سەرۆكی كازاخستان هەوڵدەدات كچەكەی جێگەی بگرێتەوە
2019-03-22 12:04:27
( درەو میدیا):
دوای نزیكەی 30 ساڵ لە دەسەڵات، نورسوڵتان نزاربایێڤ, سەرۆكی كازاخستان دەستیلەكاركێشایەوەو تا كاتی هەڵبژاردنی گشتی وڵات دەسەڵاتی رادەستی سەرۆكی ئەنجومەنی پیرانكردو لە دوای ئەو هەنگاوەش جموجوڵ بۆ جێگرتنەوەی لەلایەن داریگای كچییەوە لەو وڵاتە دەستیپێكرد.
نورسوڵتان نزاربایێڤ، لە ساڵی 1991ەوە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤیەتو سەربەخۆیی كازاخستانەوە سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە دەكات, رۆژی 19ی ئازار دەستیلەكاركێشایەوەو دوای ئەو كارەی نزاربایێڤ، یەكەمین هەنگاو بۆ بنەماڵەییكردنی دەسەڵات لەو وڵاتە دەستیپێكردو ئەنجومەنی پیرانی كازاخستان قاسم جۆمەرتی وەك سەرۆكی كاتی وڵات دیاریكرد و داریگا نزاربایێڤی كچی سەرۆكیش كە سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەو بەرگریو ئاسایش بوو بە سەرۆكی ئەنجومەنی پیران هەڵبژێردرا.
داریگا نزاربایێڤ دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی ئەنجومەنی پیران رایگەیاند كاردەكات بۆ نوێكردنەوەی كۆمەڵگەو بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و پارێزگاریكردن لە چینە لاوازەكانی كۆمەڵگە.
نورسوڵتان نزاربایێڤ سەرۆكایەتی حزبی " خاكی باوباپیران"ی دەكرد و كچەكەشی سەرۆكایەتی حزبی " ئاسار"، لە ساڵی 2006دا باوكو كچ حزبەكانیان یەكخست و حزبێكی نوێیان بەناوی حزبی " نور ئایان" واتە ( پرشنگی خاكی باوباپیران" دامەزراند و ئێستا ئەو حزبە زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی كازاخستانی بەدەستەوەیە.
داریگاو دیارنەمانی 200 ملیار دۆلار
ماڵپەڕی ئەلیكترۆنیی راپۆرتێكی بڵاوكردەوە و ئاماژەی داوە بەوەی كە داریگا نزاربایێڤ ساڵی 2003 پاسپۆرتێكی ساختەی بەناوی "داریگا عەلیێڤا" بەكارهێناوە بۆ كردنەوەی ئەژمارێكی بانكی بۆ چەندین ملیار دۆلار و پلاندانان بۆ سپیكردنەوەی بڕێكی زۆر پارە كە پەیوەندی راستەوخۆی بە " راخت عەلیێڤ" هاوسەری داریگاوە هەبوو كە ساڵی 2015 كۆچی دواییكرد.
بە گوێرەی بانكی نێودەوڵەتی كازاخستان لەساڵی 1999ەوە لە بواری داهاتی ناوخۆدا ساڵانە گەشەكردنی ئیجابی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام ئەوەی جێی رامانو پرسیارە ئەوە ئەگەر ئەو وڵاتە ئەو هەموو ملیار دۆلارەی بەهۆی گەندەڵییەوە لەدەست نەدایە كە بە گوێرەی خەمڵاندنەكان لە 10 ساڵی یەكەمی سەربەخۆییەوە ئەو وڵاتە 25%ی كۆی داهاتی ناوخۆی لە دەستداوە، ئەوا ئێستا كازاخستان لە دۆخێكی ئابوری باشتردا دەبوو.
راپۆرتەكان ئاماژەیان بۆئەوە كردووە كە رێككەوتن نییە ئەو وڵاتە چەندین ملیار دۆلار لە دەرەوە لە دەستبدات، كە زاوای سەرۆكو نەوەكەیو راوێژكارەكانی لە كەسە هەر دەوڵەمەندەكانو بنەماڵەی حكومڕانیش كۆنترۆڵی پارەی وڵاتیان كردووە لە دەرەوەو لەم چەند ساڵەی دواییدا لە بەڵگەنامە دزەپێكراوەكانی ناسراو بە " پەنەماو پارادایس" ناوی چەند بەرپرسێكی كازاخستان ئاشكرابوو، هەروەها ئاشكرابوو كە چۆن داهاتی سامانە سروشتییەكانی ئەو وڵاتە لەلایەن بەرپرسانی وڵاتەوە دەقۆزرێتەوە و ئاشكرابوو كە بەشێك لە سامانی نەوەی سەرۆك " نورالی عەلیێڤ" كوڕی داریگا كە جێگری سەرۆكی شارەوانی ئەستانەی پایتەخت بوو لە 2014 بۆ 2016 لە دەرەوەی وڵات گەیشتوەتە 200 ملیۆن دۆلار.
ژمارە بانكییەكانی نەمسا
سەروەتو سامانی داریگا زۆر پەیوەستە بە سامانی راخت، هاوسەری كۆچكردوویەوە، بە گوێرەی لێكۆڵینەوەكان هەر بڕە پارەو سامانێكی پەیوەست بە راخت، سەرچاوەكەی بۆ داریگا دەگەڕێتەوە كە هەر تەنها سودمەند نەبووە لە سامانەكەی بەڵكو هاوبەش بووە لەو سامانەدا، ئەوەش بە گوێرەی چەند راپۆرتێكی رەسمی نێودەوڵەتی.
دوای جیابوونەوەی راختو داریگاو دوورخستنەوەی لە كازاخستانن لە پرسی سپیكردنەوەی پارەدا لەلایەن سێ دەزگای دادوەری نەمساو ئەڵمانیاو ماڵتاوە لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كرا و مێژووی هەندێك لە لێكۆڵینەوەكان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2005 كە ئەو كات راخت هێشتا هاوسەری داریگا بوو.
لە میانی لێكۆڵینەوەكاندا 28 ژمارە بانكی ئاشكرابوون، كە سیانیا داریگا تێیاندا هاوبەش بو، هەموو ئەو ژمارە بانكیانەش ساڵی 2003 كرابوونەوە.
هەروەها سێ ژمارە بانكی تری هاوبەشیش لەناوی راخت و داریگا لە نەمسا كرابوونەوە كە زۆر نهێنی بوونرو پێویست ناكات ناوی هاوبەشەكان لەسەر كەشف و داتا رەسمییەكان بنوسرێن، ئەو جۆرە مامەڵەیەش لە ئەڵمانیا قەدەغەكراوە.