Draw Media

ئوسامە نوجێفی: پارتی و بەرهەم ساڵح لە هاوپەیمانێتییەكەمانەوە نزیكن

ئوسامە نوجێفی: پارتی و بەرهەم ساڵح لە هاوپەیمانێتییەكەمانەوە نزیكن

2018-04-11 13:19:29


وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت
ئوسامە نوجێفی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق كە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكی لایەنە سوننەكان دەكات بە ناوی هاوپەیمانی (بڕیار- القرار) لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) باسلەوە دەكات هاوپەیمانێتییەكەیان نزیكایەتی هەیە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرهەم ساڵح.
هەر لەو چاوپێكەوتنەدا ئوسامە نوجێفی وەكو یەكێك لە كەسایەتییە دیارەكانی پێكهاتەی سوننە لە عێراق رەتیدەكاتەوە سوننە ئامادەبێت پۆستی سەرۆك كۆمار وەرگرێت ئەگەر ئەو پۆستە دەسەڵاتی نەبێت، هاوكات لەگەڵ رەتكردنەوەی ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان، نوجێفی سیاسەتی حكومەتی ناوەندی عێراقیش رەتدەكاتەوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان وەكو پارێزگاكان نەك وەكو هەرێمێكی دەستوری.
(درەو) ژمارەیەك لەو پرسیار و وەڵامانەی كە بۆ خوێنەری كورد گرنگ وەرگێڕایە سەر زمانی كوردی و لێرەدا بڵاوی دەكاتەوە.

شەرقولئەوسەت: دوێنێ دوای دیدارەكەتان لەگەڵ سەید عەممار حەكیم راتانگەیاند ئێوە دژی زۆرینەی سیاسیین، سروشتی مەترسییەكانی ئێوە چۆنە ؟
ئوسامە نوجێفی: لە وڵاتێكدا كە پێوەرەكانی دیموكراسیەتێكی راستەقینە هەبێت، زۆرینەی سیاسی دەكرێت ناونیشانێكی ئاسایی بێت، لە عێراق مەودایەكی فراوان هەیە لەنێوان ئەوەی كە هەیە و ئەوەی كە پێویستە هەبێت. پاشان ئۆپۆزسیۆن لە عێراقدا پارێزراو نییە، ئەمە وادەكات تێگەیشتنی زۆرینەی سیاسی كە هەندێك لایەن باگەشەی بۆ دەكەن ببێت بە سەرەتایەك بۆ تاكڕەوی، لە واقیعدا بەوتای زۆرینەی شیعە دێت لەگەڵَ پەراوێزێكی سوننە و كورد، ئەمەش بەواتای دیكتاتۆریەتێكی نوێ دێت بەناوی زۆرینەی سیاسییەوە، لە عێراق هێشتا جیاوازیمان هەیە و پێویستمان بە قۆناغی ئایندە هەیە كە تێیدا بارودۆخەكە زیاتر پێبگات، بەجۆرێك حوكمڕانییەكی دیموكراتی دروستبكەین كە پێكبێت لە زۆرینەیەك كە حوكم بكات و كەمینەیەكیش كە ئۆپۆزسیۆن بێت، بەپێی بنەماكانی گەمەی دیموكراتی و دەستور، ئەوەش تائێستا فەراهەم نەبووە.

شەرقولئەوسەت: ئێستا باس لە ئەگەری دابەشكردنی پۆستە باڵاكان دەكرێت لەنێوان كورد و عەرەبی سوننە، بەجۆرێك پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ عەرەبێكی سوننە دەبێت و كورد پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەردەگرێت، بەپێچەوانەی ئەوەی ئێستا هەیە، چۆن لەم بابەتە دەڕوانن، بەتایبەتی كە ناوی تۆ دەهێنرێت وەكو كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ؟
ئوسامە نوجێفی: سەرەتا دەبێت هەیبەتێك بە سەرۆكایەتی كۆمار بدرێت، لەبەرئەوەی بەداخەوە ئێستا سەرۆكایەتی كۆمار هەیبەتی نییە، لەگەڵ ئەوەی كە بەپێی دەستور سەرۆكایەتی كۆمار پایەی كۆتایی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە، ئەوكات دەكرێت بیر لەوە بكرێتەوە ئەو پۆستە پشكی سوننە بێت. راستە سەركردەی سوننە هەیە لە روانگەی بازنە عەرەبییەكەی عێراقەوە داوادەكات ئەو پۆستە پشكی سوننە بێت، بەڵام پۆستێكی بێ دەسەڵات چ سودێكی دەبێت ! لەكاتێكدا دەسەڵاتێكی فراوان لای سەرۆكایەتی كۆمار هەیە بەڵام جێبەجێ ناكرێت، وەكو ئەوەی بویسترێت ئەو پۆستە بەشێوەیەكی رووكەش بمێنێتەوە.

ئوسامە نوجێفی: دەبێت هەیبەتێك بە سەرۆكایەتی كۆمار بدرێت، لەبەرئەوەی بەداخەوە ئێستا سەرۆكایەتی كۆمار هەیبەتی نییە


شەرقولئەوسەت: تۆ ئێستا سەرۆكایەتی هاوپەیمانی (بڕیار- القرار) دەكەیت و چونەتە ناو هەڵبژاردنی پەرلەمانیی داهاتووەوە، چانستان چۆنە ؟ ئایا كوتلەكەتان هاوئاهەنگە، بەتایبەتی دوای كشانەوەی شێخ خەمیس خەنجەر ؟
ئوسامە نوجێفی: ئێمە وەكو ئەوەی دەیبینین، بەپێی پێشبینییەكانیش، گەورەترین كوتلەی سونین، رۆڵی گرنگمان دەبێت لە دیمەنی سیاسی داهاتووی دوای هەڵبژاردنەكاندا، ئێمە گونجاوین، هەموو ئەوەی بڵاودەكرێتەوە لەبارەی ناكۆكی لەنێوان لایەنەكانی هاوپەیمانێتییەكە راست نین، لایەنە ركابەرەكانی لە پشتە. تەنانەت چونەدەرەوەی شێخ خەمیس خەنجەریش هەرگیز بەهۆی ناكۆكییەوە نەبووە، حزبەكەی (پرۆژەی عەرەبی) لەناو هاوپەیمانێتییەكە بووە. ناكۆكی لەبارەی ژمارەی پلەبەندییەكانەوە هەبوو، بەڵام بەخێرایی ئەو بابەتانە یەكلاكرانەوە، ئەوانە بابەتگەلێكن كە زیان بە بنەمای شەراكەت ناگەیەنن.


شەرقولئەوسەت: هەموو سەرەنجەكان لەسەر دوای هەڵبژاردنەكانن، چ ئەو لایەنەی كە قەبارەی كوتلەكان دیاری دەكات یان هەڵبژاردنی حكومەت. چ كوتلەیەك لە ئێوەوە نزیكە بۆ هاوپەیمانێتییەكانی داهاتوو ؟
ئوسامە نوجێفی: هەندێك كوتلە هەن كە لەڕووی رێباز و روانگەوە لە ئێمەوە نزیكن، لێكتێگەیشتنمان لەگەڵ كورد هەیە بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی، هەروەها لەگەڵ دكتۆر بەرهەم ساڵح. لەناو كوتلەكانی شیعەشدا حەكیم و موقتەدا سەدر و عەبادی نزیكن لە ئێمەوە.

لێكتێگەیشتنمان لەگەڵ كورد هەیە بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی، هەروەها لەگەڵ دكتۆر بەرهەم ساڵح


شەرقولئەوسەت: ئایا پشتیوانی حەیدەر عەبادی دەكەن بۆ ویلایەتی دووەم ؟
ئوسامە نوجێفی: بەڵێ، پشتیوانی دەكەین بۆ ویلایەتی دووەم بەڵام بەمەرج، ئێمە كارنامەیەكی روون و شەراكەتێكی سیاسی راستەقینەمان دەوێت، بەڵام وەكو هاوبەشێكی گریمانەكراو دەمێنێتەوە. هەمان شتیش بۆ كەسایەتییەكانی تری وەكو حەكیم و سەدر، ئێمە وای دەبینین بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كەسایەتی بەڕێز و گرنگیان هەیە.


شەرقولئەوسەت: پەیوەندی نێوان بەغداد و هەولێر بە گۆڕانكاری زۆردا تێدەپەڕێت، چۆن لە سروشت و ئاستی ئەو پەیوەندییانە دەڕوانن ؟
ئوسامە نوجێفی: كێشەی كورد ئەوەیە ئەوان هەمیشە چاویان لە دەوڵەتی كوردییە، پەلەیان كرد لەو ریفراندۆمەی كە ساڵی رابردوو كردیان، دەستكەوتی زۆریان لەدەستدا كە لە ساڵانی رابردوو بەدەستیان هێنابوو. چوارچێوەی گشتی بۆ پەیوەندی نێوان بەغداد و هەولێر بۆ ماوەیەكی زۆر لەدوای ساڵی 2003 وە وەكو لێكتێگەیشتنی نێوان شیعە- كورد مایەوە، ئێمە وەكو سوننە بەشێك نەبوین لێی. ئەوە لەسەر حسابی پرۆسەی سیاسی بوو. هەندێك شت لەنێوانیان هەیە ئێمە ئاگاداری نەبووین، بەڵام هێزی كورد لەبەرامبەر گەشەكردنی هێزی بەغداد لاواز دەبێت، تاوەكو گەیشتە ریفراندۆم، كە بەر لە خەڵكی تر كێشەی بۆ كورد دروستكرد، ئێمە دژی ریفراندۆم بوین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی ئێستا تێبینی دەكەین شتێكی ناڕاستە، كوردستان هەرێمێكی دەستورییە، نابێت لەرێگەی مامەڵەكردن لەگەڵ كوردستان وەكو پارێزگاكان، دەستور پێشێلبكرێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand