Draw Media

له‌باره‌ی به‌شداریكردنی سێ حزبه‌ ئیسلامییه‌كه‌وە 

له‌باره‌ی به‌شداریكردنی سێ حزبه‌ ئیسلامییه‌كه‌وە 

2019-02-23 19:59:39


سەرتیپ وەیسی كەریم 

له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا، دوور له‌ چاوی میدیاكان بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی دووكۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی ئه‌نجامداوه‌، یه‌كه‌میان هه‌فته‌ی ڕابردوو بوو له‌گه‌ڵ مه‌سعودبارزانی، كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌میشیان ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ بوو، له‌گه‌ڵ شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی وه‌ك یه‌كه‌م حزبی ئیسلامی له‌ كابینه‌ی داهاتوودا پۆستیان پێده‌درێت، به‌ڵام پۆسته‌كان له‌ خوار ئاستی وه‌زیر ده‌بێت، بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ش ئۆكه‌ی بارزانیان وه‌رگرتووه‌، هه‌ریه‌ك له‌ عبدالڵه‌ وه‌رتێ و كامل حاجی علی زۆرترین چانسیان هه‌یه‌ ئه‌و پۆستانه‌ وه‌رگرن.
یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌ لایه‌ن پارتیه‌وه‌ چه‌ندین جار به‌شێوه‌ی فه‌رمی داوایان لێكرا پێنه‌ ناو حكومه‌ت، به‌ڵام دواجار له‌ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوو، له‌ میانه‌ی دیداری نێوان بازانی و سه‌لاحه‌دین به‌هائه‌دین، ئه‌مینداری گشتیی دواپه‌یامی خۆی به‌ بازرانی گه‌یاند، كه‌ نایانه‌وێ به‌شداربن، ئه‌مه‌ش به‌ ته‌واوی ئه‌و شاندانه‌ی پارتی بێئومێد كرد، كه‌ سه‌ردانی ئه‌و حزبه‌یان ده‌كرد به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردنی ئه‌و حزبه‌ له‌ حكومه‌ت.
هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ره‌تادا پارتی سووربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌شداری حكومه‌ت نه‌كات، به‌ڵام له‌م كۆتایانه‌دا كۆمه‌ڵیش خرایه‌ ناو بازنه‌ی گفتووگۆكانی شاندی پارتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان و چه‌ند جارێكیش به‌ ناڕاسته‌وخۆو به‌ زاره‌كی داوایان لێكراوه‌، به‌ڵام له‌ دوای ڕێككه‌وتی پارتی و گۆڕان، له‌ ئێستادا شاندی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی بڕیاریانداوه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی ئیسلامی گفتووگۆنه‌كه‌ن، چونكه‌ پێیانوایه‌ : ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ بكه‌ونه‌ گفتووگۆ، ئه‌وا ئه‌و حزبه‌ به‌ حه‌وت كورسیه‌وه‌ داوای چه‌ند پۆستێك ده‌كات، له‌كاتێكدا پارتی و یه‌كێتیی گۆڕان زۆربه‌ی پۆسته‌كان ده‌به‌ن، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ بدرێت به‌ پێكهاته‌ی مه‌سیحی و شۆسالیست، هه‌ربۆیه‌ش باڵانسه‌كه‌ به‌شی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ناكات.
ڕه‌نگه‌ به‌ڵای هه‌ندێ كه‌سه‌وه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ له‌باره‌ی كۆمه‌ڵه‌وه‌ ده‌وترێ سه‌یربێت، به‌ڵام تازه‌ به‌ تازه‌ شاندی پارتی بۆی ده‌ركه‌وتووه‌، دابه‌شكردنی پۆسته‌كان به‌وشێوه‌یه‌ له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتیی و گۆڕان و چه‌ند لایه‌نێكی بچووكی نزیك له‌خۆیان، به‌شی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ناكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand