%62ی قوتابخانەكان كتێبخانەو 80%یان تاقیگەی زانستییان نیە
2019-03-10 14:44:28
راپۆرتی: درەو میدیا - ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان
بەشی چوارەم
كەمی تاقیگەی زانستی و دەنگو كۆمپیوتەر و گۆڕەپانی وەرزشی و باخچەو هۆیەكانی فێركردن لە خوێندنگەكاندا، یەكێك لەو كێشانەی كە رووبەڕووی كەرتی پەروەردە و فێركردن بوەتەوە لە هەرێمی كوردستاندا.
لە 88%ی قوتابخانەكان داتاشۆیان نیە 62%ی قوتابخانەكان كتێبخانەیان نیە، لە 49%ی قوتابخانەكان گۆڕەپانی وەرزشیان نیە، 80% تاقیگەیان نیە
گرفتەكانی پەیوەست بە تاقیگەو هۆكارەكانی فێربوون
نەبونی تاقیگەی زانستی:
بەپێی سیستەمی تازەی خوێندن و بە پێی ستاندارتی نێودەوڵەتیش هەر وایە كە دەبێت هەموو قوتابخانەیەك تاقیگەی تایبەتی خۆی هەبێت بۆ وانەكانی (كیمیا، فیزیا، بایۆلۆجی، زانستەكان و كۆمپیوتەر) بەڵام زۆربەی هەرەزۆری قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان تاقیگەی زانستییان نیەو بەشێكی زۆر لە خوێندكارەكان تا قوتابخانەش تەواو دەكەن چاویان بە تاقیگە ناكەوێت و بە شێوازی پراكتیكی وانەكانیان ناخوێنن. ئەمەش گرفتێكی گەورەی فێربوونیانە كە تەنها بەشێوازی تیۆری گوێ لە وانەكان دەگرن و لە گرنگیی تاقیگە بەهرەمەند نابن. لەم خشتەیەدا رەوشی تاقیگەی قوتابخانەكان دەردەكەوێت:
لە ساڵی خوێندنی (2017-2018) لە كۆی (6629) قوتابخانە تەها (617) قوتابخانە تاقیگەی زانستیان هەیە كە دەكاتە رێژەی (9. 3%) و لەبەرامبەردا (6012) قوتابخانە تاقیگەی زانستیان نیە كە دەكاتە رێژەی (90. 6%)ی قوتابخانەكانی هەرێم. لەو (617) قوتابخانانەی تاقیگەشیان هەیە (110)یان تاقیگەكانیان سەربەخۆ نیە و (186) تاقیگەشیان باری هۆڵەكانیان باش نیەو (248)یان ئامێرەكانیان بەشیان ناكات و (47) تاقیگەش ئامێریان هەر نیە!
بەپێی داتاكان لەسەدا 80 ی خوێندنگاكانی هەرێمی كوردستان تاقیگەی پێویستیان بۆ خوێندنی وانە زانستییەكان نییە تا خوێندكاران بتوانن بە شێوەیەكی پراكتیكی وانەكانی تێدا بخوینن، وەك چۆن لە پرۆگرامە نوێكانی خوێندندا جێگەیان بۆ كراوەتەوە.
نەبونی تاقیگەی دەنگ:
بە دەگمەن نەبێت قوتابخانەكانی هەرێم تاقیگەی دەنگیان نیە بۆ وانەكانی فێر بوونی زمان، بەتایبەتی وانەی زمانی ئینگلیزی كە وانەی سەرەكییە. ئەمەش یەكێكە لەو هۆكارانەی كە بۆتە مایەی ئەوەی خوێندكاری كورد (12) ساڵا زمانی ئینگلیزی دەخوێنێت بەڵام كە خوێندن تەواو ئەكات ناتوانێت دوو رستە بە ئینگلیزی قسە بكات. بەپێی راپۆرتەكانی ئاماری ساڵانەی وەزارەتی پەروەردە، هیچ ئاماژەیەك بە بوونی هیچ تاقیگەیەكی دەنگی نەكراوە كە لە قوتابخانەكاندا هەبێت. كە یەكێك لە كێشە گەورەكان ئێستا بەئینگلیزیكردنی وانەكانی بیركاری و زانستە لەقوتابخانەكانە كە بەردەوام ڕێژەی ئەو قوتابخانانە زیاد دەكرێت، بەڵام نەبونی هۆیەكانی فێركاری و تاقیگەی زانستی كە ئەو وانانە پێویستیانە ئەوەش هێندە بارێكی گرانە بەسەر شانی مامۆستاوە چونكە ئەو پڕۆگرامە پێویستی بەو پێداویستیانەیە.
نەبوونی تاقیگەی كۆمپیوتەر:
كۆمپیوتەر زانستێكی سەردەمیانەیەو لەم سەردەمی پێشكەوتن و تەكنەلۆجیایەدا ناكرێت دەستبەرداری بین. مایەی دەستخۆشیە كە وەك وانەیەك لە قوتابخانەكاندا جێگیر كراوە، بەڵام ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە ئەوەیە كە ئەم وانەیەش لە زۆربەی هەرەزۆری قوتابخانەكاندا بە تیۆری دەخوێنرێت و خوێندكار (ئەگەر لە ماڵەوە خۆی كۆمپیوتەری نەبێت) لە قوتابخانە چاوی بە كۆمپیوتەر ناكەوێت و وەك پێویست لەم زانستە بەهرەمەند نابێت.
جگە لەمە كێشەیەكی تر هەیە كە قوتابخانەكان مامۆستای كۆمپیوتەریان نییە یان وەك پێویست وانەكە ناڵێنەوە، خراپی پڕۆگرامەكەو نەبونی مامۆستا، یان شێوازی وتنەوەو فەرامۆشكردنی، كێشەی دروست كردووە. هاوكات ئەو وانەیە پێویستە كرداری بێت، بەڵام لەنەبونی كۆمپیوتەر لەقوتابخانەكان، بەتایبەت بۆئەوانەی لەماڵەوە نیانە، ئەوەش گرفتێكی ترە. جگە لەمە وانەی كۆمپیوتەر كراوەتە لاوەكی و پەراوێزخراوە، لە زۆربەی قوتابخانەكان مامۆستای كۆمەڵایەتی وانەكە دەڵێتەوە.
ئەم خشتەیە رەوشی تاقیگەكانی كۆمپیوتەر لە قوتابخانەكاندا دەخاتە روو:
لە ساڵی خوێندنی (2017-2018) لە كۆی (6629) قوتابخانە تەها (711) قوتابخانە تاقیگەی كۆمپیوتەری هەیە كە دەكاتە رێژەی (10.7%) و لەبەرامبەردا (5918) قوتابخانە تاقیگەی كۆمپیوتەری نیە كە دەكاتە رێژەی (89.3%)ی قوتابخانەكانی هەرێم. لەو (711) قوتابخانانەی تاقیگەشیان هەیە (62)یان تاقیگەكانیان سەربەخۆ نیە و (130) تاقیگەشیان باری هۆڵەكانیان باش نیەو (320)یان ئامێرەكانیان بەشیان ناكات و (40) تاقیگەش ئامێریان هەر نیە!
نەبوونی گۆڕەپانی یاری:
وانەی وەرزش یەكێك لەو وانە گرنگانەیە كە شەوق و زەوقێك بە خوێندكار دەدات روو لە قوتابخانە بكات، گرنگە وانەكە وەك وانەیەكی بنەڕەتی كە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەتەندروستی مرۆڤەوە هەیە، بایەخی پێبدرێت، ئەركی پەروەردەش هەر ئەوەیە. بەڵام زۆربەی هەرە زۆری قوتابخانەكانی ئێمە یا گۆڕەپانی یارییان نییە، یا ئەگەر هەشیان بێت، هیچ مەرجێكی یاریگەی تیا نییە، یا خۆڵ و گڵە یا كۆنكریتە، ئەمەش لە گەلێ كاتدا لە جیاتی ئەوەی سودی هەبێت، بە زیان دەشكێتەوە. گرنگیدان بەوانەكە بەشێوەیەكی ڕۆتینیە. لەلایەكی ترەوە لە وەرزشكردندا زیاتر بایەخ بە كوڕەكان دەدرێت و بەهۆی ناهۆشیاریەوە كچەكان وەرزشیان پێناكرێت، پەروەردە و سەرپەرشتیارانیش بێدەنگن و بەدواداچوونی بۆناكەن، هەندێك مامۆستا بە میزاجی خۆی پێیوایە نابێت جلی وەرزشی لەبەربكەن و عەیبەیە كچان وەرزش بكەن، بەتایبەت لە هەندێك لە قەزاكاندا!
لەم خشتانەدا رەوشی قوتابخانەكان دەردەكەوێت كە ئاخۆ وەرزش و گۆڕەپانەكانیان لە چ ئاستێكدایە:
ئەو گۆڕەپانانەش كە منداڵ وەرزشی تیادا دەكات بەهیچ جۆرێك بۆ وەرزش شیاو نیە، چونكە زەوییەكەی كۆنكرێتە و كاتێك منداڵ دەكەوێتە سەر زەوی دەست و قاچی دەشكێت. هەروەها مامۆستای وەرزش، وا دەزانێ تەنیا دوو گۆڵی و تۆپتۆپێن وەرزشە، بۆیە تۆپێك دەداتە دەست قوتابییەكان و زۆربەی جاریش خۆی لە ئیدارە دادەنیشێت، منداڵەكانیش هەم بە هاوێشتنی تۆپەكانیان بە قیژە و هاواریان نایەڵن مامۆستایانی دیكە وانەكە بڵێنەوە.
نەبوونی كتێبخانە:
كتێب سەرچاوەی زانستە و پێویستە هەر لەسەرەتای تەمەنەوە مناڵان رابهێنرێن بەوەی هاوڕێی كتێب بن، بەڵام بەداخەوە قوتابخانەكانی ئێمە بێ كتێبخانەن، خۆ ئەگەر بەناو ژورێكیشیان بۆ كتێبخانە تەرخان كردبێت، ئەوا چۆڵ و هۆڵە و كتێبی تیا نییە. هەرچەندە لە سیستەمی تازەشدا هاتووە كە دەبێت لە قوتابخانەكاندا كتێبخانە هەبێت. مایەی سەرسوڕمانە كەوا ساڵانە، لەسەر بودجەی پەروەردە، دەیان ملیۆن دینار بە كتێب دراوە، كەچی ئەو كتێبانەی كڕدراون، نە مامۆستایان و نە خوێندكاران، سودی لێدەبینن و نە بەسەر كتێبخانەی قوتابخانەكانیشدا دابەش كراون!!!
گەر كتێبخانەش هەبێت، بەڵام لەلایەن قوتابیان و خوێندكارانەوە بەكارنەهێنرێن و نەخوێنرێنەوە، یان لەلایەن ستافی مامۆستایانەوە، قوتابیان فێری خۆشەویستی كتێب و بە كەلتووركردنی خوێندنەوە نەكرێن، دیسان هەر نامان گەیەنێت بەئەنجامی ئەوەی كە خوێندكار بخوێنێتەوەو خوێندنەوە ببێتە كلتور لەناو قوتابخانەكاندا. لەو قوتابخانانەشدا كە كتێبخانە هەیە، گرفتی تر هەیە، لەوانە كارمەندی تایبەتی نییە، بەمانگیش ژوورەكە ناكرێتەوە، پەڕپووتە. لەكاتێكدا ئەگەر كارمەندی خۆی هەبێت، رۆژانە دەوام دەكات و گرنگی بەرێكخستن و دەوڵەمەندكردنی كتێب و كتێبخانە دەدات.
لەم خشتەیەدا ڕێژەی بوونی كتێبخانە لە قوتابخانەكاندا دەخاتە بەرچاو:
نەبوونی هۆكارەكانی فێربوون:
یەكێك لە رێگە سەركەوتووەكان بۆ فێربوونی زیاتر و تێگەیاندنی خوێندكار و خۆشەویست كردنی وانەكە لەلای، بەكار هێنانی هۆكارەكانی فێربوونە، وەك: داتاشۆ، نەخشە، وێنەو... هتد. بەڵام ئەوەی بەكارنەیەت لە قوتابخانەكاندا ئەو هۆكارانەن. بینینی وێنەیەك لەبری هەزار وشەیە، ئەوان كاتێك هۆی فێركارییان بۆ بەكار ناهێنرێت، وەك ئەوەیە شتێكی خەیاڵی باس بكرێت. لە پێنج ساڵی رابردوودا هیچ هەوڵێك نەدراوە بۆ دابینكردنی هۆكارەكانی فێربوون، جگە لە بۆرد و ماجیك، هیچ هۆكارێكی تر نەبووە، وەك لەم خشتەیەدا دەردەكەوێت:
نەبوونی شانۆ:
لە هیچ كام لە قوتابخانەكاندا هۆڵێكی شانۆ نیە، كە خولیایەكی خوێندكارانەو زیاتر بەرەو قوتابخانە كێشیان دەكات و خوێندكاران دەیانەوێت و دەخوازن بەهرەكانی خۆیانی تێدا دەر بخەن. پێویستە ئەم بابەتە گرنگە لەبەرچاو بگیرێت، هەوڵبدرێت هۆلی شانۆ تەرخان بكرێت بۆ ئەم مەبەستە. لە پێنج ساڵی رابردوودا هیچ هەوڵێك نەدراوە بۆ دابینكردنی هۆڵی شانۆ و زەمینەسازی بۆ نەكراوە. بەپێی راپۆرتەكانی ئاماری ساڵانەی وەزارەتی پەروەردە، هیچ ئاماژەیەك بە بوونی هۆڵی شانۆ نەكراوە كە لە قوتابخانەكاندا هەبێت.
1. نەبوونی ئینتەرنێت لە قوتابخانەكان:
هێلەكانی ئینتەرنێت هۆكاری گەیشتنە بە زانیاری تازەو دنیای پێشكەوتووی دەرەوە، بەداخەوە قوتابخانەكانی ئێمە لەم تەكنەلۆجیایە بێبەشن و هێلی ئینتەرنێت لە هیچ كام لە قوتابخانەكاندا نیە. وا باشە بەرنامەیەك دابنرێت بۆ ئەم مەبەستە. داتاو ئامارەكان كۆنن لەناو پڕۆگرامەكاندا بۆیە گرنگە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە نوێیەكان پیشان بدرێت. جگە لەوەی بۆ گەیاندنی هەر بڕیارو ڕێنماییەك گرنگە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە بگات بە قوتابخانەكان لەبەری ئەو هەمو هاتوچۆكردن و تێچونە كەلەسەر قوتابخانەكان دەكەوێت. بەپێی راپۆرتەكانی ئاماری ساڵانەی وەزارەتی پەروەردە، هیچ ئاماژەیەك بە بوونی هێڵی ئینتەرنێت نەكراوە كە لە قوتابخانەكاندا هەبێت.
2. نەبوونی ژووری تایبەتی وانە كۆمەڵایەتیەكان:
چەند گرنگە تاقیگە تایبەت بە وانە زانستییەكان هەبێت ئەوەندەش گرنگە ژوری تایبەت بە وانە كۆمەڵایەتیەكان هەبێت تا لەو ڕێگەیە وانەكان بە پاوەرپۆینت و وێنە و ڤیدیۆ پیشان بدرێت كە بەدڵنییاییەوە ئەوەش كاریگەری باش بەجێدەهێڵێت لەسەر خوێندكارە جگە لەخۆشەویستكردنی وانەكە زۆر كات بەهۆی كەم و كوری پرۆگرامەكە لای خوێندكار ئەو وانانە بێزراون , هاوكات وادەكات بابەتەكانیان لەبیر نەچێتەوە بیرو هزریشیان فراوانتر بێت.