سیناریۆكانی ئەمریكا بۆ وەڵامدانەوەی هێرشە كیمیاییەكەی سوریا
2018-04-12 09:50:40
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكەی ئەمریكا لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە شاری دوما لەلایەن حكومەی سوریاوە هەڕەشەی ئەوەی كرد كە وەڵامی توند دەداتەوە و وتی "روسیا ئامادەبە مووشەكەكانمان بەڕێوەن بۆ سوریا"، ئەمەش لە وەڵامی ئەو بەرپرسانەی روسیادا بوو كە رایانگەیاند ئەگەر هەر هێرشێك بكرێتە سەر سوریا مووشەكەكانی ئەمریكا دەخەنە خوارەوە.
دوای شكستهێنانی هەوڵە دیپلۆماتییەكان لە ئەنجومەنی ئاسایشی دەربارەی رێوشوێنی لێكۆڵینەوە لە چەكی كیمیایی لە سوریا ئێستا واشنتۆن و هاوپەیمانەكانی لە وەشاندنی گورزێكی سەربازی لە هێزەكانی بەشار ئەسەد دەكۆڵنەوە و باسیش لە چەند سیناریۆیەك دەكرێت بۆ وەڵامدانەوەی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە سوریا كە ئەمانەن:
فشاری دیپلۆماتی : وەك لە سەردەمی ئۆباما روویدا
یەكێك لە ئامانجەكانی ئەم هەڵمەتەی دژی سوریا فشاری دیپلۆماتیە بۆسەر رژێمەكەی ئەسەد بۆ ئەوەی چ چەكێكی كیمیایی هەیە دەستبەداری بێت، هەروەك چۆن لە ئابی 201دا گەورەترین هێرشی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن ئەسەدەوە لە غۆتەی رۆژهەڵات روویدا و سەدان هاوڵاتی مەدەنی كوژران، ئەوكات دوای قسەكردن لە دەستوەردانی ئەمریكا لەسەردەمی باراك ئۆبامادا، روسیا پێشنیاری كرد چەكی كیمیایی رژێمی سوریا لەناوببرێت بۆئەوەی دەستوەردانی سەربازی روونەدات، رژێمی سوریاش بەڵێنیدا لە 19ی ئابی 2014ەوە واز لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی بهێنێت و رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایش بەشداریكرد لە لەناوبردنی چەكی كیمیایی سوریا، بەڵام راپۆرتێكی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز كە شوباتی رابردوو بڵاوكرایەوە لەسەر زاری پسپۆرانی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە ئاشكرایكرد بەڵگە هەیە كە رژێمی سوریا چەكی كیمایی زیاتری هەیە و مادەی زیاتریش لە كۆریای باكور وەردەگرێت كە دەتوانرێت لە دروستكردنی چەكی كیمیاییدا بەكاربهێنرێت.
بەڵام ئەم سیناریۆیە كە تەنها خۆی لە فشاری دیپلۆماتیدا دەبینێتەوە وادەكات كە ترەمپ لەسەر رێبازی ئۆباما دەڕوات، و كاتێك ئۆباما بیری لە وەشاندنی گورزی سەربازی دەكردەوە لە سوریا بەهۆی بەكارهێنانی چەكی كیمیاییەوە، ترەمپ گومانی لە سوودی ئەو هێرشە بوو لە تویتەردا نوسی" چی دەچنینەوە لە لێدانی سوریا جگە لە قەرز و ململانێیەكی دوور و درێژ؟."
بەڵام وادەردەكەوێت كە ترەمپ دوای وەرگرتنی دەسەڵات هەڵوێستی بەرامبەر سوریا گۆڕابێت، چونكە دركی بەوە كردووە كە شتەكان لە راستیدا وەك ئەوە نین كە بڕوات پێیەتی، ئەمەش بەرای پسپۆری ئەڵمانی هینینگ ریكە لە ناوەندی ئەڵمانی بۆ پەیوەندییەكانی دەرەوە.
هێرشی سەربازی سنوردار: ئەمە ئەگەرێكی زۆر چاوەڕوانكراوە
ئەو پسپۆرە ئەڵمانییە لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ بەشی عەرەبی DW وتی ترەمپ ئەوە دووبارەدەكاتەوە كە نیسانی ساڵی رابردوو ئەنجامیدا، كاتێك لە وەڵامی هێرش بۆسەر خان شەیخون بە غازی سارین، ترەمپ فەرمانیدا گورزێكی سەربازی لە ئەسەد بوەشێنرێت و هێزەكانی ئەمریكا زیاتر لە 50 موشەی تۆماهۆكیان ئاراستەی بنكەیەكی هێزی ئاسمانی سوریا كرد، بەبێ ئەوەی هیچ رێوشوێنێك بگیرێتە بەر بۆ گۆڕانكاری لەسەر خاكی سوریا و ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا كە لەماوەی 24 كاتژمێردا دووجار بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ترەمپدا كردووە جەختیكردەوە هەر جوڵەیەكی سەربازی هاوپەیمانەكانی حكومەتی سویا یان هیچ لایەنێكی دیاریكراو ناگرێتەوە، بەڵام دامەزراوە كیمیاییەكانی سەر بە حكومەتی سوریا بە ئامانجدەگرێت و توێژەی روسی " ڤیكتۆر لیتۆڤكینیش ئەم سیناریۆیەی بە ئەگەرێكی چاوەڕوانكراو دانا و رایگەیاند گورزەكەی ئەمریكا خۆی لە ئاراستەكردنی چەند موشەكێكی تۆماهۆكدا دەبینێتەوە كە لە هەردوو كەشتی جەنگی " دۆناڵد كوك" و" پۆرتەر" وە ئاراستەدەكرێت كە ئێستا لە سوریا نزیكدەبنەوە.
گورزێكی كەمەرشكێن لە بەشار ئەسەد
بەرای دانیال سیروێر پسپۆری ئەمریكی وەڵامدانەوەی ئەمریكا ئەگەر چەند گورزێكی دیاریكراو بێت كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێت، بەڵام بە دووریشی نەزانی گورزێكی بەهێزی سەربازی لە ئەسەد بوەشنێنرێت و وتی" لەوانەیە هێزی سەربازی ئەسەد بە تەواوەتی وێرانبكرێت، جگە لە بەئامانجگرتنی كۆشكەكانی سەرۆكایەتی ."
هێرشێكی كۆنترۆڵنەكراو
دانیار سیروێر بڕوای وایە كە ئەگەری ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان روسیا و ئەمریكا و رووبەڕبوونەوەی ئەو دوو هێزە لە سوریا لە ئارادایە و دەڵێت گومانی تێدانیە كە روسەكان تۆڵەدەكەنەوە ئەگەر سەربازەكانیان بكوژرێن.
لە ساڵی 2015ەوە دوای دەستوەدرانی روسیا لە سوریا، هەردوو سوپای ئەمریكا و روسیا هەوڵیانداوە خۆیان لە بەریەككەوتن بەدووربگرن، بەڵام لە شەڕی پارێزگای دێرزوردا لە شوباتی رابردوودا هێزەكانی ئەمریكا دەیان كارمەندی گرێبەستی روسیان كوشت یان برینداركرد، بەڵام دۆخەكە دوای پەیوەندیكردنی ئەفسەرانی سوپای ئەمریكا بە سوپای رووسیاوە نەگەیشتە رووبەڕبوونەوەی زیاتر و ڤیتكۆر لیتۆڤكینی پسپۆری روسی بڕوای وایە ئەگەری ئەوە هەیە كە هێرشەكەی ئەمریكا بۆسەر سوریا رووبەڕبووەوەی مەترسیداری نێوان ئەو دوو زلهێزەی لێبكەوێتەوە و دەڵێت " ئەگەر بنكەی حمێمیمی روسیا لە سوریا بەئامانج بگیرێت، ئەوا ئەوە وەك راگەیاندنی جەنگی دژ بە روسیا و ئەوەش بە مانای هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهانی دێت."
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ