Draw Media

ئێران نێوەندگیری لەنێوان پارتی‌و یەكێتی دەكات

ئێران نێوەندگیری لەنێوان پارتی‌و یەكێتی دەكات

2019-02-21 19:34:19


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت

یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە میدیاكانییەوە باس لەوەدەكات لەبری پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، پۆستی سەرۆكی هەرێمی دەوێت، بەڵام بە كردار دەیەوێت پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەرگرێت كە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلابووەتەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری نوێ لەبارەی دواین هەڵوێستی یەكێتی ئاشكرا دەكات.
لەدوای كۆبونەوەكەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان، بڕیاربوو نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی سەردانی شاری سلێمانی بكات‌و لەگەڵ یەكێتی كۆببێتەوە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی لەبری سلێمانی سەردانی دەرەوەی وڵاتی كرد.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی ئێستا چیتر سەرەنجی لەسەر یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك نییە‌و دڵنیابووە لەوەی پارتی بەمزوانە مل بەخواستەكانی نادات، یەكێتی یەكلاكردنەوەی دۆسیەی پارێزگاری كەركوكی بۆ كاتێكی گونجاو هەڵگرتووە، ئەمەش لەكاتێكدایە هێشتا میدیاكانی یەكێتی جەخت لەسەر ئەوە دەكەن كە پاكێجی كەركوك لەگەڵ پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمدا یەكلابكرێتەوە.

یەكێتی چی دەوێت ؟
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لە یەكێتی نیشتمانی دەست (درەو میدیا) كەوتوون، ئێستا لەناو سەركردایەتی یەكێتیدا بۆچونێكی بەهێز دروستبووە كە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رەتدەكاتەوە، ئەوانەی ئەم بۆچونەیان هەیە باوەڕیانوایە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەم خولەدا هیچ دەستكەوتێكی بۆ یەكێتی نابێت‌و زیاتر سودی بۆ ئەو كەسە دەبێت كە پۆستەكە وەردەگرێت، بەوپێیەی هەردوو جێگرەكەی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی یەكلابوەتەوە‌و سەرباری ئەوە پارتی‌و هاوپەیمانەكانی لەناو پەرلەماندا زۆرینەی كورسییەكانیان بەدەستەوەیە، ئەمە جگە لەو ململانێی توندەی لەنێوان باڵەكانی یەكێتیدا لەسەر یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان (بێگەرد تاڵەبانی- رێواس فایەق) دروستبووە.
پرسیارەكە ئەوەیە، ئەگەر یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی ناوێت، چی دەوێت ؟ چەند سەرچاوەیەكی جیاواز بۆ (درەو میدیا) پشتڕاستیانكردەوە، ئێستا بۆچونی بەهێز لە مەكتەبی سیاسی ئەوەیە، یەكێتی لەبری پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، چەند پۆستێكی سیادی تر وەرگرێت، تا لانی كەم لەو رێگەیەوە پارسەنگێك لەنێوان باڵە جیاوازەكانی حزبدا رابگیرێت.
بەرپرسێكی باڵای یەكێتی كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، یەكێتی لەبری پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، دەیەوێت پۆستی وەزارەتی (ناوخۆ‌و پێشمەرگە)‌و پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەرگرێت، ئەمە سەرەڕای پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت كە وایانداناوە بۆ یەكێتی یەكلابوەتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە پێشتر پارتی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان داناوە‌و لەسەر ئەو بابەتە رێككەوتن ئیمزاكراوە. 

یەكێتی سەرۆكی هەرێمی دەوێت ؟
دوای ئەوەی پارتی رۆژی 18ی مانگ بەبێ یەكێتی كۆبونەوەی پەرلەمانی كرد‌و دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژارد، هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی پرسی سەرۆكایەتی هەرێمیان هێنایە ناوەوە‌و رایانگەیاند" یەكێتی لەبری پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، پۆستی سەرۆكی هەرێمی دەوێت".
ئایا یەكێتی بەڕاستی پۆستی سەرۆكی هەرێمی دەوێت ؟ بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا) ئەو بەرپرسانەی یەكێتی كە باسی سەرۆكایەتی هەرێمیان هێناوەتەگۆڕێ، خۆشیان لەوە دڵنیان پارتی ئەو پۆستە بە یەكێتی نادات، بەڵام بۆچی دەبێت ئەم بابەتە بوروژێندرێت ؟
سەركردەكانی یەكێتی بەتەواوەتی لەوە تێگەیشتوون كە پۆستی سەرۆكی هەرێم چ بایەخێكی ژیاریی بۆ پارتی هەیە، بۆیە دەست بۆ ئەو پۆستە دەبەن، لە ساڵی 2005وە پارتی خاڵی لاوازی خۆی بۆ یەكێتی ئاشكراكرد، كاتێك مەسعود بارزانی بە مام جەلالی وتبوو، ئەوان لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق تەنیا بە پۆستی سەرۆكی هەرێم قایل نین‌و دەبێت سەرۆكایەتی حكومەتیشیان پێبدرێت، چونكە ئەوان كێشەی بنەماڵەییان هەیە‌و ئەو (بارزانی) ناتوانێت بەبێ زامنكردنی پۆستێك بۆ برازاكەی (نێچیرڤان بارزانی)، پۆستی سەرۆكی هەرێم وەرگرێت (نەوشیروان مستەفا لە یادەوەرییەكانی خۆیدا ئەم چیرۆكەی نوسیوەتەوە).
ئێستا پارتی لە هەمان دۆخی ساڵی 2005دایە، مەسعود بارزانی كشاوەتەوە‌و لەبری خۆی مەسرور بارزانی كوڕی هێناوەتە پێش‌و كاندیدی كردووە بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بەمە بارزانی كۆتایی بە 18 ساڵ تەمەنی نێچیرڤان بارزانی هێنا لە سەرۆكایەتی حكومەت، بەڵام ئەركێكی گەورەشی كەوتەئەستۆ كە دەبێت پۆستێكی نوێ بۆ برازاكەی زامن بكات.
داواكردنی پۆستی سەرۆكی هەرێم لەلایەن هەندێك لەسەركردەكانی یەكێتییەوە تەنیا یاریكردنە لەسەر تەوەرە هەستیارەكەی پارتی‌و رەنگە ئاكامێكی نەبێ، بەڵام ئەمە رەنگە پارتییەكان قەڵس بكات.

ئێرانییەكان دێنە ناوەوە
رەنگە قۆناغی نوێی دانوستانەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەنێوەندگیری ئێرانییەكان بەڕێوەبچێت.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئێستا ئێرانییەكان لە پشتی پەردە كار لەسەر لێكنزیككردنەوەی پارتی‌و یەكێتی دەكەن، بەتایبەتیش دوای ئەوەی هەردوولا لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان تاڕادەیەك گەیشتنە بنبەست.
چارەسەری كۆتایی كێشەی یەكێتی‌و پارتی، جێپەنجەی سیاسەتی ئێرانییەكانی پێوە دیاردەبێت.

پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم
لەدوای ئەوەی پارتی بەبێ بەشداریكردنی یەكێتی رۆژی 18ی مانگ كۆبونەوەی پەرلەمانی كرد‌و، هاوكات پارتی سوربوو لەسەر ئەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمیش هەمواربكاتەوە، بۆئەوەش سەرۆكی پەرلەمان (ڤالا فەرید) چەند هەنگاوێكی نا بە ئاڕاستەی دروستكردنی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمان، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) پارتی هەنگاوەكانی دروستكردنی لیژنەكانی پەرلەمانی راگرتووە، تائەوكاتەی لەگەڵ یەكێتی كێشەكانی چارەسەر دەكات، ئەمەش پەرەسەندنێكی ئەرێنییە لە پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتی، بەڵام پێناچێت درێژەبكێشێت، ئەگەر بەزویی هەردولا نەگەنە چارەسەر، پارتی هەنگاوەكانی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بەبێ یەكێتی دەستپێدەكاتەوە.

مانۆڕەكەی یەكێتی !
لە یەكەم كاردانەوەدا دژ بە پارتی دوای كۆبونەوەكەی 18ی مانگی پەرلەمان، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی‌و ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی مانۆڕێكی جەماوەرییان كرد، لەو مانۆڕەدا كۆسرەت رەسوڵ عەلی هەندێك توندتر لە جاران بەرامبەر بە پارتی قسەی كرد.
باڤڵ تاڵەبانی‌و قوباد تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی‌و زۆرێك لە سەركردە دیارەكانی تری یەكێتی بەشدارییان لەو كۆبونەوە جەماوەرییەدا نەكرد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، زۆرێك لە سەركردەكانی یەكێتی لەو كۆبونەوە جەماوەرییە نیگەران بوون‌و رەخنەیان هەیە، چونكە بەوتەی ئەوان كۆبونەوەكە نەیتوانیوە وەكو پێویست نیگەرانی لایەنگرانی یەكێتی دوای كۆبونەوەكەی پەرلەمان بڕەوێنێتەوە‌و سەرباری ئەوەش هێچ هەڵوێستێكی سیاسی نوێی تێدا رانەگەیەندراوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand