ئەنجومەنی ئاسایش بڕیار لەسەر سوریا دەدات
2018-04-10 20:15:21
ئامادەكردنی: فازل حەمە رەفعەت
كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی دواین پەرەسەندنەكانی سوریا و دەنگۆی بەكارهێنانەوەی چەكی كیمیایی لەلایەن حكومەتی دیمەشقەوە دەستیپێكرد.
سێ پرۆژە بڕیار لەبارەی سوریاوە لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشدایە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدات:
• پرۆژە بڕیاری یەكەم: پرۆژە بڕیارێكی ئەمریكایە، داوای دانانی میكانیزمێكی لێكۆڵینەوەی سەربەخۆ دەكات سەبارەت بە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە سوریا، ئەگەرچی ئەم پرۆژە بڕیارە دەنگی پێویستی ئەنجومەنی ئاسایشی بەدەستهێنا، بەڵام لەلایەن روسیاوە ڤیتۆ كرا.
• پرۆژە بڕیاری دووەم: ئەمەش پرۆژە بڕیارێكە كە روسیا ئامادەی كردووە و داوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی نوێ دەكات لە هەموو ئەو هێرشە كیمیاییانەی كە لە سوریا رویانداوە، ئەم پرۆژە بڕیارە دەنگی پێویستی ئەنجومەنی ئاسایشی بەدەستنەهێنا، دەنگی 6 وڵاتی بەدەستهێناو 7 وڵات رەتی كردەوە دەنگی پێویست لە ئەنجومەنی ئاسایش لە كۆی (15) وڵاتی ئەندام پێویستی بە بەڵێی (9) وڵاتی ئەندام هەیە.
• پرۆژە بڕیاری سێیەم: ئەم پرۆژە بڕیارەش بە هەمان شێوە لەلایەن روسیاوە ئامادەكراوە، داوا دەكات تیمی لێكۆڵەرانی سەربە رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی سەردانی شاری دومای سوریا بكەن، پێناچێت ئەمریكا رێگە بە تێپەڕبوونی ئەم پرۆژە بڕیارە بدات.
تیمی لێكۆڵینەوە دەگاتە سوریا
رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی رایگەیاند، تیمێكی لێكۆڵینەوە رێكخراوەكە سەردانی شاری دومای سوریا دەكەن بۆ لێكۆڵینەوە لەو راپۆرتانەی كە باس لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی دەكەن لەو شارە.
رێكخراوەكە داوای لە حكومەتی سوریا كرد ئاسانكاری بكات بۆ تیمەكانی تاوەكو سەردانی شوێنی روداوەكە بكەن.
روسیا و ئێران كە دوو وڵاتن هەر لەسەرەتای قەیرانی سوریاوە بەرگرییان لە رژێمەكەی بەشار ئەسەد كردووە، رەتیدەكەنەوە سوپای سوریا چەكی كیمیایی بەكارهێنابێت و داوا لە رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی دەكەن تیمی لێكۆڵینەوە رەوانەی سوریا بكات.
كەشتیەگەلی ئەمریكا بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێدەكەوێت
سبەینێ كەشتی فڕۆكەهەڵگری "هاری ترومان" لەگەڵ ژمارەیەك كەشتیگەلی جەنگی تری ئەمریكا لە بنكەی دەریایی (نۆرفۆلك) لە ویلایەتی ڤێرجینیاوە بەرەو ئەوروپا و دواتریش ناوچەی خۆرهەڵاتی بەڕێدەكەوێت، ئەمە بەگوێرەی راپۆرتیێكی رۆژنامەی (Stars and Stripes)ی ئەمریكی.
بەپێی قسەی ئەو رۆژنامە ئەمریكییەكە، ئەو كەشتیگەلە (6 هەزارو 500) سەربازی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە.
رۆژنامەكە هیچ زانیارییەكی لەبارەی جوڵەی گەشتیگەلی ئەمریكا بە ئاڕاستەی دەریای ناوەڕاست و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشكرا نەكردووە، بەڵام جموجوڵەكە هاوكاتە لەگەڵ هەڕەشەكانی ئەمریكا بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە رژێمی سوریا دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی لەلایەن حكومەتی دیمەشقەوە لە شاری دۆما كە ناوچەیەكە لەژێر دەستی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆندایە.
پێشتریش رۆژنامەی (Wall Street Journal) ئاشكرایكرد، كەشتی جەنگیی دووەمی ئەمریكا لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگاتە ئاوەكانی دەریای ناوەڕاست، كەشتی (دۆناڵد كوك) یش رۆژی دوو شەممە بەندەری قوبرسی بەجێهێشت و بە ئاڕاستەی سوریا كەوتەڕێ، ئەم كەشتییە 60 موشەكی باڵداری جۆری (تۆماهۆكی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە).
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان هاوكات لەگەڵ جموجوڵە سەربازییەكانی ئەمریكا و هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپ بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە رژێمی سوریا، چەند رۆژێكە سوپای سوریا كەوتوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
بەریتانیاش هەڕەشە دەكات
لەلایەكی ترەوە خاتوو بینی موردۆنت وەزیری گەشەپێدانی بەریتانیا رایگەیاند، حكومەتی بەریتانیا تاوتوێی دەستوەردانی سەربازی دەكات لە سوریا لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا.
لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی ئایا بەریتانیا بەشداری دەستوەردانی سەربازی دەكات لەدژی ئەو هێرشە كیمیاییەی كە لە شاری دۆمای سوریا رویدا، وەزیرەكەی بەریتانیا لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی (رۆیتەرز) وتی: ئەوە پرسێكە كە ئێستا تاوتوێ دەكرێت و حكومەتی بەریتانیا بەڕونی گفتوگۆی لەبارەوە دەكات.
بەیانی ئەمڕۆ تیریزا مەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لەبارەی پەرەسەندنەكانی سوریاوە بە تەلەفۆن لەگەڵ هەریەكە لە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا و دواتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا قسەی كرد.