Draw Media

لە خۆشەویستی بۆی كوڕێكی ناوناوە سەددام

لە خۆشەویستی بۆی كوڕێكی ناوناوە سەددام

2019-04-06 15:47:28


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ
بە درێژایی زیاتر لە چوار دەیە، خەلیفە حەفتەر كەسایەتییەكی دیاری گۆڕەپانی سیاسی لیبیایە، هەرچەندە پێگەكەی لە كاتێكەوە بۆ كاتێكی تر گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
حەفتەر یەكێك بوو لەو چەندان ئەفسەرەی كە ساڵی 1969 هاوكاری موعەممەر قەزافیان كردو لە كودەتایەكی سەربازیدا دژی شا ئیدریس سەنوسی پادشای لیبیان قەزاقیان گەیاندە دەسەڵات.


درەوشانەوەی ئەستێرەی حەفتەر
دوای كودەتاكەن قەزافی حەفتەری پاداشتكردو كردیە فەرماندەی گشتی ئەو هێزانەی كە شەڕیان لەدژی وڵاتی چاد بەرپاكرد، ئەو هەنگاوەش سەرەتای كەوتنی حەفتەر بوو، چونكە لەو جەنگەدا هێزەكانی لیبیا زۆر بە سەختی لەلایەن هێزەكانی چادەوە تێكشكێنران‌و حەفتەر و 300 لە سەربازەكانی ساڵی 1987 بەدیلگیران.
قەزافی دەستبەرداری حەفتەر بوو، سەرەتا نكوڵی كرد لەوەی كە هیچ هێزێكی لیبیا لە چاد بێت، ئەو هەڵوێستەش حەفتەری وابێكرد ژیانی خۆی بۆ رووخاندنی قەزافی تەرخان بكات، لە كۆتایی هەشتاكاندا حەفتەر لە رژێمەكەی قەزافی جیابوەوە‌و بەرەو ئەمریكا كۆچی كردو چەند راپۆرتێكیش باسیان لە نزیكی لە دەزگای هەواڵگری ئەمریكاوە دەكرد.


گەڕانەوە لە تاراوگە
ساڵی 2011 لەگەڵ راپەڕینی گەلی لیبیا دژ بە رژێمەكەی قەزافی، حەفتەر گەڕایەوە وڵات‌و هەرزوو بوو بە یەكێك لە سەركردە سەرەكییەكانی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن لە خۆرهەڵاتی وڵات.
حەفتەر لە راپەڕینی گەلی لیبیا لەدژی قەزافی شان بەشانی گروپە ئیسلامییەكان جەنگا، بەڵام دواتر بووە دوژمنێكی سەرسەختیان.
دوای ماوەیەك دیارنەمان لە شانۆی سیاسی‌و سەربازی لیبیا، حەفتەر شوباتی 2014 دەركەوتەوە، كاتێك لەرێگەی تەلەفزیۆنەوەو لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا پلانی خۆی بۆ " رزگاركردنی وڵات" راگەیاندو داوای لە هاوڵاتیانی لیبیا كرد روبەڕووی كۆنگرەی نیشتمانی گشتی ببنەوە، ئەم كۆنگرەیە ئەو پەرلەمانە بوو كە دوای شۆڕش هەڵبژێردرابوو،  لەو كاتەدا  گروپی ئەنسار شەریعەی سەر بە رێكخراوی قاعیدە و چەند گروپێكی تر كۆنترۆڵكردنی شاری بەنغازیان راگەیاند كە دووەم گەورەترین شاری لیبیایە.
لە ئایاری 2014 حەفتەر ئۆپەراسیۆنی " كەرامە"ی لە بەنغازی لە خۆرهەڵاتی لیبیا لەدژی گروپە ئیسلامییە چەكدارەكان راگەیاند، كە لە نێویشیاندا گروپێكی نزیك لە رێكخراوی ئیخوان موسلمین هەبوو، بەوەش حەفتەر سەركەوتوو بوو لەوەی لە گۆڕەپانی دەرەوەدا وەك نەیارێكی ئیسلامییەكان خۆی نمایشبكات، بەوەش پشتیوانی هەردوو وڵاتی میسر‌و ئیماراتی بەدەستهێنا.
هەروەها هێرشیكردە سەر تەلاری پەرلەمان لە تەرابلوسی پایتەخت و ئەو ئۆپەراسیۆنەشی بە راپەڕینێك وەسفكرد دژ بەو حكومەتەی كە ئیسلامییەكان كۆنترۆڵیان كردووە.
لە ئازاردی 2015 ئەنجومەنی نوێی نوێنەرانی لیبیا كە جێگەی كۆنگرەی نیشتمانی گشتی گرتەوە، حەفتەری وەك فەرماندەی گشتی " سوپای نیشتمانی لیبیا" دیاریكرد كە توانی دوای نزیكەی ساڵێك گروپە ئیسلامییە چەكدارەكان لە بەنغازی‌و دەوروبەری دووربخاتەوە.


خواستە سیاسییەكانی
لە ئەیلولی 2016 حەفتەر ئۆپەراسیۆنی " هەورە بروسكەی رفێنەر"ی دەستپێكرد بۆ كۆنترۆڵكردنی دامەزراوەو كێڵگە نەوتییەكانی ناوچەی هیلالی نەوت، بەوەش كلیلی گرنگترین هەناردەی وڵاتی رادەستی هاوپەیمانەكەی كرد كە پەرلەمانی توبرقە.
حەفتەر دان بە حكومەتی ویفاقی نیشتمانیدا نانێت كە فایز سەراج سەرۆكایەتی دەكات‌و لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە رەسمی ناسێنراوە، سەراج جەختدەكاتەوە لەسەرئەوەی فەرماندەیی سوپا لەژێر چاودێری حكومەتەكەیدا بێت.
لەگەڵ ئەوەشدا سەراج ئایاری 2017 لەگەڵ حەفتەردا رێككەوت و لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا رایانگەیاند بەیەكەوە كاردەكەن بۆ كۆتاییهێنان بە قەیرانی وڵات، بەڵام هیچ بڕگەیەكی ئەو رێككەوتنە جێبەجێ نەكرا.
هاوینی 2017 دەنگۆی خراپبوونی دۆخی تەندروستی حەفتەر بڵاوكرایەوە كە برایە نەخۆشخانەیەكی فەرەنساو ئەوكات وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەیدا رایگەیاند دۆخی تەندروستی حەفتەر جێگیرە‌و لە نەخۆشخانەیەكی سەربازی چارەسەر دەكرێت و هیچ وردەكارییەكی دەربارەی نەخۆشییەكەی ئاشكرانەكرد.


حەفتەر‌و سەددام حسێن
حەفتەر یەكێك لەو فەرماندە سەربازییانەی كە رەنگە بە سەددام حسێن سەرسام بێت، بۆیە كوڕێكی ناوناوە سەددام و كوڕێكی تریشی ناوی خالیدە‌و هەردووكیان ئەفسەرن لە سوپای نیشتمانی لیبیادا.
چەند رۆژێكە حەفتەر ئۆپەراسیۆنێكی بۆ كۆنترۆڵكردنی تەرابلوسی پایتەخت‌و ناوچەكانی خۆرئاوای لیبیا دەستپێكردووە هێزەكانی لە پایتەخت نزیكبوونەتەوەو سەرەڕای بانگەوازی وڵاتانی زلهێزی وەك ئەمریكا‌و روسیا‌و یەكێتی ئەوروپا‌و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، حەفتەر ئامادەنیە هێرشەكەی رابگرێت.
سەرچاوە: بی بی سی 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand