توركیا: دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ هەشت پەرلەمانتاری هەدەپە كرایەوە
2018-04-11 11:56:00
داواكاری گشتی ئەنكەرەی پایتەخت بە تۆمەتی سوكایەتیكردن بە گەلی تورك و دەوڵەتی توركیا دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ هەشت پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" كردەوە.
بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی ئەنادۆڵ دۆسیەكە لەدژی پەرلەمانتاران عوسمان بایدەمیر، عەلیجان ئۆنلو، فەلەكناس ئوجا، سیبەل یەغیت ئاڵپ، نادر یەڵدرم، دیلەك ئۆجەلان، میزگین ئێرگات و گارۆ پایلان كراوەتەوە و تۆمەتی وەسفكردنی ئۆجەلان لە قسەكانیانیاندا و پروپاگەندەكردن بۆ پەكەكە و بەشداریكردن لە پرسەی گەریلاكانی پەكەكەیان ئاراستەكراوە.
ئاژانسەكە ئاشكراشیكردوە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی ئەنكەرە بە گوێرەی مادەی 83ی دەستوری توركیا داواشیكردووە پارێزبەندی لەو پەرلەمانتارانە هەڵبگیرێت بۆ ئەوەش داوایەكی رەوانەی وەزارەتی داد كردووە بۆ ئەوەی بەرزیبكاتەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی توركیا.
پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" بە سەرۆكایەتی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆكسەكداغ لە هەڵبژاردنی یەكی تشرینی 205ی پەرلەمانی توركیادا 59 كورسی بەدەستهێنا و لە دوای كودەتا شكستخواردووەكەی 15ی تەمموزی رابردووە گرتن و دەستگیركردنی پەرلەمانتاران و سەرۆك شارەوانییەكانی سەر بەو پارتە دەستیپێكرد و تا ئێستا حەوت پەرلەمانتاری هەدەپە لە زینداندان و نۆ پەرلەمانتاریشی مافی پەرلەمانتارێتییان لێ سەندراوەتەوە و پارتەكە ئێستا لەلایەن پەروین بوڵدان و سەزایی تەمەللییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.