كوردو سوننە لەگەڵ مانەوەی هێزەكانی ئەمریكان
2019-03-03 12:56:50
( درەو میدیا):
كورد و سوننە لەگەڵ مانەوەی هێزەكانی ئەمریكادان لە عێراق و شیعەش دژیەتی و هێزە شیعەكان دەیانەوێت هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە و لە پەرلەمانەوە كۆتایی بە مانەوەو هەژموونی هێزە بیانییەكان بەگشتی و هێزەكانی ئەمریكا بە تایبەتی بهێنن.
سەرچاوەیەی سیاسی باڵا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی سەركردە سیاسییەكان و نوێنەری قەوارەكانی عێراقدا كە بە بانگهێشتی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە كۆشكی سەلام بەڕێوەچوو، هیچ رێككەوتنێك لەسەر چوونە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق نەكراوە.
ئەو سەرچاوەیە كە خۆی یەكێك بووە لە بەشداربوانی كۆبوونەوەكە لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " غەد پرێس" وتی:" نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا مانەوەی هێزەكانی ئەمریكای لە عێراق رەتكردەوە و هەڕەشەیەكی ئەمریكای رەتكردەوە كە لە كۆبوونەوەكدا باسكرا بەوەی دەرچوونی هێزەكانی ئەمریكا كاریگەری زۆر خراپی لەسەر عێراق دەبێت".
ئاشكراشیكرد زۆرینەی هێزە سیاسییەكانی سوننە و كورد لەگەڵ مانەوەی هێزەكانی ئەمریكادان لە عێراق و هێزە سیاسییەكانی شیعەش ئاماژەیان بەوەدا كە لەرێگەی دەركردنی یاسایەوە یان رووبەڕووبوونەوەی سەربازییەوە هێزەكانی ئەمریكا ناچاردەكەن لە عێراق بچنە دەرەوە.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە لە كۆبوونەوەكەی كۆشكی سەلامدا رێككەوتنكراوە كە بە لێكتێگەیشتنێكی سیاسی و بە رێككەوتن متمانە بە كاندیدی وەزارەتە بەتاڵەكانی كابینەی ئێستای حكومەت بدرێت و رێژەی یاسای پەرلەمان تێكنەدرێت و پشێوی لە پەرلەماندا نەنرێتەوە.