فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی سبەی پەرلەمان ناكەن
2019-02-25 12:25:00
(درەو میدیا):
بڕیارە سبەی كاتژمێر 11 ی بەیانی پەرلەمانی كوردستان بۆ پێكهێنانی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە، بەڵام فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری كۆبونەوەكە ناكات.
سەركۆ ئازاد گەڵاڵی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی بە "درەو میدیا"ی راگەیاند: بەشداری كۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی كوردستان ناكەن هەتا رێككەوتنی 5/2/2019 ی نێوان یەكێتی و پارتی جێبەجێ نەكرێت.
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد" نەدەبوو كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرایە بۆ پێكهێنانی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان پێكهێنانی لیژنەكان دەتوانرێت لە ماوەی 25 رۆژدا پێكبهێنرێت لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە، ئێستا تەنها 8 رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەماندا تێپەڕیوە".
سەركۆ ئازاد گەڵاڵی جەختیشیكردەوە"كە باوەڕیان وایە دەبێت خاڵێكی دیكە بۆ رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی زیادبكرێت بۆئەوەی رێگەبگیرێت لە كاركردن بە عەقڵیەتی زۆرینەو كەمینە لە پەرلەمانی كوردستاندا".
بڕیارە سبەی پەرلەمانی كوردستان لیژنەی یاسایی پێكبهێنێت كە زۆرینەی كارەكانی پەرلەمان بەبێ ئەو لیژنەیە جێبەجێ ناكرێن، لە لیژنەكەدا و شوێنی دوو ئەندام بۆ یەكێتی بەجێدەهێڵدرێت.