لەوەی واشنتۆن بەردەوام دەبێت لەسەر زیاتركردنی فشاری دارایی بۆسەر ئێران، بەهۆی پشتیوانیكردنی لە چالاكییە تیرۆریستییەكان.
ترەمپ وتیشی:" سوپای پاسداران بەشێوەیەكی كارا بەشداریدەكات لە هاوكاریكردنی دارایی و پشتیوانیكردنی تیرۆر".
هاوكات مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، سوپای پاسداران هاوشێوەی حزبوڵاو حەماس و جیهادی ئیسلامی خراوەتە لیستی تیرۆرەوەو داوا لە هەموو بانكە بیانییەكان دەكەین هەموو پەیوەندییەكانیان لەگەڵ سوپای پاسداران بپچڕێنن.
پۆمپیۆ ئاشكراشیكرد، سوپای پاسداران دارایی رژێمی ئێران بۆ رێكخراوە تیرۆریستییەكان تەرخاندەكاتو ئێران پێویستە پێش هەر هێرشێك بۆسەر ئەمریكا باش بیربكاتەوە كە سوپای پاسداران لەكاتی دامەزراندنیەوە ئامانجی هەناردەكردنی شۆڕشی ئێرانە بەهەموو رێگایەك.
ئێران بە هەمان شێوە وەڵامدەداتەوە
لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بەو بڕیارەی ئەمریكا، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند وەڵامدانەوەی هاوشێوە، واقیعیترین هەنگاوە بۆ بەرپەرچدانەوەی بە تیرۆر ناساندنی سوپای پاسداران.
زەریف راشیگەیاند داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەكات هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا بخاتە لیستی تیرۆرەوە.
سوپای پاسداران
سوپای پاسداران كە كورتكراوەی سوپا پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانە، لقێكە لە هێزە چەكدارەكانی ئێران، 22ی نیسانی 1979 بە فەرمانی ئیمام خومەینی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران دامەزرێندراوە.
بە گوێرەی دەستوری ئێران، سوپای كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەرگریكردن لە سنورەكانی ئێرانو پاراستی سیستمی ناوخۆی ئێرانی پێسپێردراوە، پاراستنی رژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەناوخۆو دەرەوە بە سوپای پاسداران سپێردراوە.
سوپای پاسداران بەشێكی زۆری كەرتی ئابوری لە ئێراندا كۆنترۆڵكردووەو كاریگەریو هەژمونی زۆری لەسەر سیستمی سیاسی ئەو وڵاتە هەیە.
بەرپرسە باڵاكانی سوپای پاسداران:
* لیوا محەمەد عەلی جەعفەری : فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران
* لیوا قاسم سولەیمانی: فەرماندەی فەیلەقی قودس
* عەمید محەمەد باكبور: فەرماندەی هێزی زەمینی
* عەمید عەلی فەدەوی: فەرماندەی هێزی دەریایی
* عەمیدی ئەمیر عەلی حاجی زادە: فەرماندەی هێزی ئاسمانی
* عەمید غوڵامحسێن غەیب پەروەر: فەرماندەی هێزەكانی بەسیج