Draw Media

زیاتر لە ملیارێك دۆلار دەكەوێتە بازاڕەوە

زیاتر لە ملیارێك دۆلار دەكەوێتە بازاڕەوە

2019-03-11 11:04:18


راپۆرتی: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف 
لەماوەی تەنها (10) رۆژی داهاتوودا (11/3/2019 بۆ 21/3/2019) واتە تاوەكو جەژنی نەورۆز، بڕی زیاتر لە (یەك ملیار دۆلار) دەكەوێتە ناو بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانەوە.
ئەم پارەیەش، ئەو موچەیەیە كە حكومەت بڕیاریداوە بەبێ پاشەكەوت بە فەرمانبەرانی بدات لەگەڵ ئەو پارەیەی كە بڕیارە بە بەڵێندەران بدرێت لەگەڵ خەرجی وەزارەتەكان، پارەكە بەمشێوەیە دابەشبووە:
•    بڕی (881 ملیار) دینار بۆ موچەی موچەخۆران 
•    بڕی (100 ملیار) دینار بۆ پارەی بەڵێندەران 
•     بڕی (120 ملیار) دینار بۆ خەرجی وەزارەتەكان

پاڵنەرەكانی بەرزبونەوەی نرخ 
هاتنەناوەوەی ئەم بڕە زۆرەی پارە بۆناو بازاڕەكان، مەترسی هەڵاوسانی ئابوری درستكردووە، هەندێك هۆكار هەن كە وایكردووە فرۆشیاران چاویان لە بەرزكردنەوەی نرخەكان بێت، لەوانە: 
•    لابردنی پاشەكەوتی موچە
•    رێككەوتنی سیاسی‌و ئابوری نێوان هەرێم‌و بەغداد
•     نزیكبوونەوەی وادەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم‌و رێككەوتنی لایەنەكان 
•    نزیكبوونەوەی جەژنی نەورۆزو هاتنی ژمارەیەكی زۆر گەشتیار 

نرخ لە بازاڕدا
لەدوای راگەیاندنی هەواڵی هەڵگرتنی پاشەكەوت لەسەر موچەی موچەخۆران، كڕیاران لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان تاڕادەیەك هەست بەبەرزبوونەوەی نرخەكان دەكەن، بەڵام ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخ هەموو بوارەكانی نەگرتووەتەوە.
گۆشتی مریشك لەم رۆژانەدا نرخی هەر كیلۆیەكی لە (هەزارو 750) دینارەوە بۆ (3 هەزارو 500) دینار بەرزبوەتەوە.
لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا)، گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، هیچ بیانویەك نییە بۆ بەرزكردنەوەی نرخەكان‌و گرانفرۆشی، ئەوان وەكو لیژنەكانی قایمقامیەت رێگەنادەن دەستكاری ئەو نرخانە بكرێت كە دیاریكراون، هەر فرۆشیارێك سەرپێچی بكات، سزا دەدرێت.
گۆڕان قادر رەتیكردەوە، لەدوای راگەیاندنی هەواڵی هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچەوە نرخ بەرزبوبێتەوە، وتی:" ئەو نرخانەی كە ئێستا هەن، نرخی دیاریكراون‌و هیچ زیادبونێك روینەداوە".

پسپۆڕانی ئابوری چی دەڵێن ؟
پسپۆڕانی ئابوری تاڕادەیەك لەسەر ئەوە كۆكن، هاتنی ئەو پارانە بۆ ناو بازاڕ، لێكەوتی ئابوری خراپی لە نمونەی هەڵاوسان‌و قۆرخكاری نابێت، هێندەی ئەوەی ئابوری هەرێم دەبوژێنێتەوە. 
خالید حەیدەر مامۆستای زانكۆی سلێمانی‌و پسپۆڕی ئابوری لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) وتی:" بەشێوەیەكی گشتی زانستی ئابوری پێمان دەڵێت هەر بڕەپارەیەك كە وەربگیرێت، خواست‌و توانای كڕین بەهێز دەكات، كارایی خواست لێكەوتی ئەرێنی دەبێت‌و ئابوری كارا دەكات".
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئاخۆ زیادبوونی خواستی كڕین لە حاڵی كەمی خستنەڕوودا لە بازاڕ، هەڵاوسانی ئابوری یاخود قۆرخكاری دروستناكات؟ ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەكرد" لە بوارە گشتییەكاندا قۆرخكاری ئێستا باوی نەماوە، بۆ نمونە كارەبا‌و تەندروستی‌و ئەو بوارانەی تر كە بەدەست حكومەتەوەن، ئەمانە بابەتی گشتین‌و بەئاسایی نرخەكانیان گۆڕانكاری بەسەردا نایەت، لە بوارەكانی تریشدا وەكو خواردەمەنی‌و گەشتوگوزار‌و گواستنەوە‌و بابەتەكانی تر، بەهۆی ئەوەی كۆمپانیاكانی زۆر بوون، ركابەری نێوان كۆمپانیاكان لە بەرژەوەندی خەڵكە‌و رێگەنادات قۆرخكاری‌و بەرزبونەوەی زۆر لە نرخەكاندا روبدات".
محەمەدروئوف سەعید پسپۆڕی ئابوری لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) باسی لەوەكرد" رەنگە هەندێك نرخ بەرزببێتەوە، بەڵام ئاستی گوزەرانی خەڵك باش ئەبێت، واتە ئەگەر نرخیش بەرزببێتەوە، بەو ئاستە مەترسیدارە بەرزنابێتەوە".
لەبارەی ئەگەری رودانی هەڵاوسانی ئابوری، وتی:" هاتنی ئەو پارەیە بۆ ناو بازاڕەكان كاریگەری دەبێت بۆ هەڵاوسان، بەڵام بەهۆی ئەوەی كێبركێی نێوان فرۆشیاران زۆرە، پێناچێت قۆرخكاری روبدات".


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand