لە كەربەلاوە بۆ كۆبانێ.. چیرۆكی شەڕڤانێكی یەپەگە
2019-02-26 17:11:56
(درەو میدیا):
هەردەم موسا گەنجێكی خەڵكی شاری كەربەلای عێراقەوە، ماوەی 4 ساڵ لە ریزی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستاندا جەنگاوە، پاشان لە ساڵی 2014 بۆ هاوكاریكردنی شەڕڤانەكانی یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە" لە هێرشی داعشدا بۆسەر كۆبانێ دەچێتە رۆژئاوای كوردستانو هەرلەوێ بڕیاردەدات ببێتە شەڕڤان و نەگەڕێتەوە عێراق و هەرێمی كوردستان.
لە كەربەلاوە بۆ هەرێمی كوردستان
هەردەم موسا ساڵی 1996 لە خێزانێكی شیعەمەزهەبی شاری كەربەلا لە دایكبووە، لە تەمەنی 10 ساڵیدا لەگەڵ خێزانەكەیدا كۆچیان كردووە بۆ هەرێمی كوردستان و لە شاری هەولێر نیشتەجێبوون.
بەهۆی دۆخی خێزانەكەیەوە هەردەم موسا ناچاربووە دەستبەداری خوێندن ببێتو پەیوەندی بكات بە ریزی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان و ماوەی 4 ساڵ لە ریزی هێزەكانی پێشمەرگەدا خزمەتیكردووە.
چەند شەڕڤانێكی بیانی لە رۆژئاوای كوردستان
كۆچ بۆ كۆبانێ
ساڵی 2014 رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" لەچەندین لاوە هێرشی كردە سەر شاری كۆبانێ لە رۆژئاوای كوردستان و شارەكەی گەمارۆدا، بەبڕیاری پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، هێزێكی پێشمەرگە رەوانەی رۆژئاوای كوردستان كرا بۆئەوەی بە هانای شەڕڤانانی كوردەوە بچن، یەكێك لەو پێشمەرگانەی كە دەچنە رۆژئاوا هەردەم موسا دەبێت.
دوای نزیكەی دوومانگ و رزگاركردنی كۆبانێ و دوورخستنەوەی مەترسی لێی، هێزەكانی پێشمەرگە گەڕانەوە هەرێمی كوردستان، بەڵام هەردەم بڕیاردەدات پەیوەندی بكات بە ریزەكانی یەپەگەوە بەردەوام بێت لە شەڕی دژ بە داعش لە ناوچەكانی تری رۆژئاوای كوردستان و سوریا.
ئێستاش هەردەم یەكێكە لەو شەڕڤانانەی كە بەشداری دوا شەڕە لە دژی داعش لە پارێزگای دێرزووری سوریا.
لە نێوان حەشدی شەعبی و یەپەگەدا
هەردەم دەربارەی پەیوەندیكردنی بەریزەكانی یەپەگەوە لەلێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی " رۆژنیوز" دەڵێت:" هەندێك باوەڕیان وایە كە چونكە من شیعە مەزهەبم، پەیوەندیم بە ریزەكانی حەشدی شەعبییەوە بكردایە، بەڵام من خۆمم لەنێو ریزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەلدا بینیەوە، چونكە ئەم یەكانە هەموو مەزهەب و پێكهاتە جیاوازەكانی لەخۆگرتووە و كار بۆ پاراستنیان دەكات".
هەردەم لە ریزەكانی یەپەگەدا بەشداری شەڕەكانی رزگاركردنی كۆبانێ، رەققە، شەدادی و دشیشەی كردووە و ئێستاش بە حەماسێكی زۆرەوە بەشداری دوا ئۆپەراسیۆنی شەڕڤانانە بۆسەر دواهەمین پێگەی داعش لە پارێزگای دێرزوور.
هەردەم موسا دەربارەی ئیرادەو ورەی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە دەڵێت:" ئێمە ورەو ئیرادەیەكی زۆر بەرز و بەهێزمان هەیە، هەموو هەوڵەكانمان چڕكردوەتەوە بۆئەوەی كۆتایی بە چەتەكانی داعش بهێنین".
هاوكات هەردەم دەربارەی هەڕەشەكانی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان ئاماژە بەوەدەدات كە پێویستە لەسەریان هەمیشە لە ئامادەباشیدابن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێك كە توركیا بیكاتە سەر ناوچەكە.
هێزەكانی پاراستی گەل " یەپەگە" تەمموزی 2012 لە رۆژئاوای كوردستان دامەزرێندراو لەماوەیەكی پێوانەییدا هەموو ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریای كۆنترۆڵكردو پاشان بووە بڕبڕەی پشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا بۆ شەڕی دژی داعش هاوكاریان دەكات.
بەهۆی ناووناوبانگییەوە ژمارەیەكی زۆر لە شەڕڤانانی بیانی لەسەرتاسەری جیهاندا پەیوەندییان بە یەپەگەوە كردووو ژمارەیەكی بەرچاویشیان لە شەڕەكانی دژ بە داعش و لە هێرشی توركیا بۆسەر كانتۆنی عەفرین گیانیان لەدەستداوە.