Draw Media

عەبادی داوای كەمكردنەوەی ماوەی بانگەشە دەكات

عەبادی داوای كەمكردنەوەی ماوەی بانگەشە دەكات

2018-04-11 13:10:27


ریاز بەدران سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنەكان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، كۆمسیۆن هیچ داوایەكی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی بۆ كەمكردنەوەی ماوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەدەستنەگەیشتووە.
ئەم قسەیەی سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنەكان وەڵامدانەوەیە بۆ راگەیەندراوێك كە لەسەر لاپەڕی تایبەتی سەرۆك وەزیران لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكراوەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوەكراوە" حەیدەر عەبادی داوایەكی رەوانەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كردووە بۆ كەمكردنەوەی ماوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن كە بڕیارە رۆژی 14ی ئەم مانگە دەستپێبكات، بۆ ئەوەی شەقامەكان پڕ نەكرێن لە لافیتەی بانگەشە و ئەو خەرجیانە كەمبكرێنەوە و بخرێنە شوێنێكی دروستەوە كە خزمەت بە خەڵك بكەن".
سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنەكان لە كۆمسیۆن لە لێدوانێكدا بۆ سایتی (غەد پرێس) دەڵێت: ئەو ماوەیەی كە بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریكراوە كاری كۆمسیۆنە و پێشتر كۆمسیۆن نوسراوی دەركردووە و هەڵمەتەكە بەشێوەیەكی فەرمی لە رۆژی 14ی نیسان دەستپێدەكات و 24 كاتژمێر بەر لە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن رادەوەستێت".
ریاز بەدران رایگەیاند، داواكردنی كەمكردنەوەی ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەچێتە خانەی بیروبۆچونی تایبەتیی سەرۆك وەزیرانەوە، كۆمسیۆن یاسا و سیاسەت و ستراتیژی تایبەت بەخۆی هەیە ئەو بڕیار دەدات لەسەر سیستمی هەڵمەتی هەڵبژاردن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand