Draw Media

نیوزلەندا .. هێرشبەرەكە كێیە؟

نیوزلەندا .. هێرشبەرەكە كێیە؟

2019-03-15 12:33:33


 راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
جیهان ئەمڕۆ شایەتحاڵی روداوێكی خوێناوی بوو، چەكدارێك لەڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە بەشێوەیەكی راستەوخۆ دیمەنی كوشتنی نزیكەی 50 كەسی پەخشكرد. 
لانی كەم 49 كەس كوژران لە دوو هێرشی چەكداریدا بۆسەر دوو مزگەوت لە شاری كرایست چێرش لە نیوزلەندا.
سەرۆك وەزیرانی نیوزلەندا روداوەكانی بە "رەشترین رۆژ لە مێژووی نیوزلەندا" ناوبرد، وتی:" جێبەجێكاری تاوانەكە تیرۆریستێك بووە كە سەربە راستڕەوە توندڕەوەكانە‌و كەسێكی توندڕەوە".
هێرشەكان لەكاتی نوێژی هەینی ئەنجامدران، بۆیە پۆلیسی نیوزلەندا ئەمڕۆ داوای لە سەرجەم مزگەوتەكان كرد دەرگاكانیان دابخەن.
هێرشە چەكدارییەكان مزگەوتێكی لەناوەڕاستی شاری كرایس چێرش كردە ئامانج بەناوی مزگەوتی "نور" لەگەڵ مزگەوتێكی تر لە ناوچەی لینوود لە قەراغ شار.
پۆلیسی نیوزلەندا دەستگیركردنی (4) كەسی راگەیاند كە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی هێرشە چەكدارییەكە، سێ كەس لە دەستگیركراوەكان پیاون‌و یەكێكیان ژنە، سەرباری ئەوە پۆلیس دەستی بەسەر بڕێك تەمەقەنیدا گرتووە.
مایك بوش ئەفسەری پۆلیسی نیوزلەندا بە رۆژنامەنوسانی رایگەیاند، چەند زانیارییەكمان لەبارەی بوونی بۆمبی چیندراو لەناو ئۆتۆمبیل بەدەستگەیشتووە، توانیومانە ئەو بۆمبانەش پوچەڵ بكەینەوە.
بەپێی قسەی شایەتحاڵەكان هێرشبەرەكە تەنیا یەك كەس بووە كە تەقەی لە نوێژخوێنان كردووە.
سكوت مۆریسۆن سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند، ئەو پیاوەی كە دەستگیركراوە، بەرەگەز ئوسترالییە، دواتر دەركەوت ئەو پیاوە ئەنجامدەری هێرشەكە بووە.

هێرشبەرەكە كێیە ؟
برینتۆن تارنت كە راستڕەوێكی توندڕەوی ئوسترالییە، ئەنجامدەری سەرەكی هێرشەكەیە، ئەم پیاوە دیمەنەكانی گوشتارگەكەی لەڕێگەی هەژمارە تایبەتییەكەی خۆیەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، پەخشكرد.
ئەم پیاوە تەمەنی 28 ساڵە، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە خۆی لە تۆڕی ئینتەرنێت بڵاویكردوەتەوە، ئەو سەربە خێزانێكی ئوسترالییە لە چینێكی كرێكار.
وەكو خۆی باسی كردووە، ئەم پیاوە ئامانجی ئەوەبووە كۆمەڵگەی خۆرئاوایی لە خەڵكانی كۆچبەرو ئەو كەسانە پاكبكاتەوە كە سپی پێست نین، هەروەها تۆڵەی ئەو رووداوە "تیرۆرستی"‌و تاوانە سێكسییانە بكاتەوە كە بەوتەی ئەو پەنابەرو موسوڵمانان لەسەر ئاستی جیهان ئەنجامی دەدەن.
برینتۆن تارنت هاوڵاتی ئوسترالیایە‌و لەدایك‌و باوكێكی بەریتانی لەدایكبووە، بەپێی قسەی رۆژنامەی (زە سەن)ی بەریتانی، ئەو نوسراوێكی لەبارەی بیروبۆچونەكانی بڵاوكردوەتەوە كە لە 94 لاپەڕە پێكدێت.
بەپێی زانیاری رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكیش، تارنت لەبارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكاوە وتویەتی " ئەو سیمبولی ناسنامەی نوێی سپی پێستەكانە"، بەڵام باوەڕی وانەبووە ترەمپ رێبەرێكی گەورە بێت یاخود توانای دروستكردنی سیاسەتی هەبێت.
بەگوێرەی بەڵگەنامەكان، تارنت بەر لە دوو ساڵ نەخشەی بۆ ئەنجامدانی هێرش دژ بە موسوڵمانان داڕشتووە، لە شوێنی هێرشەكەی ئەمڕۆش بەر لە سێ مانگ پلانی داڕشتووە‌و ئامادەكاری كردووە، ئەو نیوزلەندای بۆ ئەنجامدانی هێرشەكەی هەڵبژاردووە، تاوەكو بەوتەی خۆی ئەو پەیامە بگەیەنێت كە هیچ شوێنێكی ئارام لە جیهاندا بوونی نییە، هێرشبەرەكە ئەو دوو مزگەوتەی دیاریكردووە بۆ هێرشەكەی دوای ئەوەی سەردانی كردوون، مزگەوتی سێیەمیشی هەڵبژاردووە، بەڵام وتویەتی، ئەمەیان سەركەوتوو نابێت.
بەپێی قسەی میدیاكانی خۆرئاوا، هێرشبەرەكە وتویەتی:" ئەم كارەم بەشێوەیەكی سەربەخۆ كردووە‌و سەربە هیچ جوڵانەوەیەكی نازی‌و دژە سامی نیم".
ئەم پیاوە بیروبۆچونەكان لەڕێگەی تۆڕی ئینتەرنێتەوە بۆ دروستبووە‌و باسی لەوەكردووە كە سەرسامە بە  (ئەندرێس بریڤیك) ئەو پیاوەی كە ساڵی 2011 لە نەرویژ لەهێرشێكی چەكداریدا 77 كەسی كوشت.
بەڵگەنامەكان ئاماژە بەوەدەكەن، هێرشبەرەكەی ئەمڕۆی نیوزلەندا، پێشتر پلانی هەبووە بۆ كوشتنی ئەنگێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا‌و سادق خان سەرۆكی شارەوانی لەندەن‌و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا.

رەوەندی موسوڵمان لە نیوزلەندا
لە نیوزلەندا رێژەیەكی كەمی موسڵمان هەیە، كە 1%ی كۆی گشتی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێكدەهێنێت، ئەمە بەپێی ئاماری فەرمی حكومەتی ئەو وڵاتە.
ساڵی 2013 ژمارەی موسوڵمانان لە نیوزلەندا گەیشتووەتە (50 هەزار) كەس.
بەڵام بەگوێرەی توێژینەوەیەك كە لە زانكۆی ڤیكتۆریا لە شاری ویلینگتۆن دەرچووە، رێژەی موسوڵمانان لە نیوزلەندا بەردەوام لە گەشەكردندایە، لە ساڵی 1991وە بۆ ساڵی 2006 ژمارەی موسوڵمانان لەو وڵاتە شەش هێندە زیادی كردووە، ئەمە لەكاتێكدایە ژمارەیەكی زۆر لە مەسیحی‌و هیندۆس‌و بوزییەكان لە نیوزلەندا دەژین.
سەرچاوەكان: بی بی سی- سی ئێن ئێن- یۆرۆنیوز
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand