Draw Media

پەرلەمانتاران یەكەم موچەیان وەرگرت

پەرلەمانتاران یەكەم موچەیان وەرگرت

2019-02-27 11:57:05


 (درەو میدیا):
تەنیا بۆ یەك دانیشتنی پەرلەمان، هەر پەرلەمانتارێكی كوردستان بڕی زیاتر لە (3 ملیۆن‌و 500 هەزار) دیناری وەرگرت.
پەرلەمانتارانی كوردستان موچەی مانگی 11ی ساڵی رابردوویان وەرگرت، ئەمە یەكەم موچەیە كە پەرلەمانتارانی خولی نوێ وەریدەگرن.
خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 6ی تشرینی یەكەم، یەكەم دانیشتنی خۆی گرێدا، لەو دانیشتنەدا پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد‌و لەو مانگەدا پەرلەمان تەنیا یەكجار كۆبوەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، رۆژی یەكشەممەی رابردوو، پەرلەمانتاران لەڕێگەی بانكەكانەوە، یەكەمین موچەی خولی پێنجەمیان وەگرتووە.
یەكەم موچەی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم، موچەی تەنیا (24) رۆژ بوو، چونكە پەرلەمانتاران لە رۆژی 6ی تشرینی یەكەمەوە موچەیان بۆ ئەژماركراوە، بەوپێیەی لەو رۆژەدا سوێندی یاساییان خواردووە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، هەر پەرلەمانتارێك بڕی (3 ملیۆن‌و 541) هەزار دینار موچەی مانگی 11ی وەرگرتووە، ئەوەش موچەی (24) رۆژبووە بەبێ پارەی لیژنەكانی پەرلەمان كە مانگانە بۆ هەر پەرلەمانتارێك بڕی (500 هەزار) دینارە، مانگی تشرینی یەكەم لیژنەكانی پەرلەمان دروستنەكراون، بۆیە ئەو (500 هەزار) لە موچەی پەرلەمانتاران بڕدراوە.
موچەی هەر پەرلەمانتارێكی كوردستان مانگانە (8 ملیۆن‌و 200 هەزار) دینارە، رێژەی 40%ی موچەكانیان بەر پاشەكەوت كەوتووە‌و مانگانە بڕی (4 ملیۆن‌و 850 هەزار) دیناریان پێدەدرێت.
لە رۆژی 6ی تشرینی یەكەمەوە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەفەرمی دەستبەكاربوو، نزیكەی چوار مانگە پەرلەمانی تەنیا سێ دانیشتنی كردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand