ترەمپ بۆ روسیا: ئامادەبن موشەكەكانمان بەڕێوەن
2018-04-11 12:01:32
لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریكا بە موشەكی نوێ و زیرەك گورزی سەربازی لە سوریا دەوەشێنێت.
لە تویتەكەیدا ترەمپ دەڵێ: پێویستە روسیا ئامادە بێت بۆ ئەو موشەكانەی كە بۆ سوریا بەڕێوەن، پێویستە مۆسكۆ نەبێت بە هاوبەشی ئاژەڵێك (بەشار ئەسەد) كە گەلەكەی بە غاز دەكوژێت و تاموژچێژیشی لێوەردەگرێت.
لە بەشێكی تری تویتەكەدا، ترەمپ نوسیویەتی" روسیا بەڵێنی خستنەخوارەوەی هەر یاخود هەموو ئەو موشەكانە دەدات كە ئاڕاستەی سوریا دەكرێت، دەی كەواتە روسیا ئامادەبە، چونكە (موشەكەكان) جوان و نوێ و زیرەك دەبن".
لە یەكەم كاردانەوەی ئەو تویتەی دۆناڵد ترەمپدا، وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، پێویستە موشەكەكانی ئەمریكا تیرۆرستان بكاتە ئامانج نەك حكومەتی شەرعی سوریا، موشەكە زیرەكەكانی ئەمریكا هەوڵدەدەن بەڵگەكانی ئەو هێرشە كیمیاییە لەناوببەن كە باسدەكرێت.
باڵیۆزی روسیا لە لوبنان، لە لێدوانێكدا بۆ تەلەفزیۆنی (منار)ی سەربە حزبوڵای لوبنان وتی: ئەگەر ئەمریكا هێرش بكاتەسەر سوریا، موشەكەكانی دەخەنەخوارەوە و هێرشیش دەكەنە سەر سەرچاوەی ئاڕاستەكردنی موشەكەكان.
هاوكات ماڵپەڕی " ستراتفۆر"ی سەربازی ئەمریكی رایگەیاند ئەو هێرشە چاوەڕوانكراوەی ئەمریكا بۆسەر سوریا فراوان دەبێت و واشنتۆن هاوپەیمانێتییەكی سەربازی لە دژی دیمەشق پێكدەهێنێت.
ماڵپەڕەكە لە راپۆرتێكیدا ئاماژەیبەوەشداوە كە هێرشی نوێی ئەمریكا تەنها بۆ راگرتنی سوریا نییە، بەڵكو بە سنوداركردنی تواناكانییەتی لە بەكارهێنانی چەك كیمیایی و ئاشكراشیكرد هێرشی جاری پێشووی ئەمریكا بنكەی ئاسمانی شعێراتی گرتەوە، بەڵام ئەمجارە لەوانەیە پرۆسەكە چەند رۆژێك بخایەنێت و فەرەنسا و بەریتانیا و قەتەر و ئیمارات و سعودیە بەشداری ئەو هاوپەیمانێتییەی ئەمریكا دەكەن.
ماڵپەڕی ستراسفۆر راشیگەیاندووە چاوەڕواندەكرێت ئەمجارە بنكە سەربازی " الضمرە " و مرج رحیل" و " المزە" بكرێنە ئامانج لەگەڵ چەند بنكەیەكی تری سەربازی و بەدووریشی دەزانێت راستەوخۆ بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا بكرێتە ئامانج و ئاشكراشیدەكات كە ئەمریكا لەم هێرشەیدا بۆسەر سوریا بنكەی ئاسمانییەكانی لە وڵاتانی ناوچەكە بەكاردەهینێت لەوانەش بنكەی ئاسمانی " العدید" لە قەتەر و بنكەی سەربازی بەریتانیا لە قوبرس و ئێستاش جموجوڵێكی نائاسایی لەو بنكە سەربازییانەدا بەدی دەكرێت.
ئەم جموجوڵە سەربازییانە دوای ئەوەدێت، دوێنێ لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا سەبارەت بە پرسی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن حكومەتی سوریاوە لە شاری دوما، ئەمریكا و روسیا نەگەیشتنە ئەنجا.
سێ پرۆژە بڕیار بۆ لێكۆڵینەوەی لە دەنگۆی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە شاری دوما خرانە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایش، یەكێك لە پرۆژەكان ئەمریكا ئامادەی كردبوو، دوو پرۆژەكەی تر روسیا پێشكەشی كردبوون.
لە كۆبونەوەكەدا پرۆژە بڕیارەكەی ئەمریكا دەنگی زۆرینەی هێنا، بەڵام روسیا مافی (ڤیتۆ)ی لەدژ بەكارهێنا، دوو پرۆژە بریارەكەی روسیاش دەنگی پێویستیان بەدەستنەهێنا، بەمشێوەیە هەوڵی دیپلۆماسی بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە شكستی هێنا و ئەگەری پەنابردن بۆ رێگەی سەربازی هاتەئاراوە.
تائێستا روون نییە هێرشی سەربازی ئەمریكا بۆسەر حكومەتی سوریا هێرشێكی بەرفراوان دەبێت بۆ روخاندنی رژێمەكەی بەشار ئەسەد یاخود هاوشێوەی هێرشەكەی پێشووی فڕۆكەخانەی (شعیرات) تەنیا چەند گورزێكی موشەكی دەبێت لە بنكە و بارەگا سەربازییەكانی سوریا.