لیبیا.. كێ شەڕ لەدژی كێ دەكات؟
2019-04-05 21:30:13
راپۆرتی: بی بی سی
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ
ساڵی 2011 خەڵكی لیبیاو گروپە چەكدارەكانی ئەو وڵاتە بە هاوكاری پەیمانی باكوری ئەتڵەسی " ناتۆ" كۆتاییان بە دەسەڵاتی رژێمەكەی موعەممەر قەزافی هێنا، بەڵام ئەو شۆرشە سەقامگیری ئەو وڵاتەی لێ نەكەوتەوەو زۆری نەخایاند گروپ و میلیشیاكان بەهۆی دەستوەردانی دەرەكییەوە شەڕی ناوخۆیان بەرپاكرد،
ئێستا ئەو وڵاتە لەلایەن میلیشیاكانەوە بەڕێوەدەبرێت كە هەریەكەیان ئەجێندای وڵاتێكی ئیقلیمی یان دەرەكی جێبەجێ دەكات و لە چەند رۆژی رابردووشدا شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە پێی نایە قۆناغێكی مەترسیدارەوەو هێزەكانی سەربە " خەلیفە حەفتەر" كە كۆنترۆڵی خۆرهەڵاتی لیبیایان كردووە ئۆپەراسیۆنیان بۆ كۆنترۆڵكردنی تەرابلوسی پایتەختو ناوچەكانی خۆرئاوای لیبیا دەستپێكرد.
میلیشیاكانی تەرابلوس بەرگری دەكەن
میلیشیاكانی سەربە حكومەتی لیبیا كە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدانراوە، بەڵێنیانداوە بەرگری لە تەرابلوسی پایتەختو ناوچەكانی تری خۆرئاوای لیبیا بكەن، دژی ئەو هێرشەی كە هێزەكانی سوپای نیشتمانی لیبیا بە سەركردایەتی " خەلیفە حەفتەر" لە رۆژهەڵاتەوە دەستیانپێكردووە.
ئەوەش دوای ئەوەی حەفتەر رۆژی 4ی نیسان رایگەیاند فەرمانی بە هێزەكانی داوە بەرەو خۆرئاوای لیبیا دەست بە جوڵە بكەنو تەرابلوسی پایتەخت كۆنترۆڵبكەن، كە بارەگای سەرەكی حكومەتی ویفاقی نیشتمانییەو لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە پشتیوانی لێدەكرێت.
حكومەتی ویفاقی نیشتمانی لیبیا كە ئازاری 2016 راگەیەندراو فایز سەراج سەرۆكایەتی دەكات، بۆ پارێزگاریكردن لە ئاسایشو سەقامگیری ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پشت بە ژمارەیەك میلیشیا دەبەستێت، ئەم میلیشیایانە چەند چالاكییەكی هاوشێوەی هێزەكانی ئاسایشو پاسەوانی دامەزراوەكان ئەنجامدەدەن, هەندێكجار دەگاتە ئاستی دیپۆرتكردنەوەی ئەو كەسانەی كە ناوچەكانیان كۆنترۆڵدەكرێتو گوشاریش دەخەنە سەر دامەزراوە داراییەكان و ژمارەیەكی زۆر لەو میلیشیایانە بەهۆی بەناوبانگی فەرماندەكانیانەوە دەناسرێن، هەتا چەند میلیشیایەكیان ناوی فەرماندەكانیان هەڵگرتووە.
دیارترین ئەو میلیشیایانەی بەرگری لە تەرابلوسی پایتەخت دەكەن ئەمانەن:
هێزەكانی پاراستنی لیبیا:
هاوپەیمانێتییەكە زۆرینەی ئەو میلیشیایانەی لەخۆگرتووە كە لە پایتەخت جێگیربوون و كانونی یەكەنی 2018 پێكهێنراوەو دیارترین ئەو میلیشیایانەی لەخۆگرتووە كە سەربە حكومەتی ویفاقی نیشتمانیین وەك شۆڕشگێڕانی لیبیا، لیوای نەواسی ، هێزە بەپەرچدانەوەو هێزی فریاكەوتنی هاوبەشی میحوەری ئەبوسلیم، میلیشیاكانی باب تاجورا.
ئەم میلیشیایانە لە كانونی یەكەمی رابردوو بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكەیان ئیمزاكردو رایانگەیاند ئەم هاوپەیمانێتییە لەژێر چاودێری حكومەتی ویفاقی نیشتمانیدا دەبێتو پاراستی ئاسایشی تەرابلوسو نێردراوە دیپلۆماتییەكان لەئەستۆدەگرێتو هاوكاری دەسەڵاتی دادوەریش دەكات بۆ دەستگیركردنی هەركەسێك كە تۆمەتباربێت لە گەندەڵییدا.
ئەم هاوپەیمانێتییە لەدوای هەوڵێكی زۆری حكومەت هاتە ئاراوە بۆ زامنكردنی ئاسایشی پایتەخت، دوای پێكدادانی خوێناوی میلیشیاكان كە لە ئابو ئەیلولی ساڵی رابردوو روویدا.
شۆڕشگێڕانی لیبیا:
هەیسەم تاجوری سەرۆكایەتی دەكات، رووبەرێكی بەرفراوانی تەرابلوسی پایتەختی كۆنترۆڵكردووە كە لەژێر دەستی حكومەتی ویفاقی نیشتمانیدایەو لە كۆتاییەكانی ساڵی 2017دا ئەم میلیشیایە ناوچەی وەرشڤانەی لە باشووری تەرابلوس كۆنترۆڵكرد دوای شەڕو پێكدادانی لەگەڵ میلیشایەكی تردا، ئەو جموجوڵەش بە دەستكەوتێكی ئەنجومەنی سەرۆكایەتی حكومەتی ویفاق ئەژماركرا.
تەمموزی رابردوو ئەم میلیشیایە فەتحی میجباری ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆكایەتی دەستگیركرد، بە گومانی لایەنگیری بۆ هێزەكانی خۆرهەڵاتی لیبیا، میلیشیای شۆڕشگێڕانی لیبیا ساڵی رابردوو چەندین شەڕی بەرپاكردووە بۆئەوەی میلیشیاكانی تر لە ناوەندی پایتەخت دووربخاتە وەك شەڕی دژی هەر چوار لیوا سەرەكییەكەی تەرابلوسو هێزی نیشتمانی میسراتە كە زۆرینەیان ئەمازیغین.
هێزی بەرپەرچدانەوەو فریاكەوتنی هاوبەشی میحوەری ئەبوسلیم:
ئەم هێزە لەلایەن عەبدولغەنی كیكلیەوە سەركردایەتی دەكرێت كە یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی تەرابلوس و بە ناوی " غنیوە" ناسراوە.
ئەم میلیشیایە چەند ناوێك بەكاردەهێنێت، وەك لیوای ئەبوسلیم ( كە لە ناو تەرابولسدا جێگیرە)، یان هێزەكانی غنیوە، ئەو ناوەی كە زۆر بەكەمی بەكاردەهێنرێت بریتیە لە هێزی بەرپەرچدانەوەو فریاكەوتنی هاوبەش.
ئەم میلیشیایەش سەربە حكومەتی ویفاقی نیشمانییەو یەكێكە لەو چوار میلیشایەی كە تەرابلوسی پایتەختیان كۆنترۆڵكردووە، سەرەڕای چوونە ناو هاوپەیمانێتییەكەوە، بەڵام لە ململانێو ناكۆكیدایە لەگەڵ لیوای نەواسیو بەهۆی ناكۆكی نێوخۆییەوە تەمموزی رابردوو یەكێك لە فەرماندەكانی لیوای ئەبوسلیم كوژراو ئابی رابردووش هێرشی كردە سەر كەمپی ئاوارەكان لە شاری تاورغا.
لیوای نەواسی:
هەروەها بە هێزی هەشتەمیش دەناسرێت، یەكێك لە هێزەكانی سەربە حكومەتی ویفاقی نیشتمانی، باوەڕ وایە كە ئەم هێزە لە پشت رفاندنی بەڕێوەبەری دارایی دەستەی وەبەرهێنانی لیبیاوەیە لە كۆتایی تەمموزی رابردوودا، لەماوەی رابردوودا ئەم لیوایە لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی معێتیقیە جێگیربوون، دوای گومانبردن بەوەی كە گروپێكی نەیار هەوڵی كۆنترۆڵكردنی ناوچەكە دەدەن.
ئایاری 2017 هێزەكانی لیوای نەواسی تانكیان لە شەقامەکانی تەرابلوسدا بڵاوكردەوەو وەك بۆ ناڕەزایەتیی نیشاندان بەرامبەر بە "محەمەد سیالە" وەزیری دەرەوەی حكومەتی ویفاق كە خەلیفە حەفتەری وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی لیبیا ناساند.
هێزەكانی بەرپەچدانەوەی تایبەت:
ئەم هێزانە سەربە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی ویفاقن، یەكێك لەو میلیشیایانەی كە زۆترین مشتومڕی لەسەرە، لە تەمموزی رابردوودا هێزەكە دوو رۆژنامەنوسی بیانی ئازادكرد، دوای دوو مانگ دەستگیركردن لە بنكەی ئاسمانی معێتیقیە بە پاساوی لێكۆڵینەوە لێیان، چەند مانگێكیش پێش ئەوە هێزەكە تۆمەتەكانی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی تایبەت بە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤی رەتكردەوە.
ئەم هێزانە یەكێك لە كەسایەتییە دیارەكانی تەرابلوس بەناوی "عەبدولڕەئوف كارە" سەرۆكایەتیان دەكات، ئەركی سەرەكیان بریتیە لە روبەڕوبونەوەی تاوانو بازرگانیكردن بە مادە هۆشبەرەكان، دواتریش ئەركی دەستگیركردنی ئەوانەی گومان دەكرێت سەر بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی " داعش" بن لەئەستۆگرت.
ئایاری رابردوو ئەنجومەنی سەرۆكایەتی فەرمانیدا بە هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی تایبەتو تێكەڵاوكردنیان لەگەڵ دەزگای نەهێشتنی تاوانی نارێكخراوو تیرۆر، بەڵام تائێستا ئەو هێزانە ئامادەنین ئەو بڕیارە جێبەجێ بكەنو بەردەوامن لە دەستگیركردنی گومانلێكراوانو بڵاوكردنەوەی چالاكییەكانیان لە پەیجی تایبەتی خۆیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك.
میلیشاكانی تری تەرابلوس:
* لیوای ( البقرە):
ناوی ئەم هێزە لە فەرماندەكەیەوە " بەشیر خەلەف ئەڵا"ەوە وەرگیراوە كە بە " بەشیرە بەقەرە" ناسراوە، یەكێك بوو لەو میلیشیانەی كە بەشداری شەڕۆ پێكدادانەكانی دەوروبەری فڕۆكەخانەو بنكەی ئاسمانی معێتیقییەی كردوووە.
دوای شەڕێكی خوێناوی لەگەڵ هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا، وەزیری ناوخۆی حكومەتی ویفاق فایز سەراج، بڕیاریدا بەهەڵوەشاندنەوەی ئەم لیوایە، بەڵام تائێستا بەردەوامە لە كارەكانی.
* فەیلەقی سەلاح بەركی:
پشتیوانی لە كۆنگرەی گشتی نیشتمانی دەكات، ئەو پەرلەمانەی كە ئیسلامییەكان تێیدا زۆرینەن، هەروەها پشتیوانی لە حكومەتی رزگاری نیشتمانی دەكات كە رەتیدەكاتەوە دانبنێت بەو دامەزراوانەی كە نەتەوە یەكگرتووەكان پشتیوانیان لێدەكات.
هەروەها ئەم فەیلەقە پەیوەندی بە هێزەكانی " فەجری لیبیا" ەوە هەیە كە سەربە كۆنگری گشتی نیشتمانیو سەربە ئەندامی پێشووی كۆنگرەكە سەلاح بادییە كە دوای شەڕو پێكدادانی ئەمدواییە بڕیاریدا هێزەكانی لە دەرەوەی لیبیاوە رەوانەی وڵات بكاتەوە.
بادی ساڵی 2014 سەركردایەتی هێزەكانی فەجری لیبیای كرد بۆ بەرگریكردن لە دەسەڵاتەكانی كۆنگرەی فەجری لیبیا لە تەرابلوس، ئەوەش بووە هۆی وێرانبوونی فڕۆكەخانەی تەرابلوسی نێودەوڵەتی.
* لیوای حەوت لە تەرهونە ( كانیات):
شەڕوپێكدانانەكانی 26و 27ی ئابی رابردوو دەگەڕێتەوە بۆ لیوای حەوت لە تەرهونە، كە بە كانیات دەناسرێت، بەهۆی فەرماندەكەیەوە كە ناوی (محەمەد كانی) یە.
بنكەی سەرەكی ئەم هێزە شاری تەرهونەیە كە دەكەوێتە 60 كیلۆمەتری باشوری خۆرهەڵاتی تەرابلوسی پایتەخت.
میلیشیاكانی شۆڕشگێڕانی لیبیا، هێزەكانی ئەبوسلیم، لیوای نەواسی، لەماوەی رابردوودا رێككەوتن لەسەر راگرتنی شەڕ لەدژی لیوای تەرهونە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو هێزە بەڵێنیدا لە پێگەكانی لە ناوەڕاستی تەرابلوس بكشێتەوە.
ئەنجومەنی نیشتمانی خۆی لە لیوای تەرهونە بەدووردەگرێت، سەرەڕای ئەوەی پەیوەندی بەو قەوارەوە هەیە كە نەتەوە یەكگرتوەكان پشتگیری لێدەكات، لە ساڵی 2017دا دەنگۆ ئەوە بڵاوبوەوە كە لیواكە لە هێرشێكدا لە تەرهونە هەشت ئەندامی خێزانێكی كوشتووە.
لیوای حەلبوس:
بنكەی سەرەكی شاری میسراتەیە، حوزەیرانی 2017 فایز سەراج سەرۆكی حكومەتی ویفاقی نیشتمانی، فەرماندەی ئەو لیوایەی كردە فەرماندەی گشتی هێزەكانی لە ناوچەی ناوەندیی سەربازیی.
ئەم لیوایە سەر بە قەوارەیەكی بچوترە كە بە فەیلەقی 310 ناودەبرێتو سەربە ئەنجومەنی سەرۆكایەتی بوو، بەڵام ئێستا ئەمیش وەك لوای تەرهونە نازانرێت سەربە كێیە.