توركیا لەلایەن ئەمریكاوە سزادەدرێت
2019-04-06 14:35:58
( درەو میدیا):
قۆناغێكی تری گرژی و ئاڵۆزی لە پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكاو توركیا دەستیپێكردو سەرەڕای نیگەرانی روونو ئاشكرای واشنتۆن، ئەنكەرە سوورە لەسەر كڕینی سیستمی موشەكی ( ئێس- 400)ی روسی.
هەرچەندە واشنتۆن بەهۆی ترسی ئەمنییەوە لە سیستمی موشەكی ( ئێس- 400)ی روسی بەرنامەی پێدانی فڕۆكەی ( ئێف – 35)ی بە توركیا هەڵپەسارد، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە نوێترین هەڵوێستیدا رۆژی هەینی جەختیكردەوە كە بەردەوام دەبن لەسەر كڕینی سیستمت موشەكی ( ئێس- 400) لە سوریا.
تا ئێستا چەندینجار بەرپرسانی ئەمریكا لەسەر ئەو پرسە هۆشداریان داوەتە بەرپرسانی ئەنكەرەو لە چەند رۆژی رابردوودا مەولودچاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەكانی ئەمریكا گەیشتە واشنتۆن، بەڵام نەیتوانی بەرپرسانی ئەو وڵاتە قایل بكات كە رەزامەندی نیشان بدەن بە كڕینی سیستمی موشەكی ( ئێس- 400) روسی.
بەرپرسانی ئەمریكا دەڵێن توركیا ئەندامێكی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی " ناتۆ" یەو كڕینی سیستمی بەرگری موشەكی روسی مەترسی دەبێت بۆسەر سیستمی بەرگری خۆرئاواو لەرووی پراكتییكیەوە لەگەڵ ئامێرو كەلوپەلە سەربازییەكانی ناتۆدا یەكناگرێتەوە.
ئەمریكا لە یەكەمین هەنگاویدا بۆئەوەی توركیا لە هەنگاوی كڕینی سیستمی موشەكی روسیا پاشگەزبكاتەوە بەرنامەی فرۆشتنی فڕۆكەی ( ئێف 35)ی ئەمریكی بە توركیا راگرت، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رەخنەی لەو هەنگاوە گرت و رایگەیاند پرۆسەی كڕینی سیستمی موشەكی ( ئێس- 400)ی روسی تەواو بووەو وڵاتەكەی لە تەمموزی داهاتووە دەستدەكات بە وەرگرتنی سیستمەكە.
بە گوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵ بێجگە لە راگرتنی فرۆشتنی فڕۆكەی ئێف – 35 بە توركیا، رەنگە واشنتۆن بە گوێرەی یاسای " كاتسا" ( یاسای نەهێشتنی دوژمنەكانی ئەمریكا لەرێگەی سزاوە) سزا بەسەر توركیادا بسەپێنێتو سزای هەموو ئەو قەوارەو كۆمپانیاو وڵاتانە بدات كە بازرگانی دەكەن لەگەڵ روسیادا لە كەرتەكانی بەرگریو هەواڵگری رەسمی و تایبەتی روسیا و ئێس 400و چەكی دژە موشەك و فڕۆكەی هاوشێوەی سیستمی دژە موشەكی پاتریۆتی ئەمریكی.
جگە لە كەیسی كڕینی موشەكی ( ئێس – 400)ی روسی، ئەنكەرەو واشنتۆن لە پرسی مامەڵەكردن لە كێشەی سوریاو پەیوەندیو هاوكاری واشنتۆن بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات لە رۆژئاوای كوردستانو باكوری سوریا ناكۆكن، بەردەوام دەسەڵاتدارانی توركیا هەوڵدەدەن واشنتۆن لە هاوكاریكردنی ئەو هێزە رابگرن.