Draw Media

بۆچی سوریا‌و ئیسرائیل زۆر گرنگی بە جۆلان دەدەن؟

بۆچی سوریا‌و ئیسرائیل زۆر گرنگی بە جۆلان دەدەن؟

2019-03-23 11:19:51


راپۆرتی: رۆیتەرز
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند كاتی ئەوە هاتووە دابنرێت بە سەروەریی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەكانی جۆلاندا كە ئیسرائیل لە شەڕی 1967دا داگیریكرد.
ترەمپ كانونی یەكەمی 2017 لە بڕیارێكی هاوشێوەدا قودسی وەك پایتەختی ئیسرائیل ناساند و بڕیاریدا باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی بگوازێتەوە ئەو شارە، ئەوەش توڕەیی فەلەستینییەكان‌و سەركردەی وڵاتە ئیسلامیی و عەرەبییەكانی لێكەوتەوە.
پێدەچێت ئەو هەڵوێستە نوێیەی دەربارەی بەرزاییەكانی جۆلان، پلانەكەی ترەمپ بۆ چارەسەری كیچشەی فەلەستین- ئیسرائیل ئاڵۆزتر بكات، كە ماوەیەكە جیهان چاوەڕوانی راگەیاندنییەتی.
لێرەدا چەند زانیارییەكی گرنگ لەسەر بەرزاییەكانی جۆلان دەخەینە روو كە رووبەەكەی 1202 كیلۆمەتر چوارگۆشەیەو دەڕەوانێت بەسەر لوبنانداو دراوسێی ئوردنیشە.


هۆكاری ناكۆكی لەسەر ناوچەكە چییە؟
بەرزاییەكانی جۆلان هەتا ساڵی 1967 بەشێك بوو لە سوریا، لەو ساڵەدا ئیسرائیل زۆرینەی ناوچەكەی لە شەڕی شەش رۆژەدا داگیركرد و ساڵی 1981 كردیە بەشێك لەو وڵاتە، بەڵام تائێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی بەوەدا نەناوە و سوریاش بەردەوام داوای دەكاتەوە.
سوریا لە شەڕی ساڵی 1973دا هەوڵیدا جۆلان بەدەستبهێنێتەوە، ئیسرائیل‌و سوریا ساڵی 1974 لەسەر ئاگربەست رێككەوتن‌و لەو كاتەوە نیمچە سەقامگیرییەك باڵی بەسەر جۆلاندا كێشاوە.
ساڵی 2000 ئیسرائیل و سوریا دەربارەی چارەنوسی جۆلان‌و گەیشتن لە رێككەوتنی ئاشتی دانوستانیان دەستپێكرد، بەڵام شكستیانهێناو نەگەیشتەنە رێككەونن.

ئیسرائیل بۆچی جۆلانی دەوێت؟
ئیسرائیل دەڵێت جەنگی ناوخۆیی سوریا وای پێویست كردووە كە پارێزگاری لە جۆلان بكات، بۆئەوەی ببێتە ناوچەیەكی دابڕێنراو لە نێوان شارۆچكەكانی ئیسرائیل‌و سوریای ئاڵۆزدا.
هەروەها حكومەتی ئیسرائیل دەڵێت كە ترسی لە ئێرانی هاوپەیمانی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا هەیە كە هەوڵدەدات لەناو سنوری سوریادا بوونی هەمیشەیی هەبێت، بۆئەوەی هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل.
زۆری سەرچاوەی ئاو‌و بەپیتی خاكەكەی سوریا‌و ئیسرائیلی والێكردووە كە زۆر ئارەزووی جۆلان بكەن و دیمەشق جەختدەكاتەوە كە ئەو بەشەی جۆلان كە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیركراوە، خاكێكی داگیركراوە داوای دەكاتەوە.

كێ‌ لە جۆلاندا دەژی؟
زیاتر لە 40 هەزار كەس لە بەرزاییەكانی جۆلان دەژین كە ئیسرائیل داگیریكردووە و زیاتر لە نیوەیان دورزیین، دورزییەكان كەمینەیەكی ئاینین لەناو سوریادا و بەشێكی زۆریان پشتیوانی رژێمی سوریان.
دوای داگیركردنی جۆلان، ئیسرائیل بژاردەی بەدەستهێنانی رەگەزنامەی ئیسرائیلی خستە بەردەم دورزییەكان، بەڵام زۆرینەیان رەتیانكردەوە‌و هەتائێستاش رەگەزنامەی سورییان هەیە، جگە لەوانیش نزیكەی 20 هەزار ئیسرائیلی لە جۆلان نیشتەجێكراون كە زۆربەیان لە بواری كشتوكاڵ و گەشتوگوزاردا كاردەكەن.

كێ‌ بەری سوریای جۆلانی كۆنترۆڵكردوە؟
ساڵی 2011 پێش بەرپابوونی قەیرانی سوریا، گرژی‌و ئاڵۆزی لە نێوان هێزەكانی ئیسرائیل‌و سوریا لە  ناوچەكەدا هەبوو، بەڵام ساڵی 2014 چەندین چەكداری ئیسلامی كە هەوڵیاندەدا رژێمەكەی بەشار ئەسەد بڕوخێنن لەبەری سوریا پارێزگا قونەیترەیان كۆنترۆڵكرد‌و ئەو چەكدارانە هێزەكانی سوریایان ناچار بە كشانەوە كرد و هێزەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانیشیان ناچاركرد هەندێك بنكە‌و بارەگایان چۆڵ بكەن، هەتا هاوینی 2018 ناوچەكە لەژێر دەسەڵاتی چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریادا بوو، بەڵام هێزەكانی سوریا بە پاڵپشتی روسیا شاری قونەیترەو ناوچەكانی دەوروبەریان كۆنترۆڵكردەوە‌و بەرێككەوتنێك چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنیان ناچاركرد ناوچەكە بەجێبهێڵن.

دۆخی سەربازی جۆلان ئێستا چۆنە؟
هێزەكانی حكومەتی سوریا لەبەری سوریاوە دەروازەی قونەیترەیان بەدەستهێنایەوە و تشرینی یەكەمی 2018ەوە جارێكی تر دەروازەكە كرایەوەو هێزەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانیش سەرقاڵی نۆژەنكردنەوەی ئەو بنكە‌و بارەگایانەیانن كە چەند ساڵێك لەمەوبەر ناچاربوون لێی بكشێنەوە.
سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەداوە كە تەگەرە ناخاتە بەردەم گەڕانەوەی سوپای سوریا بۆ قونەیترە، بەڵام چەندین جار نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لەوەی كە ئەسەد پابەندی ئاگربەست نابێت، یان رێگە لە ئێرانی هاوپەیمانی یان حزبوڵای لوبنان دەدات لەو ناوچەدا بڵاوببنەوە.
كێ‌ سوریاو ئیسرائیل لە جۆلان جیادەكاتەوە؟
هێزێكی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ چاودێریكردن و رێگەگرتن لە شەڕی نێوان سوپای سوریا‌و ئیسرائیل لە ناوچەی نێوان بەری سوریا‌و ئیسرائیلی جۆلان جێگیربوون و چەندین خاڵی چاودێریان داناوەو چەند چاودێرێكی سەربازی نەتەوە یەكگرتووەكان چاودێری ئاگربەستی نێوانیان دەكەن.
لە نێوان سوپای سوریاو ئیسرئیلدا لە جۆلان " ناوچەیەكی دابڕێنراو"، هەروەها داماڵراو لە چەك هەیە‌و رووبەرەكەی 400 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە‌و بە گوێرەی رێككەوتنی ئاگربەستی نێوان سوریا‌و ئیسرائیل رێگە بە هێزەكانی هیچ لایەك نادرێت بچنە ئەو ناوچەیە.
بە گوێرەی ئەو رێككەوتنە كە 31ی ئایاری ساڵی 1974 كراوە، هێڵی " ئەلفا" لە بەری خۆرئاوای ناوچە دابڕێنراوەكە كێشراوە‌و دەبێت هێزەكانی ئیسرائیل لە پشت ئەو هێڵەوە بن، هێڵی " براڤۆش بە ئاراستەی خۆرهەڵات كێشراوە كە دەبێت هێزەكانی سوریا لە پشتییەوە بن.
هەروەها ناوچەیەكیش كە رووبەرەكەی 25 كیلۆمەتر چوارگۆشەیەو دەكەوێتە پشتی " ناوچە دابڕێنراوەكە" هەیەو هەردوولا چەندین مەرجیان بەسەردا سەپێندراوە دەربارەی ژمارەی هێزەكانیانو جۆر‌و بڕی چەكەكانی كە هەیانە لەو ناوچەیەدا.
لە نێوان بەری ئیسرائیل‌و سوریای جۆلاندا، تەنها دەروازەیەك هەبوو كە هەتا بەرپابوونی شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی 2011 زۆربەی كات بۆ هاتوچۆی هێزەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ژمارەیەكی دیاریكراو لە دورزییەكان و گواستنەوە بەروبومی كشتوكاڵی بەكاردەهێنرا.,

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand