Draw Media

سیناریۆكانی رێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی

سیناریۆكانی رێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی

2019-02-23 12:47:20


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
مەسعود بارزانی بە ناردنی نامەیەك بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی، دەرگای گفتوگۆیەكی نوێی لەنێوان پارتی‌و یەكێتی كردەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا سیناریۆكانی چارەسەری كێشەی پۆستەكان لەنێوان پارتی‌و یەكێتی بڵاودەكاتەوە.
دواجار مەسعود بارزانی خۆی هاتەسەر خەت، نامەیەكی بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان نارد، مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەمڕۆ كۆدەبێتەوە.

ناوەڕۆكی نامەكەی بارزانی
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، نامەكەی بارزانی هیچ هەڵوێستێكی روونی لەبارەی چارەسەری كێشەكان تێدا نییە، بەتایبەتی پرسی دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەت‌و چارەنوسی كەركوك.
ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە وتی:" لە نامەكەیدا بارزانی نوسیویەتی پارتی‌و یەكێتی دوو هێزن كە بەرپرسیارێتییان لەسەرشانە، دەبێت مەكتەبی سیاسی هەردولایان كۆببنەوە‌و چارەسەری كێشەكان بكەن".
هەر لەنامەكەدا بارزانی باسی لەوەكردووە" هیچ شتێك لە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیدا نەگۆڕاوە‌و كۆبونەوەكەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستانیش تەنیا بۆ ئەوە بووە پرۆسەكە لەوە زیاتر دوانەكەوێت".
رۆژی 6ی ئەم مانگە، كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی لەگەڵ عیماد ئەحمەد‌و ئەرسەلان بایز سەردانی پیرمامیان كرد‌و لەگەڵ بارزانی كۆبونەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەو دیدارەدا بارزانی بە وەفدەكەی یەكێتی وتووە" ئەگەر پارتی‌و یەكێتی نەگەیشتنە رێككەوتن لەسەر پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، من خۆم دەستوەردان دەكەم‌و كێشەكان چارەسەر دەكەم"، ئەوكات وەفدەكەی یەكێتی پێیان وتووە" خۆت برا گەورە بە".
پێدەچێت نامە‌و دەستپێشخەرییەكەی بارزانی لەسەر بنەمای ئەو بەڵێنە بێت كە لە دیدارەكەی 6ی مانگی پیرمامدا خراوەتەڕوو.

پارتی دەترسێت !
بارزانی بە ناردی ئەو نامەیە بۆ یەكێتی، خۆی وەكو مەرجەعێكی سیاسی نمایش كرد، نەك وەكو سەرۆكی پارتی.
رەنگە بارزانی هەستی بەوەكردبێت، ئەگەر خۆی دەستپێشخەری نەكات بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ یەكێتی، دەبێت دواتر مل بە نێوەندگیری ئێرانییەكان بدات، ئەوەش بە زیان بۆ پێگەی پارتی كۆتایی دێت.
لەلایەكی ترەوە، پارتی هەستی بە جموجوڵەكانی یەكێتی كردووە لە بەغداد، بارزانی ترسی هەیە ئەگەر كێشەكان چارەسەر نەكرێن، یەكێتی لە بەغدادەوە پەنا بۆ لامەركەزیەتی ئیداری ببات‌و سلێمانی لە دەسەڵاتی هەولێر داببڕێت، ئەمەش رەنگە دواجار كۆتایی بە قەوارەی هەرێمی كوردسان بهێنێت، وەكو قەوارەیەكی دانپێدانراوی دەستوریی.
لەلایەكی ترەوە، ئەگەر پارتی‌و یەكێتی نەگەنە رێككەوتن، كێشە بۆ پرسی سەرۆكایەتی هەرێم دروست دەبێت‌و پرۆسەكە بەوشێوەیە بەڕێوەناچێت كە بارزانی دەیەوێت، بارزانی بۆ راگرتنی پارسەنگی بنەماڵەكەی، دەخوازێت پرسی پێكهێنانی حكومەت‌و سەرۆكایەتی هەرێم بەشێوەیەكی هاوتەریب بڕوات، واتە مەسرور بارزانی كوڕی‌و نێچیرڤان بارزانی برازای پێكەوە لە پۆستەكانیان دەستبەكاربن، یاخود لانی كەم لەماوەیەكی دیاریكراودا هەردوو دامەزراوەكە دەستبەكارببن.

چارەسەر‌و سیناریۆكان
پارتی هەنگاوێكی بە ئاڕاستەی چارەسەر لەگەڵ یەكێتی هەڵگرت، بەڵام تائێستا سورە لەسەر ئەوەی دەبێت بەر لە هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك، دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە، یەكێتیش داوای ئەوە دەكات سەرەتا پارێزگار هەڵبژێردرێت.
پێشبینی دەكرێت دواجار پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك بخرێتە دوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم‌و ئەوكات هەردوولا پێكەوە چارەسەری كێشەی كەركوك بكەن.
لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمیش یەكێتی بۆچونی لەسەر پۆستەكان گۆڕاوە‌و ئێستا داوای پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم‌و وەزارەتی ناوخۆ دەكات لەبری سەرۆكی پەرلەمان، ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر پارتی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلاكردوەتەوە.
پرسیارەكە ئەوەیە، پارتی‌و یەكێتی چۆن كێشەی پۆستەكان چارەسەر دەكەن ؟ بەپێی زانیارییەك كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پارتی دەست (درەو میدیا) كەوتووە، چەند سیناریۆیەك هەیە بۆ چارەسەری كێشەی پۆستەكان:
سیناریۆی یەكەم:
پارتی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بدات بە یەكێتی، پارتی رەنگە بەم هەنگاوە دوچاری كێشە نەبێت لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان (پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ گۆڕان یەكلابوەتەوە)، چونكە گۆڕان پێشتر لە دانوستانەكانیدا داوای پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كردووە، نەك جێگری سەرۆكی هەرێم، پارتی دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سەر خواستەكەی گۆڕان‌و قایلی بكات بە وەرگرتنی پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان لەبری پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم.
ئەگەر ئەم سیناریۆیە سەركەوتوو بێت، یەكێتی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم‌و جێگری سەرۆكی حكومەتی بەدەستەوە دەبێت لەگەڵ پۆستێكی وزاری دیكە، لەبەرامبەردا پارتی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە (سەرۆكی هەرێم- سەرۆكی حكومەت- سەرۆكی پەرلەمان).
سیناریۆی دووەم:
پارتی جێگری دووەم بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیاد بكات‌و ئەو پۆستە بدات بە یەكێتی، ئەوكات یەكێتی سەرۆكی پەرلەمان وەرناگرێت‌و لەبری ئەوە پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی پێدەدرێت، بەپێی ئەم سیناریۆیە، بەهەمان شێوە هەرسێ سەرۆكایەتیەكە بۆ پارتی دەبێت، بەڵام جێگری هەر سێ سەرۆكایەتییەكە لای یەكێتی دەبێت. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand